'دوا شەوی دابەزینی عیسا'ـی شێرزاد حەسەن بە ئەڵمانی بڵاودەکرێتەوە

'دوا شەوی دابەزینی عیسا' یەکێک لە رۆمانەکانی شێرزاد حەسەن رۆماننووس و چیرۆکنووسی ناسراوی کوردە و بۆ زمانی ئەڵمانی وەرگێڕدراوە، بڕیارە ئەمساڵ چاپە ئەڵمانییەکەی بڵاوبکرێتەوە.

شێرزاد حەسەن، بە رووداوی راگەیاند، رۆمانی 'دوا شەوی دابەزینی عیسا' کە لە 2016 بە کوردی بڵاوکرایەوە، لەلایەن ئۆتە کانتێرالانگ و راوێژ سەلیم وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەڵمانی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە لەلایەن ناوەندی چاپ و بڵابوونەوەی 'ڤێرلاگ – کلینگنبێرگ' لە نەمسا، لە پاییزی ئەمساڵدا بڵاودەکرێتەوە.

بڕیارە کاژێر 11ـی بەیانی سبەی چوارشەممە 11-5-2022، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە باڵەخانەی زارا پلازا لە سلێمانی، وردەکاری لەبارەی چاپی ئەڵمانی کتێبەکە بخرێتەڕوو و نووسەر و وەرگێڕی چاپە ئەڵمانییەکە ئامادە دەبن و هاتن بۆ هەمووانە.

رۆمانی 'دوا شەوی دابەزینی عیسا' رەھەندێکی مێژوویی ھەیە و باسگەلێکی گرینگ وەک نەتەوەی کورد، تووندوتیژی، ژن و مەرگدۆستی دەورووژێنێت، نووسینی رۆمانەکە 15 ساڵی خایاندووە و 17 ساڵ دواتریش بڵاوبووەتەوە.

رۆمانەکە چیرۆکی پەنابەرێکی کورد لە ساڵی 1997، لە جەمسەری باکوور دەگێڕێتەوە، لە شەوی کریسمسدا شایەتی دابەزینی مەسیحە بۆ سەر زەوی؛ بڕیار وا بووە عیسا ساڵی 2000 بێتە خوارەوە تاوەکوو بانگەشە بۆ خۆشەویستی بکاتەوە و مرۆڤ بە ئاگا بێنێتەوە، بەڵام لەبەر شێواوی دۆخی ئەستێرەکە، تاقەتی نەھێناوە و داوای کردووە سێ ساڵ زووتر دابەزێت و دەبێتە میوانی ئەو پەنابەرە کوردە کە لە کەمپێکدا نیشتەجێیە.

شێرزاد حەسەن، رۆماننووس، چیرۆکنووس، شاعیر و وەرگێڕی کورد، لە بواری بەرگریکردن لە مافی منداڵان، ژنان، پەروەردە و پاراستنی ژینگە چالاکی هەبووە، لە 1951 یان 1952 لە گەڕەکی خانەقای ھەولێر لەدایکبووە، چوار ساڵی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی 'پاشای گەورە' لە رەواندز تەواوکردووە، دواتر لەگەڵ ماڵباتەکەی گەڕاوەتەوە هەولێر و پۆلی شەشی سەرەتایی لە قوتابخانەی 'ئیبن خەلەکان' تەواوکردووە، لە 1975 پلەی زانستیی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی بەغدا بەدەستھێناوە.

لە ھاوینی 1997 بۆ ماوەی 10 مانگ لە شاری تامپێری فینلەند پەنابەر بووە، لە بەھاری 1998 گەڕاوەتەوە کوردستان.

لە حوزەیرانی 1998 تا 2003، لە رێکخراوی یونیسکۆ کاری کردووە، ئەندامی کارای پڕۆگرامەکان بوو و کاری سەرەکی پەیوەندی بە ھاوکاریی نێوان رێکخراوەکە لەگەڵ دەزگای پەروەردەی کوردستان و قۆناغی خوێندنی باڵاوە ھەبوو.

زیاتر لە بیست کتێبی وەرگێڕان لە بواری شیعر، چیرۆک، رۆمان، شانۆ، دەروونناسی، ھونەر، راگەیاندن، کۆمەڵناسی و سیاسەت ھەیە کە لە ئینگلیزییەوە کراوون بە کوردی.

نووسەری رۆمانی 'دوا شەوی دابەزینی عیسا'، 'ژنێک بەسەر منارەوە'، 'پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان' و 'تەمی سەر خەرەند'ـە، هەروەها نۆڤلێتی 'حەسار و سەگەکانی باوکم'، 'خەونی جاڵجاڵۆکەکان' و 'ژنێکی منگن'ـە، لە 1983 کۆمەڵە چیرۆکی 'تەنیایی' بڵاوکردووەتەوە و سێ کۆمەڵە چیرۆکی دیکەی بەناوکانی 'گوڵی رەش'، 'گەڕەکی داهۆڵەکان' و 'پیرەپەپوولەکانی ئێواران' بە چاپ گەیاندووە.

 

 

سەرچاوە: rudaw