عزەددین فەیزی

سەرپەریشتیاری پەروەردەیی و وەرزشی ناودار و پایەبەرز خوالێیخۆشبێت عیزەدین فەیزی، ناوی تەواوی (عیزەدین فەیزی) لە ساڵی 1917 لە شاری هەولێر لە دایكبووە و لە 1985/12/22 كۆچی دووایی كردووە، داخی گرانم بۆ ئەم شۆڕە سوارەی بواری پەروەردە كە كەمی لە سەر نووسراوە، لە گەل ئەوەش بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر هۆڵێكی لە مۆزەخانەكەیان بە ناوی هۆلی عیزەدین فەیزی هەیە زۆر لە (مقتنیات)ەكانی خۆی و هی كەسانی تری تێدایە، كە خزمەتی پەروەردەیان كردووە، لە گەل قوتابخانەیەكی بنەڕەتی تێكەڵاو كە بە ناوی ناوبراو كراوە. دیارە پەیكەرەكی بۆ كراوە لە سەر رێگای كۆیە لە چوارڕیانی سێتاقان وێنەكەم بڵاوكردۆتەوە، بە راستی جێگای دەست خۆشی كردنە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر. خوالێێخۆشبێت عیزەدین فەیزی لە بەرواری 1950/4/5 بە یەكەمین سەرۆكی كۆمەلەی مامۆستایانی لیوای هەولێر هەلبژێردراوە، و هەروەها یەكەمین كەس بووە كە قوتابیانی كچی بەشدار پێكردووە لە ئیستیعرازی ساڵانەی وەرزشی لە ساحەی مەلعەبی كۆنى هەولێر و وانەی تایبەتیش پێكەوە لە گەل قوتابیانی كوڕ بخوێنن، هاوكات بەشداری زۆر لەو كۆڕو كۆبوونەوە ئەدەبی و رۆشنبیریانەی كردووە كە لە هۆڵی سینەما سەلاحەدینی كۆن دەبەستران، ناوبراو هەموو ژیانی خۆی تەرخان كربوو بۆ خزمەت كردنی پەروەردە و وەرزش و لاوان لە شاری هەولێر و دەوروبەری، ئەمە جگە لەوەی پیاوێكی كۆمەڵایەتی و دیاری ناو شاری هەولێر بوو، هەر لە سالانی سییەكانەوە تاوەكوو كۆچكردنی دەتوانم بڵێم دەیان قوتابی و مامۆستای قوتابخانەكان لە سەر دەستی ئەو كەڵە پیاوە سەرپەرشتی كراون لە بواری پەروەردە و وەرزش.
لە تەك ئەوەش مامۆستا عیزەدین فەیزی ئەدەب دۆست و نووسەریش بووە بەشداری لە خزمەت كردنی ئەدەبی كوردی كردووە، بیرەوەریم لە گەل ئەم پیاوە پایە بەز و رەوشت بەرزە لە ساڵی 1977 دەستی پێكرد ئەو كاتەی لە گەل خوالێیخۆشبێت دوكتۆر عەبدوڵا حەداد پێكەوە لە بەرێوەبەرایەتی رۆشبیری و لاوان لە ئەمانەتی گشتی رۆشبیری ولاوان كارمان دەكرد، لێژنەیەكمان هەبوو بە ناوی (لجنە التعضید والنشر) بۆ بلاوكردەوەو لە چاپ دانی بەرهەمی شاعیرو ئەدیبان مامۆستا عیزەدین فەیزی لەگەڵ خوالێیخۆشبێت مامۆستا (جەودەت ئەحمەد ناجی) ئەندامی ئەو لێژنەیە بوون بۆ ماوەی دوو ساڵ مامۆستا عیزەدین هاریكاریەكی تەواوی كردین بۆ بڵاوكردنەوەی هەموو ئەو چاپەمەنیانەی ئەو كات لە رۆشبیری و لاوان لە چاپمان داوە. لە دواى ساڵی ١٩٨٠ داوای لێبووردنی كرد، چونكە بە تەواوی گەورە ببوو بەتەمەن ئیتر وەستا، ئێمەش ئەگەر سەهوو نەبم مامۆستا كەریم شارەزامان لە شوێنی ئەو دانا، مامۆستا عیزەدین فەیزی هەر چەندی لە سەر بنووسرێ هێشتا هەر كەمە، هەزار هەزار رەحمەت لە گۆڕی و روحی شاد و جێگای بەهەشت بێت و تەمەن درێژیش بۆ نەوەكانی لە خودای گەورە داواكارم، داوای لێبووردن دەكەم لە كەمی زانیاری لە سەر ئەم پیاوە مەزنە كە بەشی زۆری خوێندەوار و رۆشنبیرانی شاری هەولێر قەرزارباری ئەم پیاوە مەزنەن.

 

سرچاوە: خۆم و ئەستێرەگەشەکان