شەشەمین دیداری سینەمای کوردی لە زانکۆی کۆیە

راپۆرتی - هاوژین عەبدولواحید

زانکۆی کۆیە شەشەمین دیداری زانستی سەنتەری مەلای گەورە بە ناونیشانی: (بزووتنەوەی سینەمای کوردی، رۆڵی لە بەرەوپێشبردنی هۆشیاری کۆمەڵگەدا) لەئامێز گرت کە تێیدا کۆمەڵێک  نووسەر و سینەماکار و هونەردۆستان و مامۆستایان و خوێندکاران ئامادەبوون.
دیدارەکە کە رۆژی دوو شەممەی رابردوو 27/2/2023 بەڕێوەچوو، پێکهاتبوو لە سێ پانێلی جیاواز و لەهەر پانێلێکیش شارەزایان و پسپۆڕان گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی سینەمای کوردییەوە کرد و چەند کورتە   فیلمێک نمایشکرا.
سەبارەت بە دیدارەکەش، د.هوشیار زەکی بەڕێوەبەری سەنتەری مەلای گەورە بۆ توێژینەوە لە زانکۆی کۆیە وتی: ئەمە یەکێکە لە کاره ناوازەکانی سەنتەری مەلای گەوره کە توانیمان چەندین دەرهێنەر و سیناریست و هونەرمەند لە دیدارێکی لەم شێوەیەدا کۆبکەینەوە.
وتیشی: گرنگی ئەم بابەتە لەوەدایە کە ئێمە هەوڵمانداوە ئەو کارە بکەین بۆئەوەی خەڵک و کۆمەڵگە ئاشنا بکەینەوە بە رۆڵی سینەمای کوردی، لە مەیدانی هونەری وڵاتانی جیهاندا کە چۆن سینەما ببێتە رێگایەکی خۆناساندن بە جیهان.
لەسەر هەمان تەوەر، ئەکتەر و شێوەکار دڵشاد کوێستانی رایگەیاند: جیاوازیکی زۆر لە نێوان  سینەمای کوردی و وڵاتانی دیکەدا هەیە، چونکە وڵاتان بەشێوەیەکی بەرچاوتر گرنگیان بەم بواره داوە و ئەستێرەی گەورەیان هەیه، هەروەها وتی: ئەگەر دەوڵەت بەچاوێکی قووڵ و گرنگی زیاترەوە سەیری ئەم بوارە نەکات، ئەوا نە ئەستێرەی گەورەمان دەبێت و نە سینەمایەکی پێشکەوتوو لەوڵاتەکەی خۆمان.
خاتوو شیفا مەحمود خوێندکاری زانکۆش دەڵێت: زۆر جێگەی داخە کە سینەمای کوردی ئیستا وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوه. 
هەروەک د.کەیفی ئەحمەد شانۆکار و مامۆستای زانکۆ وتی: سازدانی ئەم جۆرە دیارانە بە پێویست دەزانم  لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا و خوازیارم گرنگی بە سینەما و شانۆ  بدرێت وەک چۆن رۆمان و چیرۆک و شیعر گرنگی پێدەدرێت، چونکە سینەما و شانۆ هۆکارێکی کاریگەرە بۆ گۆڕانکارییەکان و رۆڵێکی زۆر گرنگیشی هەیە لە هۆشیاریی کۆمەڵگەدا.
هەر لەو رووەوە د.دڵشاد مستەفا مامۆستای زانکۆ وتی: کۆیە شارێکە مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ ئەدەب و رووناکبیری و نووسەر و کەسانی رۆشبیردا هەیه، جارێکی تر ئاوڕ لە کایەیەک دەداتەوە کە تاڕادەیەکی زۆر لە خودی شارەکە غایبه، یاخود هێشتا بەرهەمهینانی فیلم یاخود مامەڵەکردن لەگەڵ سینەما لە خودی کۆیە بەو جۆرە نییە.
 ئەم هەنگاوانەش ئەوەیە کە نەخشەڕێگایەک بەڕێوەیە لەم شارەدا  کە سینەماش ببێت به بەشێک لەو ئامێر و رەگەز و ئەلەمێنتە کلتورییانەی کە کۆیه بتوانێت لەڕێی سینەماوە شوناسی خۆی وەک خەبات و مێژوو قوربانیدان بە هەموو جیهان بناسێنێت.

سەرچاوە: سایتی کوردستانی نوێ