شێخ محەمەدی خاڵ درێژکراوەی بنەماڵەیەکی زانستی دێرینە کە پێنج سەدە لە کوردستاندا خزمەتی زانست و خوێندن و مزگەوتیان کردووە، بنەچەی بنەماڵەی خاڵ دەچێتەوە سەر مەلا ئەبوبەکری موسەنیفی چۆڕی پیرخدری، ئەم بنەماڵە بەهرەمەندە خاوەنی مێژوویەکی گەورەن، مێژوویەک چیاکان شەرم دایاندەگرێت کاتێک لەبەرامبەر ئەو مێژووە پڕ لەسەروەرەریەدا دەوەستن.
شێخ محەدی خاڵ لە ساڵی 1904 دا لە شاری سلێمانیدا و لە ئامیزی خێزانێکی خواناس و زانستپەروەردا لەدایک بووە و گەشەی کردووە، لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا لەسەر دەستی زانای گەورە شێخ عومەری قەرەداغی (ابن القرداغی) ئیجازەی زانستی وەرگرتووە، لەدوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی لە مزگەوتی حاجی شێخ ئەمینی خاڵی باپیریدا دەستی بە وانەوتنەوە کردووە، لە ساڵی 1928 هەتا ساڵی 1939 کە بووەتە قازی بە چڕوپڕی وانەی وتوەتەوەو زۆر فەقێ لە زانست و تواناکانی بەهرەمەندبوون، ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا وانەیان لاخوێندووە مەلا محەمەدی کوڕی مەلا مستەفای کوردی و مەلا غەفوری باڕۆیی و مەلا قادری بازرگان و مامۆستا نوری فارس و چەند مەلایەکی تربوون.
ریفۆرمی ئاینی و کۆمەڵایەتی
لە ساڵی 1932 لە ریگەی گۆڤاری (المنار) و بڵاوکراوەکانی قوتابخانەی ریفۆرمی جەمالەدینی ئەفغانی و شێخ محەمەد عەبدەوە کەوتووەتە ژێر کاریگەری بیری ئەو قوتابخانە نوێخوازە چاکسازە و داوای ریفۆرمی ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کردووە، ئیتر لەو رۆژگارەوە دژ و ناحەزی بۆ پەیدابووە، ئەوانەش زیاتر کەسانی کۆنەخواز و تەقلیدی و داخراو و دابڕاو لە هەموو بیرکردنەوە و رۆشنبیری و هەست بەرپرسیاریتیەک بوون.
بەڵام شێخی خاڵ وەک مەلایەکی شاری و وەک درێژکراوەی بنەماڵەیەکی زانستی خاوەن پێگەی زانستی خۆی راگرتووەو زۆر لەوە گەورەتربووە ئەوانە کاری تێبکەن و ساردی بکەنەوە لە پرۆژە نوێگەری و ریفۆرمخوازییەکەی، ئەم زانا گەورەیە زۆر بە هێمنی رەخنەی گرتووەو بەگژ دیاردە دزێو ناپەسەندو خراپەکاندا چووەتەوە، زۆر لە هەوڵی ئەوەدا بووە رێسەکەی لێنەکەنەوە بەخوری و کەمترین بەربەستی بۆ دروست بێت.
شێخ محەمەدی خاڵ، لەساتی وتار خوێندنەوەی چلەی ماتەمینی بێخودی شاعیر1955
یەکەم هەوڵی نوێخوازی شێخی خاڵ نووسینی تەفسیری جزمی (عم)ی قورئانی پیرۆز بووە لەسەر رێبازی قوتابخانەی ریفۆرم، ئەم بەرهەمەی لە ساڵی 1935 چاپکردووە، ئەم هەوڵەی خاڵ لە دوای مەلای گەورەی کۆیە یەکەم هەوڵی نویخوازی بووە لەو بوارەدا، لە ساڵی 1936 بەهاوکاری پیرەمێردی شاعیر هەوڵی دووەمی کە (مەولودنامەی نەوئەسەر) بووە نووسیوە، لە پێشەکی ئەم بەرهەمەدا دەڵێ: لە ساڵی 1936 کە پیرەمێرد سەرۆکی قوتابخانەی زانستی بوو داوای لێکردم کە مەولودنامەیەک بنووسم، چونکە مەولودنامەکانی پێشوو پڕبوون لە شتی بێسوود، پیرەمێردی شاعیر زیاتر لە 25 ساڵ لە تورکیا ژیابوو، بڕوانامەی مافی لە ئەستەمبوڵ وەرگرتووە، ساڵانێکی زۆر لە ئەستەمبوڵدا کاری روناکبیری و رۆژنامەنووسی کردووە، زۆرباش زانیویەتی خاڵ چۆن بیردەکاتەوەو چەندە منەوەر و رۆشنبیرە، هەربۆیە داوای لێکردووە ئەو بەرهەمە بنووسێت.
