زیرەک کەمال
نیوەڕۆیەكی تاقەت پڕۆكێنی گەرم لەماڵەوە دانیشتبووم، گەرماو بێ كارەبایی تەنگی پێهەڵچنیبووم، لەپڕ زەنگی دەرگای ماڵەوەمان لێیدا، كچە بچووكەكەم چوو بزانی كێیە، دوای كەمێك هاتەوە گووتی بابەگیان پیاوێكی ڕیش سپی ئەو زەرفەی دایەدەستم گووتی بیدە باوكت، منیش سەیرم كرد لەسەر زەرفەكە نووسرابوو لە ڕێگای زیرەك كەمال بگات بەدەستی ماڵپەڕ و هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان، منیش بەئەمانەتەوە بۆیانم نارد.
دەقی وتارەكە: -دوێنێ لەماڵەوە دانیشتبووم ناسكەی هاوسەرم ئەگەرچی نەخوێندەوارەو تابڵێی خۆشم دەوێ، ناسكە سەری هاروماری لەلایە، بەردەوام حەزی لەپرسیاری زۆرەو دەموجەم و شەوڕۆژی بۆنییە، زێی سیروان لەڕۆیشتن بوەستێت و كەشناسی هەرێم لەپێشبینیە هەڵەكانی وازبێنێت ، سەلام عومەری شاعیر واز لەجنێوە خۆشەكانی بێنێت، هێرش مەغدیدی مامۆستا لەپێكەنین و ڕووی خۆش بكەوێت، خاڵەخولەی تێكۆشەر لەنوكتەو قسەی خۆش وازبێنێت، ناسكەی من لەپرسیاركردن ناوەستێت، بەردەوام بەقەد بی بی سی هەواڵ وزانیاری لەلایە.
دوێنێ ناسكە لێی پرسیم ئەرێ پیاوەكە مەبەستی پیاوە خاوەن چوار ژنەكە چی بوو كە عەلمانییەكانی بەخراپ ناودەبرد؟ منیش گووتم ناسكە چیتداوە لەم قسەوباسانە؟ كەچی ناسكە پێی لەكەوشان هەڵكێشاو چووە سەركەدی دارێ، گووتی ئیللاو بیللا دەبی پێم بڵێی عەلمانیەت چییە؟ منیش گووتم مرۆڤی عەلمانی دژی ئەو كەسانەیە كە ئافرەتێكی گەنجی بە مێرد كە لای ئەو قوتابی بێت، بەڵام ئەو بەپارەو قسەی باق و بریق هەڵیخەڵەتێنن و، دواتر لەمێردەكەی بەتەڵاقی بداتو بەزۆر بیكاتە هاوسەری خۆی، ناسكە گووتی چیتر؟ گووتم عەلمانییەت دژی ئەو كەسانەیە كە بەڕووی دەرەوەدا سیماو جل وبەرگ و ڕوخسارێكی ماقووڵت هەبێت، خۆت بەڕێنوێن و ئامۆژگاری خەڵك بزانی، كەچی لەژێرەوە ڕاپۆرت لە دژی پیاوانی ئاینی و هاوپیشەكانت بدەیە دەزگا نهێنییەكان و قوڕێكی خەستیان بۆبگریتەوەو خوێنیان بكەیتە كاسەوە.
دیسان ناسكەی خێزانم پرسی چیتر؟ گووتم عەلمانییەت بریتیە لە وەستانەوە لەدژی ئەوانەی بەقسەو وتاری ئاگرین باسی گەندەڵی و بەهەدەردانی موڵك و ماڵ و سامانی گشتی دەكەن، كەچی دەچنە لای گەورەی وڵات و دەستی بۆ بەسینگەوە دەگرن و ئیكلامی بۆدەكێشن، گەورەی وڵاتیش لەبەرامبەر ئەوەدا ئوتومبێلی گوللە نەبڕیان بۆدەكڕێت و مانگاناشە مووچەی وەزیرێكیان بۆدەبڕێتەوە.
ناسكە گووتی چیترو كێن ئەوانەی بەم شێوەیە باسی تازەگەری دەكەن؟ گووتم ئەوانەن دایك و باوكمان و من وتۆو جەمیعی موسڵمانان بەكافر دەزانن و عەلمانییەت بە كوفر دەزانن، كەچی بەپارەی دەسەڵاتی عەلمانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن دادەنێن و شەوو ڕۆژ ژەهری جەهل و نەزانی دەرخواردی كۆمەڵگا دەدەن .
دواتر كامەرانی كوڕم ئەگەرچی حەز بەسیاسەت ناكات، بەڵام زۆر حەزدەكات سەروكارو سەراوردی لەگەڵ چەمكە فیكرییەكان هەبێت، لێی پرسیم باوكە بەڕاستی دەمەوێت لەبارەی عەلمانسیەت قسەم بۆبكەی؟ منیش گووتم كوڕم عەلمەنییەت بریتییە لە بێلایەنی كردن و دوورخستنەوەی حكومەت و دەسەڵات و دەوڵەت لە پرسە فیكری و سیاسی و ئاینییەكان، چونكە عەلمانییەت چەترێكە ئازادی سیاسی و ئاینی و فیكری بۆ هەمووان فەراهەم و دەستەبەر دەكات، عەلمانییەت بریتییە لەپاراستنی كەمینە نەتەوەیی و ئاینی و ئیتنیكییەكان لە دەستی زوڵمی زۆرینە.
