شەنگەبێری! ساڵی ساڵان لە کوێستانی، لەناو مەڕی
بۆ مەڕدۆشین هەڵت دەکرد ئەو باسکی سپی مەڕمەڕی
لەبەر هاڕەی گۆبەرۆک و گوارە و کرمەک و ژێرچەنە
نیوەڕۆیە لەبەر بێرێ کۆڕی مەڕی ڕادەپەڕی
کە ئێواران کەزیت دەکردن سێ بەنگێ و چاوت دەڕشت
بەو کەزی و چاوە نەرمانە بێ ڕەحمانە شوانت دەکوشت
شەنگەبیزا بەسروەبا سوژدەی دەبردە بەر بەژنت
ئاخر تۆش هەوای کوێستانی ئەو کوردستانەت هەڵدەمشت
چێشتەنگاوان لە دەراوان کە خۆت لێ دەکرد پێ خاوس
بە لەنجەولاری کیژانەت شەرمەزار دەبۆوە تاوس
ئاهەنگی ژین و شادی بوو بەیانی کە تێکەڵ دەبوو
شمشاڵی من، خرمەی بازن، گرم و هۆڕی مەشکەی گاوس
شەنگەبێری گراوی خۆم وێنووسی جەماڵ و جوانی؟
ئێستاش پاڵێنێ وەک جاران لە شوان و مێگەل دەڕوانی؟
وا من پێشمەرگەم دەجەنگم بۆ وڵاتی لە تۆ شیرنتر
نەم دەدا بەتەختی شایی دەنا بەردەبێری شوانی
ڕاستە تۆ جوانی، لەباری، نازداری، شۆخی، نەشمیلی
کوڵمت گەشترن لە گوڵ و خاڵت ڕەشترن لە زیلی
جیابوونەوەت دەردە، بەڵام تۆش دەزانی تامی نییە
ژوان و شەوڕاو و دڵداری، ڕاز و نیازی بە دیلی
زۆری نەماوە بێتە بەر نەمامی هەوڵ و خەباتم
لە داگیرکەر پاک بێتەوە خاکی پیرۆزی وڵاتم
چەک دادەنێم، گۆچانەکەی جارانم هەڵدەگرمەوە
تۆ هەر بێری بە، من هەر شوان، فریشتەی تاسە و ئاواتم
(هێمن)