شەوکەت ڕەشید

شەوکەت ڕەشید عیزەت ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە و ساڵی 1933 لە گەڕەکی مەڵکەندیی شاری سلێمانی لەدایک بووە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
کۆتایی ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، قوتابخانەی مۆسیقای سەربازیی لە شاری کەرکووک خوێندووە و شارەزایی لە ئامێری کلارنێت پەیدا کردووە.
ساڵی 1963 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا تیپی مۆسیقای (سۆلاڤ) یان لە شاری کەرکووک دامەزراند.
ئەم هونەرمەندە لەگەڵ زۆربەی تیپە مۆسیقییەکانی کوردستاندا کاری کردووە لەوانە (مەولەوی، سلێمانی، سۆلاڤ، باواجی، هونەر و وێژەی کوردی، تەلەڤزیۆنی کەرکووک) .
شەوکەت ڕەشید خاوەنی چەندین گۆرانییە کە تا ئێستا گوێگری تایبەتی خۆی هەیە.
وەک موزیکژەنیش بەئامێرە مۆسییقییەکان بەگشتی و کلارنێت بەتایبەتی خزمەتی کردووە و لەدوای قادر دیلان دووەم هونەرمەندی کورد بووە کە ئەم ئامێرەی بەکارهێناوە و داهێنانی تێدا کردووە و لەشێوازی هونەری ڕۆژاوایی بۆ شێوازی هونەریی ڕۆژهەڵاتی سوودی لێوەر گرتووە و لەگەڵ هونەری کوردی موتوربەی کردووە.
ئاوازیشی بۆ گۆرانییەکانی خۆی و زۆر هونەرمەندی تر داناوە و خاوەنی چەندین ئاوازی ناوازەیە.
هەروەها شیعریشی نووسیوە و کردوویەتی بەگۆرانی.
هەر لە بواری خزمەتکردنی هونەری کوردیدا، ساڵی 1984 بەرنامەیەکی لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک بەناوی (ئارەزوومەندان) پێشکەش کرد کە بایەخی بەدیداری هونەرمەندانی گەنج ئەدا و لەرێی ئەو بەرنامەیەوە چەند هونەرمەندێکی لاو دەرکەوتن و ناسران.
هونەرمەند شەوکەت ڕەشید کاریگەریی هونەری لەسەر خانەوادەکەشی هەبووە و هەر بۆیەش سێ کوڕی ڕێچکەی هونەری ئەویان گرتووە و خزمەتیان بەبواری هونەریی موزیکی کوردی کردووە.
ئەم هونەرمەندە خۆشەویستە چەندین ئاواز و گۆرانی و تێکستی شیعریی جوانی وەک یادگاری لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، کە بەهەمیشەیی بە نەمری ئەیهێڵنەوە.
هونەرمەند دوای ساڵانێکی زۆر لەخزمەتکردن و بەکەلتووری کوردستان لە 17ی نیسانی 1991 بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شێخ محێدینی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

 

سەرچاوە: کوردپیدیا