عەلائەددین سەججادی (1907–1984) بە ناوی تەواوی عەلائەددین نەجمەدین حیسامەدین، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ھاوچەرخی کورد بووە.
بەپێی ناسنامە نیشتمانییەکەی ساڵی 1907 لە دێی باراوی لای بەرزەنجە ھاتووەتە دنیاوە. بەڵام ھەندێ سەرچاوەی تر شوێنی لەدایکبوونی بە گەڕەکی قەتارچییان لە شاری سنە دادەنێن. سێ ساڵ لە ڕەواندوز و باڵەک خوێندوویەتی و بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئایینی ساڵی 1923 ھاتووەتە سلێمانی و لەمزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە بووە بەفەقێ... ساڵی 1938 ئیجازەی مەلایەتی لە شێخ بابە عەلی تەکێ وەرگرتووە، و پاشان ڕوویکردووەتە شاری بەغدا لە مزگەوتی نەعیمە خاتوون لە گەڕەکی بەناوبانگی مەیدان بە پێشنوێژ دامەزراو. لە گۆڤاری گەلاوێژ دا تا ساڵی 1949 کەسی دووەمی گۆڤارەکە بووەو لە یانەی (سەرکەوتن)یشدا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. لە دوایی کودەتا سەربازییەکەی 14ی تەممووزی ساڵی 1958 لە بەغدا لە ساڵی 1959 تا ساڵی 1974 لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا مامۆستای ئەدەب و مێژووی ئەدەبی کوردی بووە. ساڵی 1972 بووە بە ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد. لەو ساڵەدا کە بەیانی 11ی ئازاری 1970 سەری نەگرت و نێوانی دەسەڵاتی بەغدا و ڕاپەڕینی نیشتمانی کورد تێکچوو، سەجادی ساڵی 1974 کرا بە ئەمینداری گشتی ئەوقاف (بەپلەی وەزیر) ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) کوردستانی باشوور لە شاری هەولێر. سەجادی لەلایەک ئەمەی پێ خۆش بوو چونکە سوودی دارایی بۆی هەبوو، لەلایەکی ترەوە پێی ناخۆش بوو چونکە ئەو دەسەڵاتەی ئەو کارەی پێ سپارد بوو لە دژی کورد و فەرمانڕەوایی شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی 1961 بوو. بە هەموو جۆرێک سەجادی دەیتوانی ئەم کارە نەکات. لەو پۆستە گەورەیەی میری مایەوە تا ساڵی 1977 ئینجا خانەنشین کرا. لە دوای ئەوە گەڕایەوە بەغدا و کەوتە سەر کۆتایی هێنان بەو پڕۆژانەی بەرنامەی بۆ دانابوون لە بابەتی ئەدەبی کوردییەوە. کوژرانی کوڕی گەورەی لە شەڕی ئێران و عراق (1980 ― 1988) پشتی شکاند و هێزی لێ بڕی و لە پەلوپۆی خست توانای توانای نووسین و لێکۆڵینەوەی کەم بووەوە تا لە ڕۆژی 13ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1984 لە بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بەخاک سپێردرا.
بەرھەمەکان:
ڕشتەی مرواری
مێژووی ئەدەبی کوردی
دەقەکانی ئەدەبی کوردی
مێژووی ڕاپەڕینی کورد
گیتی زیندەوەر
گەشتێک لە کوردستانا
ڕۆژنامەوانی:
گۆڤاری گەلاوێژ|
گۆڤاری نزار