عەڤدالی زەینک.. ئەو دەنگبێژەی مێژوو لەیادی کردووە

بە ئەفسانەی دەنگبێژیی کوردیی دەناسرێت و خاوەنی هەزاران بەرهەم و ڕێچکەی هونەریی تایبەت بەخۆیەتی، سەرباری ئەوەی خەزێنەیەکی دەوڵەمەندە لە هونەر و دەنگبێژیی، بەڵام مێژوو بێدەنگیی لێکردووە و کەم جار ناوی دەکەوێتە ناو ناوان.
عەڤدالی زەینک، هونەرمەند و دەنگبێژێکی دیاری باکووری کوردستان، کە لە ماوەی تەمەنیدا هەزاران دەنگبێژیی و بەرهەمی هونەریی وتووەتەوە و زۆرینەی بەرهەمەکانی بەهۆی ئەوەی تۆمار نەکراون، ئەمڕۆ لەناوچوون.

یەکێکە لەو هونەرمەندە دێرینانەی کەمترین زانیاریی لەبارەی ژیانییەوە هەیە و گومناوە لە مێژوودا، بەڵام هێندەی سەرچاوە مێژووییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٨٠٠ی زاینیی لە گوندی جەمالوێردی سەر بە دووتاخ کە ئێستا سەر بە شاری ئاگریی باکووری کوردستانە، لەدایکبووە.

سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، کە عەڤداڵ زیاتر لە ١١٠ ساڵ ژیاوە و لە ساڵی ١٩١٣ لە گوندی قانجیان-ی سەر بە قەرەیازی گیانی لەدەستداوە.

باوکی عەڤدال هەر لە تەمەنی لاوێتییدا گیانی لەدەستداوە، بەوهۆیەوە عەڤدال بەناوی دایکییەوە “زەینەب” یاخود “زەینک” بانگکراوە.

عەڤدال هەڵگری چەند ناسناوێکی وەک “باوکی تەمۆ”، “پسپۆڕی قوڵنگەکان”، “مەمەد پاشای دەنگبێژی سرمەلی” و چەندین ناسناوی دیکەی هەبووە، لە چەندین ناوچەی تورکیا و باکووری کوردستان و ئێران ژیاوە، لەوانەش؛ ئەدەنە، ئامەد، دێرسیم، نەخشیوان، مەڵازگرت و زێتکا.
لە ماوەی ژیانی عەڤدالدا بەردەوام شەڕ لە نێوان هۆزە کوردییەکان هەبووە، هەربۆیە عەڤدال هونەرەکەی خستووەتە خزمەتی یەکڕیزییەوە و چووەتە دیوەخانی سەرۆک هۆزەکان و گۆرانیی وتووە، گۆرانکارییەکانیشی باسکردن بوون لە ئاشتیی و یەکڕیزیی و پێکەوەژیان.

بەهۆی ئەوەی هونەرەکەی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی ئاشتەوایی لەناو هۆزە کوردییەکان، دەوڵەتی عوسمانیی بە پیلان چاوی عەڤدال کوێر دەکەن، لەوە بەدەوا لە دیوەخانی سەرۆک هۆزەکانیشدا دەردەکرێت و چیتر گوێ لە بەرهەمەکانی ناگیرێت.

عەڤدال لەگەڵ “گولێ”ی دەنگبێژ هاوسەرگیریی کردووە، کە بەڕەچەڵەک ئەرمەنیی بووە، کوڕێکی بەناوی “تەمۆ” هەبووە، کە لە هاوسەرەکەی نەبووە، بەڵکو دۆزیویەتییەوە بردوویەتییەوە و کردوویەتی بە کوڕی خۆی، وەک لە گۆرانییەکانیدا باسی کردووە، تەمۆی لەناو دارستانێکدا دۆزیوەتەوە و بردوویەتییەوە بۆ ماڵەوە.

دوای چەند ساڵێک تەمۆی کوڕی عەڤدال دەبات بۆ ئێران و چارەسەری چاوەکانی دەکەن و بینایی بۆ دەگێڕنەوە، بەڵام ئیدی پیر دەبێت و وەک خۆی لە دەنگبێژییەکیدا دەڵێت “با مردن هەبووایە، بەڵام پیربوون نەبوایە”.

لە ماوەی ژیانیدا عەڤدال هەزاران گۆرانیی وتووە، بەڵام زۆرینەیان نەماون یاخود گوێیان لێ ناگیرێت. جەلادەت عەلی بەدرخان هەوڵدەدات بەشێک لە گۆرانکارییەکانی عەڤدال تۆماربکاتەوە، بۆ ئەوەش داوای هاوکاریی لە دەنگبێژی بەناوبانگ “ئەحمەد فەرمان کی کی” دەکات، بەڵام هەوڵەکەی زۆر سەرناگرێت.

هونەرمەندان پێیان وایە، زۆرینەی ئەوانەی لەدوای عەڤدالی زەینکەوە دەنگبێژییان وتووە، لەسەر ڕێچکەی ئەو ڕۆشتوون و هۆنراوە و ئاوازەکانی ئەویان وەک بنەمای کارەکانیان وەرگرتووە.

لە ماوەی ڕابردووشدا گروپی هونەرگەی وڵات لە ڕۆژئاوای کوردستان شانۆگەرییەکیان لەسەر ژیان و هونەری عەڤدالی زەینک نمایشکرد و شانۆگەرییەکەشیان وەک دۆکیۆمێنتارییەک تۆمارکردووە، کە تێیدا چەندین هونەرمەند هەڵسەنگاندن بۆ ژیان و بەرهەمەکانی عەڤدالی زەینک دەکەن.

بەرهەم لەتیف

سەرچاوە: rojnews