عەبدوڵا پەشێو بۆ سەردەشت عوسمان:
لەو ساتەوە
کە هاتن و
دار چنارە شیکەکەیان لوولدا و ڕفاند،
لەو ساتەوە
کە هاتن و
گوڵەجۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند،
کۆتری خەم
هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ؛
کۆڕی پرسەی هەمووان تەواو،
پرسەکەی من
بەردەوامە و هەر جمەی دێ!
داخی ئەوەم لە دڵدایە،
نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم:
“ئاگاداربە!
لەم وڵاتە،
ئەوەی قەڵەم چۆڵەچرا و ئاورگی بێ،
دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قوڕگی بێ!”
نە دەزانم،
نە دەشپرسم،
کێ بوون دابارینە سەری؟!
ئیدی بۆ من وەکوو یەکە:
بنیادەم بوون یان کەمتیار؛
بەچی هاتن؟
بە جامڕەشێک یان بە جامڕوون؟
بێ نمرە بوون یان نمرەدار؟!
ئیدی بۆ من وەکوو یەکە!
بەڵام پرسیم،
پرسیم و دیسان دەپرسم:
ئەو سبەینەی
نرکە و گۆڵەی ئەو هەورەیان مت و کڕ کرد،
ئەو سبەینەی
ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد،
ئەوێ ڕۆژێ
یاسای سەروەر،
بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چووبووە کەمین؟
گیرفانی کێی دەپشکنی؟
لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟!
هەر پرسیم و پرسیمەوە…
هەندێ دەڵێن:
“یاسای سەروەر
مایەسیری گیری دابوو، دوورەدەست بوو.”
هەندێک دەڵێن:
“زۆر سەرقاڵ بوو،
شوورەی دەوری کۆشک و سەرای هەڵدەچنی،
خەمی خەست بوو.”
هەندێک دەڵێن:
“ئاسمانی ژوور،
باخەکەی خۆی تەلبەند دەکرد،
لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو.”
هەندێ دەڵێن:
“نەخێر، بێشکەی
حکوومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی،
ناوەناوە دایبییەکی لەپێ دەکرد،
ناوەناوە دایبییەکی دادەکەنی!”
هەندێک دەڵێن:
“نا، ئەو ڕۆژە
بە شەرابی زەماوەندی بە شوودانی کەرکووک مەست بوو!”
هەندێ دەڵێن:
“لە بانکێکا پارەی دەژمارد،
لەبەر چاوی ڕژدی ئەغیار
سڵ و سرک و لەسەر هەست بوو.”
منیش دەڵێم:
“کەس نەیزانی،
یاسای سەروەر زگی دەچوو،
لە ئاودەست بوو!”
عبدالله پەشێو.
هێلسنکی.
٢/٦/٢٠١١.
لە دیوانی:
سەوڵم پۆڵایە و کەناریش دوور.