سەردەمی زێڕینی ژیانی شێخ محەمەدی خاڵ لە دەرچوونی گۆڤاری (گەلاوێژ)ەوە دەستیپێکردووە، دەرچوونی ئەو گۆڤارە دەرگایەکی گەورەی بەڕووی خاڵدا کردوەتەوە هەتا لەو رێگاوە بیرە نوێخواز و ریفۆرمیەکانی بڵاوبکاتەوە و خەڵکانیکی زیاتر بیخوێننەوە، خاڵ لە گۆڤاری گەلاوێژدا بابەتەکانی خوشەویستی نیشتمان و کۆشی دایک و فەلسەفەی ئاینی نووسیوە، پاشان لە زۆرێک لە ژمارەکانی ئەو گۆڤارە ناوازەدا تەفسیری قورئانی پیرۆزی نووسیوە.
دیاردە کۆمەڵایەتییە ژەنگرتووەکان
لە ریگەی گۆڤاری (گەلاوێژ)ەوە بە گژ دیاردە کۆمەڵایەتییە ژەنگرتووەکاندا چووەتەوە، وەک بیری خورافی و داروقەبرپەرستی و ژن بەژن و شیربایی و مارەبەجاش و گەورە بە بچوک و نوشتە و فاڵ و..هتد، هەروەها هانی خەڵکیداوە بۆ خوێندن و دژایەتی ئەوانەی کردووە کە رێگریان لە خوێندن و فێربوونی زانستکردووە. هەروەها داوای وازهێنانی لە دەیان دابونەرێتی کۆن و رزیو کردووە کە بووبوونە مۆتەکەی سەرشانی خەڵکی داماو بێ دەرەتان.
لە سییەکان و چلەکانی سەدەی رابردوودا کە بێکەسی شاعیر سکاڵای ناخی خۆی دەکات لە دەست پاشکەوتووی گوتاری ئاینی و داوا لە مەلاکان دەکات کە خەمەکانی کۆمەڵ و نیشتمان بکەنە ناوەرۆک و بابەتی گوتارەکانیان و بە دەنگی بەرز هاواری کردووە و وتویەتی:
ئەی مەلا تۆبی و خوا لەو فكرەكۆنە لابدە فەنی
تازەم پێ نیشان دە بۆ تەرەقی و ڕێی نەجات
لەو رۆژگارەدا شێخی خاڵ وەک مەلایەکی مونەوەری نوێخواز، خەمەکانی کۆمەڵ و زمان و هونەری نوێ لە پێشینەی هەموو کارەکانی بووە، لە گۆڤاری گەلاوێژا بە قەڵەمە بە پێزەکەی دەیان گوتاری لە دژی توندوتیژی دژی کچان و ژنان و توێژە رەنجکێشەکانی ناو کۆمەڵ نووسیوە، لە دژی نەرێتە قێزەونەکان قەڵەمی تاو داوەو سڵی لە هیچ بەربەست و کۆنەخواز و رژێمێک نەکردووەتەوە و بەگژ مەحاڵدا چووەتەوە.
شێخی خاڵ هەر لە سییەکانی سەدەی بیستەوە کە نووسین و بەرهەمەکانی زانایانی قوتابخانەی ریفۆرمی خوێندوەتەوە، سوودی زۆری لە ئەندێشەی بیریارەکانی ئەو قوتابخانەیە وەرگرتووە، بەتایبەت زۆر کاریگەر بووە بە تێزەکانی جەمالەدینی ئەفغانی، شێخی خاڵ دەڵێت: جەمالەدین لە وتەیەکیدا نووسیویەتی: (هەموو گەلێک کە زیندووە بە زمانەکەیەوە زیندووە و دەتوانێت بمێنێتەوە و لەبەر هێرشی داگیرکەراندا راوەستێت)، خاڵ دەڵێت: کاتێک ئەم وتەیەم خوێندەوە زۆر کاری تێکردم و کەوتمە هەوڵی نووسینی فەرهەنگی زمانی کوردی، بۆ ئەم مەبەستە هەر لە سییەکانەوە هەتا شەستەکانی سەدەی رابردوو هەرسێ بەرگی فەرهەنگی خاڵم نووسی.
