شەنگال و پاشای كۆرەو ئەبوبەكر بەغدادی

 

 

 

 

  عەلی مەحمود

 

 

زیاتر لە 1200 ساڵە ئێزیدییەكان لەسەر ئەم خاكە جینۆساید دەكرێن, هەموو ئەو تاوانانەی داعش ئەمرۆ ئەنجامی داوە, بە درێژایی ئەو مێژووە بەردەوام بووە, زیاتر لە 127 جار بە زیاترەوە  كۆمەڵكوژییەكانیان دووبارە بووەتەوە "خیری شنكالی : تعریف الدیانە اڵایزدیە لڵالمان ".

لە ماوەی دوانزە سەدەی رابردوودا ئێزیدییەكان بەردەوام جینۆساید و  تاڵان كراون و كچان و ژنانیان كراوە بە كەنیزەك و لە بازاڕی گەرمی كۆیلەی شارەكان فرۆشراون یان بەخشراون و وەك دەستكەوتی تاڵانی جەنگ دابەشكراون, پیاوان و منداڵانیشیان كراون بە كۆیلە و لە زۆربەی جارەكانیش بۆ خۆ رزگاركردن بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕدراوە, یاخود باج و سەرانەی زۆریان بەسەردا سەپێنراوە" سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زیاتر لە ملیۆنێ و نیوێك ئێزیدی لە ماوەی نێوان شەڕی چاڵدیران لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی بۆ كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەم لە ساڵی ١٩١٩ی زایینی لە لایەن عوسمانی و سەفەوی و عێراق و هەندێك میرو شێخی كوردەوە كوژراون- خیری شنكالی : تعریف الدیانە اڵایزدیە لڵالمان ", تەواوی ئەو تاوانانەش كە كراون بەرگی پیرۆزییان بەبەردا كراوەو بە جیهاد و غەزا لە مێژوودا ناوزەد كراون, لەو 73 فەرمانەی پێشوو وەك ئاماژەی پێ دەدەین, پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشدارییان لە زۆربەی تاوانەكاندا كردووەو شانازیشیان پێوەی كردووە,بەشداریەكەیان چ بە شێوەی سەربەخۆ ئەنجامدراون, یاخود لە ژێر ئای سوپای عوسمانی و سەفەوی و عێراقی و ئیتحاد و تەرەقی و... , هەندێك جاریش خۆیان سەركردایەتی فەرمانەكانیان كردووەو  تاكە بكەر و فەرماندەری تاوانەكان بوونە, تەنانەت تاوانەكانیان وەحشانەترینیان بووە لە مێژوودا, ئەم تاوانبارە مەزنانە لە مێژوودا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە هەژمار كراون و ئێستاش شانازییان پێوە دەكرێت, وەلێ لە دوا فەرماندا, فەرمانی رۆژی چوار شەمە رەشەی 3ی ئۆگستسی ساڵی 2014 ەدا, كە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب پێی هەڵسان لە ژێر ناوی داعش, بە بەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانەوە تاوانەكان رابردوویان دوبارە كردەوە, عەقڵی تاكی كوردی دوای سەدەیەك لە گۆڕانكاری سیاسی و رۆشنبیری لە كۆمەڵگای كوردیدا, ئیتر ئێستا  زۆرینەی پیاوانی كورد نەك بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكەو شانازیكەر نین بە جینۆسایدەوەو تاڵان كەر نین بە ماڵ و ژنی ئێزیدیەكانەوە, ئەو مێژووەی رابردووش بە مێژووی شانازی خۆیان نازانن, بگرە بە پێچەوانەوە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوە, بۆ یەكەمجار ئێزیدی بوون دەبێتە شانازی بۆ دەستە بژێرێكی گەل, ئەو چوار شەمە رەشەی 3-8 لە تاوانەكانی داعشدا, بە بەردەم راگەیاندنەكانەوە چەندە رەشە قێزەونترە بێت, دوا فەرمانی 3-8 دەبێتە دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و كۆی73 فەرمانەكەی  پێشوو و كۆی پەلامارەكانی دیكە, لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە و لە گەڵیدا مێژووش دادگایی دەكاتەوە,  دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراوو رەش لە خۆی و مێژوو, مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە, مێژوو قێزەون دەبێت بە درۆو تاوان, 3ی ئاب لە شانازییەوە دەگۆرێت بۆ دادگاییكردنی مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو, 74 دەبێتە پرۆسەی دادگاییكردنی 73 فەرمانەكەی پێشوو, داعش دەبێتە ئاوێنەی سیمای پیاوە پیرۆزەكانی رابردوو لە تاوانەكانی ئەودا دادگایی دەكرێنەوە.

