عێراق لەبەردەم یەك بژاردەیەی ئەمریكادایە و هیچ بژاردەی دیكەی نییە

 

 

 

 

 

 

سەرتیپ جەوهەر

 

كۆمپانیای سۆمۆ و بانكی رافیدەین لەبەردەم سزاكانی ئەمریكادان

بەرپرسانی عێراق لەبەردەم سزای ئەمریكادان، لەنێوانیاندا فایەق زێدان و نوری مالكی

ئەگەر عێراق پابەندی مەرجەكانی ئەمریكا نەبێت، رووبەرووی دۆخێكی ئابوریی زۆرخراپ دەبێتەوە

 

چاوەڕوان دەكرێت ئیدارەی نوێی ئەمریكا فشارەكانی لەسەر بەغدا زیاتر بكات و رۆڵ و كاریگەریی ئێران لە عێراق بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كەمتربكاتەوە. ئەو فشارەی ئەمریكا لەسەر عێراق، لە بنەڕەتدا فشارە لەسەر ئێران. پێشبینی دەكرێت لە نزیكترین كاتدا ئەمریكا زنجیرەیەك ڕێكار دژی عیراق بگرێتەبەر كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر باری ئابوریی و سیاسی عێراق و دواتر ئێرانیش دەبێت. بە كورتی عێراق لەبەردەم تەنها یەك بژاردەدایە، بژاردەی دووەمی نییە.

ڕۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەو ڕێگەپێدانەی سەر عێراقی هەڵوەشاندەوە بۆ كڕینی كارەبا و گازی سروشتیی لە ئێران بەوپێیەی تاران لەو ڕێگەیەوە ساڵانە ملیارەها دراوی دۆلاری دەستدەكەوێت. هەروەك پێشبینی دەكرێت ئەگەر عێراق پابەندی مەرج و داواكارییەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا نەبێت، سزای توندی بەسەردا دەسەپێنرێت.

مەرجەكانی ئەمریكا لەسەر عێراق بۆ رێگریكردن لە سزاكانی، سێ‌ تەوەری سەرەكیی لەخۆدەگرێت؛ یەكەمیان: هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەكدارەكان كە مەبەست لێی حەشدی شەعبیی و گروپە چەكدارییە نا نیزامیەكان و ئەو گروپانەیە كە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەكرێن.

دووەمیان: زیادكردنی چاودێریی سەر كەرتی بانكیی و توندتركردنی رێكارەكانی رێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار و سپیكردنەوەی پارەیە بۆ ئێران. هەروەك لە لەحوزەیرانی 2023 وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا 14 بانكی عێراقی خستە لیستی رەشەوە و ترسێكی زۆری لای حكومەتی عێراق دروستكرد.

سێیەمیشیان؛ پابەندبوونە بەسزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە بەسەر ئێراندا و بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە پرسی مامەڵەی دارایی كڕینی وزەوە هەیە لە ئێران.

لەبەرامبەردا ڕێكارەكانی ئەمریكا بەرامبەر عێراق، سزای جیاواز لە خۆدەگرێت دژ بە ژمارەیەك دامەزراوە و هاوكات كەسایەتی سیاسی و ئەمنی كە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام سەپاندنی سزاكان بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی عێراقەوە بەمەرجەكانی ئەمریكاوە.

ئەو دامەزراوانەی لەنێو سێرەی سزاكانی ئەمریكادان لە پێشی هەموویانەوە دوو دامەزراوەی گرنگن، یەكەمیان كۆمپانیای سۆمۆیە بۆ فرۆشتنی نەوت و دوومیشیان بانكی رافیدەینە.

ئەگەر ئەمریكا سزا بخاتە سەر ئەو دوو دامەزراوەیە، بە دڵنیاییەوە عێراق رووبەرووی دۆخێكی شپرزە و خراپ دەبێتەوە. لەلایەك داهاتی زۆر كەم دەكات چونكە بەشێوەیەكی سەرەكیی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، لەلایەكی دیكەوە بانكی رافیدەین کە بانكی سەرەكیی گۆڕینەوە و دابەشكردنی موچەیە لە عێراق، ئەگەر ئالوگۆڕی دراوی لێ‌ سنوردار بكرێت ئەوا ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەران دابەشبكرێت.

سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر قەوارە و كەسایەتیی سیاسیشدا، قسەوباسی زۆر هەیە. ئەو ناوانەی كە لە ناوەندەكانی عێراق و ئەمریكا باسیان دەكرێت ئەمانەن:

١ــ نوری مالكیی؛ سەرۆكوەزیرانیی پێشوتری عێراق. پێشتریش جۆی وێڵسن ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوایكردبوو نوری مالكی سزابدرێت بە تۆمەتی هاندانی میلیشیا چەكدارەكان بۆ شەڕكردن لە سوریا لە دوای رووخانی ئەسەد.

 ٢ــ فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، بە تۆمەتی رەخساندنی زەمینەی سەپاندنی هەژموون بۆ ئێران و دەركردنی زنجیرەیەك بڕیار لە بەرژەوەندی ئێران. پێشتریش لە 2024 مایك واڵتز ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا داوای سزادانی كردبوو بە تۆمەتی بوون بە داردەستی ئێران.

٣ــ هادی عامری؛ سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و بەرپرسی هێزی بەدر.

٤ــ ئەبو فەدەك محەمەداوی؛ سەرۆكی ئەركانی حەشدی شەعبی.

٥ــ محەمەد كازم ئال سوەییف ناسراو بە (ئەبو فەدەك)؛ کە یەكێكە لە سەردەستەكانی حزبوڵلای عێراق.

جگە لەو ناوانەی سەرەوە، بەدڵنیاییەوە لیستی سزاكان ناوی دیكە لەخۆدەگرێت، بەڵام دیار نین كێن. لیستی ناوەكان دەوەستێتە سەر ئەو راپۆرتەی لەبارەی هاوكارانی ئێرانەوە لە عێراق ئامادە دەكرێت، بەتایبەت ئەوانەی لەچوارچێوەی ئەجێندای ئێران هەڵسوكەوت دەكەن.

سزای سەر كەسایەتییەكان وەك چاوەڕواندەكرێت بریتی دەبێت لە قەدەغەكردن یان سنورداركردنی هاتوچۆ لەنێوان وڵاتان، هاوكات بلۆككردنی پارەكانیان و رێگریكردن لە بازرگانیكردن، هاوكات بەرتەسككردنەوەی جموجۆڵی سیاسیان.

لەدوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ فشارەكانی سەر عێراق زۆر زیاتر بووە، لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد كۆبونەوە و دیداری زۆر لەنێوان بەرپرسانی حكومەت و بەرپرسانی حەشدی شەعبیدا بووە، بەڵام تائێستا بۆ پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

لەبەرامبەردا لە ئەمریكا راپۆرتی شیكاریی پێشنیار لەبارەی سەپاندنی سزاوە بەسەر عێراقدا ئامادە دەكرێت، بەڵام بەتەواوی سزاكان چی دەبن و چۆن دەبن دیار نییە.

پێشتر وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزای سەپاندووە بەسەر ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی سیاسی و ئەمنیدا لە عێراق، لەوانە:

١ــ قەیس خەزعەلی سەردەستەی عەسائیبی ئەهلی حەق

٢ــ لەیس خەزعەلی برای قەیس خەزعەلی

٣ــ فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی

٤ــ حسێن فالح لامی ناسراو بە ئەبو زەینەب – بەرپرسی حەشدی شەعبی

٥ــ  رەیان كلدانیی- بزوتنەوەی بابلیون

٦ــ ئەحمەد جبوریی "ئەبو مازن" پارێزگاری پێشوتری سەڵاحەدین

٧ــ نەوفەل حەمادی سوڵتان (نەوفەل عاگوب) پارێزگاری پێشوی موسڵ

٨ــ وەعد قەدۆ شەبەك –سەردەستەی لیوای شەبەك لە حەشدی شەعبی

٩ــ ئەیوب فالح حسن روبەیعی (ئەبو عەزیزی كەربەلایی) سەردەستە لە كەتبیەی ئیمامی عەلی.

جگە لەوانە ژمارەیەكی زۆری دیكەی سیاسی و چەكداریی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاوە سزادراون. سزاكانیشیان بەپێی یاسای ماگنیتسكی ئەمریكییە كە بلۆككردنی پارە و قەدەغەی سەفەركردنیان دەخرێتەسەر.

سەرچاوە : هاوڵاتی