شێخی خاڵ زیاتر لە سی ساڵ سەرقاڵی کۆکردنەوەی وشەی رەسەنی کوردی بووە، کاتێک بووەتە قازی لە هەڵەبجە و چەمچەماڵ و کەرکوک، سوودی لەو شوێنانە وەرگرتووە و هەزاران وشەی ناوچە جیاوازەکانی کۆکردوەتەوە و گوڵەوەچنی کردوون و لای خۆی تۆماریکردوون و پاراستوونی، ئەم مامۆستا گەورەیە هەموو کات لە خەمی وشەی کوردی و پەندی پێشینان و مێژووی نەتەوەکەیدا بووە، خەمخۆرێکی جەسوری فەرهەنگ و ئەدەبی رەسەن بووە، دەیان کەس لەوانەی لێوەی نزیک بوون و گوتارە رۆژنامەنووسیەکانی کە بەردەوام لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوی کردوونەتەوە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری گەورەیی ئەم نووسەرەو دڵسۆزی زانایی و خەمخۆریەتی بۆ گەل و نیشتمانەکەی.
شێخی خاڵ لەبەرئەوەی بەردەوام لە سۆراخی وشە و پەند و قسەی نەستەق و کەلتوری میللەتەکەیدا بووە، پرسیاری لە سەدان کەس کردووەو نامەی بۆ کەسانی شارەزا ناردووە کە هەرچیان لایە لە وشەو پەندی پێشیان بۆی بنێرن، ئەم هەنگاوەو سۆراخی بەردەوام ڕەوشتی هەموو نووسەر و خەمخۆرێکی زمان و ئەدەب و مێژووە، هەروەها پێداچوونەوەی نووسرا و هەڵەچنی و هاوکاری چاپکردن و پەیداکردنی سەرچاوە، کاری ڕۆژانەی هەموو لێکۆڵەرو نووسەرێکەو هەر کەسێک توێژینەوەیەکی دە لاپەڕەیی کردبێت، ئەم راستیە دەزانیت و قەرزاری کەسانێک بووە کە هاوکاریان کردووە.
هەرجارەو تۆمەتێکی بێ بنەما
شێخی خاڵیش لە رۆژگاری خۆیدا کە لە هەوڵی کۆکردنەوەی وشە و پەند و نووسینی مێژووی مەعریفی نەتەوەکەیدا بووە، چەندین کەس هاوکاریان کردووە و نووسینیان بۆ هەڵەچن کردووەو تێبینی و سەرچاوەی پێویستیان خستووەتە بەردەستی، یەکێک لەوانە مەلا محەمەدی مەلا مستەفای کوردی بووە، هەروەها مامۆستا محەمەدی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ژمارەیەکی زۆر پەندی پێشینانی بۆ ناردووە، ئەختەر خاڵی کچی و مامۆستا خالیدی کوڕی لە نووسینەوەی بەرهەمەکانیدا هاوکارییان کردووە.
دوای ئەوەی شێخی خاڵ چەند شاکارێکی گەورەی لە بوارەکانی ئەدەب و زمان و مێژوو تەفسیری قورئاندا نوسیوە، هەروەها بەردەوام لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی رۆژگاری خویدا گوتاری بەپێزی بڵاوکردووەتەوە، کەسانێکی حەسود و هیچ لەبارنەبوو کە نەیانتوانیوە ڕەخنە لە بەرهەمەکانی بگرن و بە میتۆدێکی زانستی لایەنی بەپێزی و بێهێزی روون بکەنەوە، خۆشیان نەیانتوانیوە بەرهەمی وەها بە پێز بنووسن، هاتوون کەوتوونەتە تۆمەتی ناڕەوا و هەوڵی ناشیرین کردنی مێژووی شێخی خاڵ ئەدەن، بۆ مەبەستە ناڕەواش هەرجارەو تۆمەتێکی بێ بنەما دروست دەکەن.