كوڕی خۆم با لەم بارەیەوە نمونەیەكت بۆبهێنمەوە، چونكە ئیسلام لە هیندستان كەمینەیە بۆیە حزبە ئیسلامییەكانی ئەم وڵاتە دروشمی سەرەكیان لەهەموو هەڵبژاردنێكدا پەرەپێدان و بەهێزكردنی سیستەمی عەلمانییەتە لەو وڵاتە، نموونەیەكی تر، لە ڕوانداو بۆرما تا دەساڵات لەدەست عەلمانییەكان بوو موسڵمانان بەوپەڕی ئازادی ڕێوڕەسمی ئاینی خۆیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام كاتێك دەسڵات كەوتە دەست بودییەكان و دەسەڵات لەعەلمانییەوە بووە دەساڵاتی ئاینی بودی، ئیدی هەڵمەتی كوشتن و ڕاوەدوونان دژی كەمینەی موسڵمانان دەستی پێكردو لە چەندین شوێن قەسابخانەیان بۆخەڵكی موسڵمان دانا.
كوڕەكەم، زانای گەورەی ئێران وجیهان وئیسلام عەلی شەریعەتی وەها پەسەندی عەلمانییەت دەكات دەڵێت: ئایین بۆ ئەوەهات بە مرۆڤ بڵێت تۆ خوانیت، عەلمانیەتیش بۆئەوە هات بەمرۆڤ بڵێت تۆ نوێنەری خوانیت، عەلمانییەت برتییە لە ماڵینی پیرۆزی لەبەر دەسەڵات و سیاسەت و هەموو ئەوانەی حوكمڕانی سیاسی و ئیداری وڵات دەكەن، عەلمانییەت بریتییە لە بەڕێژەیی كردنی قەناعەت و چەمكە فیكرییەكان و دوورخستنەوەی كێشەو ململانێیەكان لە بەرگی پیرۆزی بەسەرزەمینی كردنی كێشەكان.
كوڕم كامەران، ڕاشكاوانەتر بیڵێم عەلمانییەت بریتیەلە دەستەبەركردنی ئازادی ئاینی و سیاسی و نەتەوەیی بۆ هەمووان و دوور خستنەوەی جیاوازییەكان لە پێكدانان و شەڕو ترس و تۆقاندن.
دواتر كوڕەكەم گووتی ئەی كەوایە عەلمانییەت ئاوا پێویست و زەڕووڕیە بۆ خەڵكانێك دەڵێن عەلمانییەت هیچ قیمەتی نییە؟ منیش گووتم ئەوانە كێشەیان لەگەڵ ژیان هەیە، كێشەیان لەگەڵ جوانی و ژن هەیە، ئەوانە كە ناوی ژن دێت تووشی فۆبیاو شێتگری دەبن و كەچی سێ ژن و چوار ژن دەهێنن و هەشیانە بۆئەوەی ئافرەتی بەمێرد لەپیاوەكەی بە تەڵاقدایی بكەن دەكەونە سەرتاكێك پێڵاو.
دیسان هاوسەرەكەم كە هاژە لەتاڤگەی بێخاڵ ببڕێت پرسیار لەو نابڕێت گووتی: پیاوەكە ئەی پیاوە چوارژندارەكە بۆ ئاوا باسی عەلمانییەتی كرد و یەكسانی كرد بەهیچ ؟ منیش گووتم: ئەوانەی عەلمانییەت یەكسان دەكەن بە هیچ ئەوانەن كە ئافرەت بە ناقیس ئەلعەقڵ و زەعیفە دەزانن، كەچی بۆ گەیشتن بە ئافرەتێكی خاوەن مێرد دەنوزێنەوەو دەگریێن وەكو دمنداڵ دەكروزێنەوەو لەبەردەمیان خۆیان دەكەن بەخاك و خۆڵ. دواتر وتم ناسكە وازبێنە ئیدی دەخەوم، كەچی وازی نەهێناو گووتی ئیللا قسەی كۆتاییم دەوێت و پێم بڵێ ئەوانە چیترن؟ منیش گووتم ئەوانەن بەسووك سەیری ئافرەتو جوانی و ژیان و فیكری پێشكەوتووخوازی دەكەن، ئەوانەن كە دایكە ئیماندارەكەم دوای هەموو نوێژێك دەیگووت خوایە بمانپارێزی لە هێرشی ئەو دڕندانەی بۆ پاسەوانی دانراون.
دواجار كوڕەكەم گووتی ئا باوكە بیرم چوو پێت بڵێم دوێنێ لەپرسەی هاوڕێیەكم پێڵاوەكەمیان دزی، منیش گووتم كوڕی خۆم دڵنیابە ئەوانەی دزیویانە كە جوانی یەكسان دەكەن بەتاكێك پێڵاو.
سەرچاوە : سپی میدیا