لێرەدا هەست بە گۆڕانكارییەكی هێمنانە دەكەین لە عەقڵی تاكی كورددا بە تایبەت بەشە پیاوەكەی, هەرچەندە بەشێكیشی لە ژێر كاریگەری ئیسلامی سیاسیدان, كەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەڕۆكدا لە گەڵ داعش, بگرە لە دەنگدانەكەی پەرلەمانی كوردستاندا زیاتر لە 25% دەنگیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەكان نەدا, كەمایەتییەكی زۆر بچوكی كۆمەڵگای كوردی  نەبێت, بە ئاشكرا ئەوی دی هەموو رەتی تاوانەكەیان كردەوە, ئیتر ئێزیدییەكان مرۆڤی پێش چواری هەشت رەش نین, ئیتر شەمەی 3-8-2019, هەموو بە بێدەنگ چركەیەك رادەوەستن و رێز لە قوربانیان دەگرن, ئیتر هەموو 3-8ی ساڵێك نەفرەت لە هەموو فەرمانەكان دەكەینەوە, ئیتر فەرمان"  لە بنەچەدا وشەیەكی فارسییە  بە واتای بڕیار "فەرمانێك، حوكمێك، یان دەستوورێك كە سوڵتانی عوسمانی واژۆی لەسەر كردبێت دێت.” فەرمانی عوسمانی یاسایەكە كە خودی سوڵتانی عوسمانی فەرمانی پێكردووە و لەلایەن ئەوەوە واژۆ كراوە و كاریگەرە و ناگەڕێتەوە و جێگای رەتكردنەوە نییە, لە پیرۆزییەوە دەبێتە قێزەون.

دەستەواژەی فەرمان بەرگی پیرۆزی لەبەر دادەكەنرێت و ناشرین و بێزلێكراوە, ئیتر هەموو رقمان لە وشەی فەرمانە, ئیتر فەرمان وەك وشەی ئەنفال قێز لێكەرەوەیە, بە رێزگرتن لە قوربانیان رەتی مێژووە رەشەكانی هاوشێوەی رابردوو دەكەینەوە  ئیتر فتوادەرانی فەرمانەكانیش لە پیرۆزی دەخەین و  لە تاوانەكانی داعشەوە  دادگاییان دەكەین, هەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییكردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە 12 سەدەی رابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە هاوچەشنەكانی چوار شەمە رەشەكە,ئیتر هەموو 3-8 ێك بووە بە  بەشێك لە یاداوەری گەلێك, بووە بە دابڕان لە گەڵ مێژووی 1200 ساڵەی رابردوو و هەر 73 فەرمانەكەی پێشو تر, بووە بە دابڕان لە كلتورو تاوانی داعشیانە.

لە فتوكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ( 780-855 م ) ەوە, تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەوە ("خگیب المفسرین" شیخ الإسلام, مفتی القسگنگینیە) كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر ناو زەد كردووە, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانیانی دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد,جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژووەوە, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدەو تاوانباری جینۆسایدە, كە سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردە چێت و پێكهاتەیەكی رەسەنی سەرەكی گرنگ كە ناوی ئێزیدییە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت, وەك ئەوەی ئێستا داعش كردی, عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش دەریكرد بەرامبەر بە ئێزیدییەكان, بە پیرۆزیش زانراو كەسیش بە یەك دێر دژی نەوەستایەوە.

قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە, لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكردووە, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 رەوایەتی ئاینی پێ بەخشی و پیرۆزی دا بە قڕ كردنەكە لە پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بووە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و تاوان بوو بۆ ئێزیدییەكان, ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا تورك و فارس و عەرەبەكان پێی هەڵنەستان ,لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, ئەگەر كوردیشن ئەوا دوو جار تاوانبارن, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە, بۆیە پاشای كۆرە ئیتر پاڵەوانە مێژووەكە نابێت ببێت, ئەو بكەری تاوانی گەورەیەو دەبێت دادگاییبكرێت, ئەو لە مێژوودا تاوانباری جینۆسایدە.

داعش  و پاشای كۆرە, كامیان تاوانبارترن؟

داعش 6417 كەسی  لە ئێزیدییەكان رفاند لەوانە نزیك 3600 كەسیان تاكو ئێستا گەڕاونەتەوە, واتا 2783 كەسیان ماون و شوێنبزرن, 1397 كەسیشی كوشتووە, بەلام  پاشای كۆرەی رەواندز كە بە ویقارەوە پەیكەرەكەی لە رەواندزە, زیاتر لە 95%ی ئێزیدییەكانی كوشتووە و بە كەنیزەك كردووە, لە كۆیەوە بۆ سەر زێی گەورە یەك كەسیانی لەسەر ئەو جوگرافیایە نەهێشتووە"  ایاد جلال بابان یعید افترا‌وات المندوب السامی البریگانی-صباح كنجی".

هێنری لایارد (شوێنەوارناس 5-3-1817 پاریس بۆ 5-7-1984)، كە ڕۆڵی هەبووە لە وەستاندنی كۆمەڵكوژییەكە لە ئاستانە پایتەختی عوسمانی، باسی لەوە كردووە كە نزیكەی سێ لەسەر چواری دانیشتوانی ئێزیدی شاخ كوژراون.

لە پەلامارەكەی پاشای كۆرە تالان و كوشت و بڕ ناوچەكانی شێخان و قوش و ئاكرێ و دەشتی موسڵ و كەڵەك و حەریر و چیای مەقلوب .. گرتەوە, بەشێوەیەك دوو ئیمارەی ئێزیدی كوشت و بڕ كران و لەناو بران, باس لە كوشتنی 135000 كەس و بە دیل و سەبایە كردنی 10000 كەس دەكرێت كە عەلی بەگ سەرۆكی ئیچزیددییەكان لەناو دیلەكان بوو دواتر بەدیلی كوشتی, لەو پرۆسەیە پاشای كۆرەی رەواندز 500 كچی جوانی ئێزیدی پێشكەش بە ئەمیرەكانی بابان و پشدەرو كۆیە.... كردو ئەوانی دیكەی بەسەر موجاهدینەكاندا دابەش كرد.

ئەگەر چەندە زێدە رۆیی لە ئامارەكاندا كرابێت, وەلێ هەر ئەوە راستە تاوانەكانی پاشای كۆرە چەند جاری داعش  بووە, بهێننە پێش چاوی خۆتان پەیكەر بۆ ئەبو بەكر بەغدادی دروست بكرێت؟,چەندە بە ئازار دەبێت, ئەگەر دەمانەوێت ئێزیدییەكان ئاشت بكەینەوەو ئەوا پێویستە لە پەیكەرەكەی  پاشای كۆرەوە  دەست پێ بكەین و داوای لێبوردنیان لێ بكەین, ناوچەكانیان لە گۆڕینی دیموگرافی بپارێزین و   چەند كورسییەكی كۆتاشیان لە پەرلەمانی كوردستاندا بۆ تەرخان كرێت وەك دەستپێك.

سەرچاوە : سپیمیدیا