جارێک وتوویانە نووسینی بەهادین نوری شێروانی و جارێکی تر ئەڵێن: نووسینی مەلا محەمەدی کوردی بووە، نازانم بەم قسانە چ خزمەتێک بە مێژووی کورد و رۆشنبیری وڵاتەکەیان دەکەن، بۆ ئەوەندە خەمخۆری ئەو کەسانەن، ئەی بۆچی زیاتر لە 60 ساڵە فەرهەنگی خاڵ و پەندی پێشینان چاپکراون، ئەوکاتە کە ئەو نووسەرانە لە ژیاندابوون لەبەرچی خەمیان نەخواردن و مافیان بۆ نەگێڕانەوە؟
بێگومان ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە هیچ شتێکی لە کێوی گەورەیی خاڵ کەم ناکاتەوەو زیاتر بە خوێنەرانی و نەوەی تازە پێگەیشتووی دەناسێنن، ئێستا خەڵکی چاوی کراوەتەوەو کاغەزی سپی دەخوێنێتەوە، هەر قسەیەکی بۆ بکرێت، ئەڵێن: بەڵگەت چیەو ئەم قسەت لە کوێوە هێناوە؟ چۆن راست و دروستی قسەکەت دەسەلمێنی؟ هەربۆیە وا باشترە ئەو کەسانەی خەریکی بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەت و چەواشەکاریانەن هەوڵبدەن شتێک بنووسن سودی هەبێت بۆ خۆیان و نەتەوەکەیان، نەک بێن تازە کای کۆن بەبا بکەن کە هیچ خێرێکی بۆ کەس تێدانیە.
شێخ محەمەدی خاڵ بەهەوڵ و ماندووبوونی خۆی، لە ساڵی 1948دا کە تەمەنی 44 ساڵ بووە لەلایەن کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیەوە نامەی بۆ هاتووەو داوای پێرستی دەستنووسە بە نرخەکانی کوردستانیان لێکردووە، هەروەها لە ساڵی 1954 لەلایەن شێخی ئەزهەرەوە شێخ مەحمود شەلتوتەوە نامەی بۆ نێرراوەو بە زانای گەورە ناوی بردووەو ستایشی تەفسیرەکەیو هەوڵە زانستیەکانی کردووە.
شێخ محەمەدی خاڵ هەر لە سییەکانی سەدەی رابردوەوە کە دەستی بە نووسین کردووە بووەتە جێگەی هیوای پیاوە گەورەو مونەوەرو دەستەبژێری کوردو لە دوورو نزیکەوە دەستخۆشیان لێکردووە، یەکێک لەوانە پیرەمێرد بووە، کە هەتا ئێستا نامەکانی لە ئەرشیفی خاڵدا هەڵگیراون، هەروەها لەلایەن محەمەد ئەمین زەگی بەگ و تۆفیق وەهبی و رەفیق حیلمی و زۆرێکی تر لە رۆشنبیرانەوە نامەی هاوکاری و دەستخۆشی و پشتگیری بۆ چووە، خۆشبەختانە هەموو ئەم نامانە هەتا ئێستا لە نامەخانەی خاڵدا ماون و پارێزراون.
هەر لە رۆژگاری خۆیدا زۆرێک لە نووسەران و شاعیران و ستایشی هەوڵەکانیان کردووە، یەکیک لەوانە قانعی شاعیربووە، قانع رەخنەگرێکی دیاردە دزێو دواکەتووەکانی ناو کۆمەڵ بووە، رەخنەی توندی لە سیستمی شێخایەتی و دەروێشگەرایی گرتووە، بەڵام ئەم شاعیرە مونەوەرە شێخ محەمەدی خاڵ بە شێخ محەمەد عەبدەو جەمالەدینی ئەفغانی ناودەبات و باسی لە هەڵوێستی مەردانەو بیری روناک و بەرزی دەکات و ئەڵێت:
فیدای خاكی بەری پێت بم، زیابەخشی دڵ و دینم
بناغەی مەنبەعی عەقڵ و ئەساسی عزو تەمكینم
.....
