رەزوان یاڵانپێی
جەنگی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عبداڵلەی برای سەرسورهێنەر نیە و تازە بێت، بەڵكو ئەم روداوە مێژووە چەند بارەیە لە نێو میر و عەشیرت و خێڵ و بەگ و میرنیشن و دەسەڵاتدارە كوردەكان، هۆكاری ناكۆكیەكان دەگەڕێتەوە بۆ هێز و دەسەڵات و كێبڕكێی ناوخۆیی و دەست وەردانی هێز و دەستی دەرەكی. لە سەر گەشتن بە حوكم و دەسەڵات چەندین ناكۆكی و شەڕی برا كوژی ڕویانداوە.
1. ناكۆكی نێوان میر وەنداد و غانم:
ئەم دو برایە لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسیدا میرنشینێكی كوردیان دامەزراند بە ناوی میرنشینی عەیشانی، لە یەك كاتدا هەر دو میر حوكمڕانی میرنشینەكەیان دەكرد و هیچ كام لەم دو میرە ئامادە نەبون تەنازول بۆ یەكدی بكەن، تا وای لێهات دو قەڵایان بۆ خۆیان دامەزراندوە وەك پایتەخت، میرنشینێكی بچوكی ئەو سەردەمە دوو میر و دو پایتەختی هەبوە، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارەكانی ڕوخانی میرنشینەكە.
2. كوشتنی میر مەرزەبان بە دەستی میر فەزڵونی برای:
میر مەرزەبان لە نێو میرنشینی شەدادیدا لە ساڵی ٣٦٨ك دەسەڵات وەردەگرێت، بەهۆی كەم شارەزایی وخەریك بونی بە ژیانی رابواردن و پشتگوێ خستنی كاروباری میرنشینەكە، میر فەزڵونی برای هەستا بە كوشتنی و لە ناو بردنی خۆی دەسەڵاتی وەرگرت.
3. كوشتنی براكەی خۆی لە لایەن میر موساوە:
لە دوای نەمانی میر فەزڵون كوڕەكەی بە ناوی موسا دەبێتە میر، لەو كاتەوە كە دەبێتە میر برایەكی خۆی لێی یاخی دەبێت و میر موسا دەتوانێت براكەی بكوژێت و لەناوی بەرێت، دوای ئەم ڕوداوەش میر موسا لە لایەن كوڕەكەی خۆیەوە بە ناوی میر لەشكریەوە دەكوژرێت.
4. ناكۆكی نێوان كوڕەكانی میر حەسنەوەیی:
دوای مردنی میری حەسنەویی بێ ئەوەی دەسەڵات دیاری بكات لە نێو كوڕەكانیدا، ناكۆكی توند لە نێوانیاندا سەری هەڵدا كە ژمارەیان حەوت برا بون، میر بەدر كە لە نێو هەمویاندا بەهێزتر بوو لە لایەن بوەیهیەكانەوە كرا بە میری میرنشینی حەسنەوەیی و هەر شەش براكەی تری لە نێو بران تەنها بۆ ئەوەی میر بەدر دەسەڵات وەربگرێت.
5. ناكۆكی نێوان میر نیزامەدین و سەعیدی برای:
ئەم دوو میرە كوڕانی نەسرودەولەی مەروانی بوون، دوای مردنی باوكیان هەر یەكیكیان خۆی بە خاوەنی میرنشینەكە دەزانی، سكاڵایان بردە لای خەلیفەی عەباسی و هەر یەكێكیان حوكمی ناوچەیەكی پێ بەخشرا.
6. شەڕو ناكۆكی نێوان میرەكانی میرنشینی عەنازی:
شەڕی نێوان میر حسامەدین و مهلهل و سەعدی كە براو برازای یەكدی بوون میرشینەكەی هەڵتەكاندو لەناو چوو، ئەم ناكۆكیەی نێوانیان وای كرد كە دەوڵەتی سەلجوقی كۆتایی بە دەسەڵاتیان بهێنێت.
ئەمانە سەربوردەی شەڕی براكوژی بوو لە سەردەمی میرنشینە كوردیەكانی دەوڵەتی عەباسی.
لە سەردەمی میرنشینە كوردیەكانی مێژووی نوێی كورد بە دیاری كراوی میرنشینەكانی ئەردەڵان و بابان و میرنشینەكانی تر خاڵی نیە لە شەڕی براكان بۆ وێنە:
7. لێخستنی هەڵۆ خان لە لایەن خان ئەحمەد خانی كوڕیەوە:
دەسەڵاتی هەڵۆخان زۆر و بەهێز بوو، ترسی خستبوە سەر لاشەی سەفەوی، لەو سەردەمەدا خان ئەحمەدخانی كوڕی كە لە دەرباری سەفەوی و لای خاڵوانی بوو، لە لایەن شا عەباسی سەفەویەوە هەڵدەخەڵەتێنرێت و رەوانەی ناوچەی ئەردەڵان دەكرێتەوە بۆ ئەوەی باوكی لابەرێت، ئەوە بوو دەستگیری كرد و ڕەوانەی ئەسفەهانی پایتەختی سەفەوی كرد و خان بویە میری ئەردەڵان.
8. جەنگی نێوان سێ براكەی میرنشینی بابان:
جەنگی مەحمود پاشا و ئەحمەد پاشا و موحەمەد پاشا بە درێژایی بیستەكان و سییەكانی سەدەی نۆزدەهەم لوتكەی درامایەكی نەتەوەیی كەم وێنەن لە مێژوودا، نیوەی دوەمی سەدەی هەژدە دیاردەیەكی زۆر دزێوی پاشكۆیایەتی هێنایە نێو میر و بەگە كوردەكانەوە، تەنانەت لە سەدەی هەژدەوە تا كۆتایی نیوەی یەكەمی سەدەی نۆزدە هیچ سەروەریەكی بۆ كورد وەك نەتەوە نەهێشتەوە، چونكە ئەم سێ برایە هەر ڕۆژێك لە گەڵ دەوڵەتی ئێران و شازادەی كرماشان و دەوڵەتی عوسمانی و والی بەغدا بون.
شەڕی براكان لە نێو میرنشینە كوردیەكاندا هەمیشە لە ئارادابوە، بوتە هۆكاری لاوازی میرنشینەكان، ئەمەش بۆشاییەكی داوەتە دەست دوژمنی دەرەكی كە بێ هێزیان بكات و لەناویان بەرێت، یارییان بە میرەكان كردوە، بە چەند دەستكەوتێكی كەم برایان دژی براكەی تریان وەستاندوەتەوە، ، ئەمانەی كە باسمان لێوە كردوەن مشتێك نمونەی خەروارێكن، وەگەر نا سەربوردەی میرەكان بە تەواوی بخوێنیتەوە دنیایەك شەڕی برا كوژی تێدایە.
گوزەری نێو شۆڕشە كوردیەكانیش پێمان دەڵێت خیانەتی برایی و ناوخۆیی درزێكی گەورەی خستۆتە نێو برایەتی، كرمێكی پیس و لەنێوبەری بە نێو شۆڕشەكاندا بڵاو كردۆتەوە، جاری وا هەبوە شۆڕش گەشتۆتە لوتكەی سەركەوتن، بەڵام بە هۆی خیانەتەوە شۆڕشەكە ئامانجەكەی نەپێكاوەو گەشتۆتەوە خاڵی سفر.
سەرچاوە : خەندان