هەتا دەگاتە:
كە من مەقبول و مەنزولی حزوری حاجی شێخ زادەم
محەمەد عەبدەم و شاگرد جەمالی دین و ئاینم
هەروەها شاعیری گەورە پیرەمێرد کەسێکی زۆر نزیکبووە لە خاڵەوەو نێوانیان زۆر خۆشبووە، کاتێک خاڵ بە قازیەتی چووە بۆ چەمچەماڵ و مزگەوتی باپیری چۆڵکردووە، نامەیەکی شیعری بۆ ناردووەو گلەیی لە خاڵ کردووە کە نەدەبوو بڕوات و ماڵی خوا چۆڵ نەکات، لەمبارەیەوە ئەڵێ:
شێخی ڕەوشەن خاڵ، چرای نەوەی خاڵ
بەحوكمی قەزا، قازی چەمچەماڵ
تەنها بۆ ئەوە چووی بوی بە قازی
پێت بڵێن خوداو بەندەت لێ ڕازی
.......
هەتا دەگاتە:
لەخوام داوایە تۆ هەر نیك بین بی
مژدە وەرگری (روح الامین)بی
یەکێک لە هاوکارە دڵسۆزەکانی خاڵ مەلا محەمەدی کوردی بووە، ئەم مامۆستا دڵسۆزە بەشیکی خوێندنی لای حاجی شێخ ئەمینی خاڵ بووە، لەدوای حاجی شێخ ئەمین لای شێخ محەمەدی خاڵ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، خۆشەویستی نێوان مامۆستا فەقێ و ئەو رێزو حورمەتەی لە نێوانیاندایە زۆر بەرزەو هەرکاتێک فەقێ دەگات بە مامۆستاکەی لەدوای ئەوەی کە بووە بە مامۆستاش، یەکسەر دەستی مامۆستاکەی ماچ دەکات زۆر بەڕێزو حومەتەوە لە خزمەتیدا رادەوستێ، هەتا ئێستاش ئەم رێز و خۆشەویستیە لە نێوان توێژی مامۆستایان و فەقێکاندا ماوە.
بێگومان خۆشەویستی و رێزێکی زۆر لە نێوان خاڵ و مامۆستا محەمەدی کوردیدا هەبووەو وەک خێزان زۆر تێکەڵ بوون، ژمارەیەک نامەی نێوان مامۆستای خاڵ و مامۆستای کوردی هەتا ئێستا لە ئەرشیفی خاڵدا پارێزراوە، کاتێک شێخی خاڵ لە موسڵ قازی بووە مامۆستا کوردی بۆی ناردووە.
هەموو ئەو نامانە خۆشەویستی لە رادەبەدەری نێوان ئەو دوو مامۆستا گەورەیە دەردەخات، تەنانەت لە یەکێ لەو نامانەدا مامۆستا محەمەدی کوردی ئەڵێت: لەوەتەی خاڵ مزگەوتی باپیری چۆڵکردووەو چووە بۆ موسڵ چاوم بەرایی نادات بچم بۆ مزگەوتیش، لە سەرەتای نامەکەیدا ئەڵێ:
یەشتا شەوێکە لە دووری کە چاو گل ئەکات و ئاو
لام ڕوونە نوری تار ئەبێ دووریت بگاتە دە
گەورەم: زۆر بە تاسەوە دەستە موفەڕەکانتان ماچ ئەکەم، باوەڕ بفەرمون چاوم بەرایی نایەت کە بچم بۆ مزگەوت، لەسەرێکیشەوە هۆگری دەستە جڵەویی هەستم رادەکێشی کاتێک ئەزانم کە بێ شعور لە مزگەوتم بەڵام چۆن؟ کە ئەگەمە ئەوێ و ئێوە نابینم دائەچڵەکێم و خورپەیەک ئەکەوێتە دڵمەوە، وەک شووڵکێک لەسەری لووتم دەن سست ئەبم و سڕیەک بە هەموو جەستەمادێت و نەختێک بە حەوشەکەدا ئەسوڕێمەوە و بە دڵ شکاوی ئەگەڕێمەوە....
ئەمە خۆشەویستی مامۆستا محەمەدی کوردیە بۆ مامۆستاکەی، دەبێت هیچ شتێک ئەو خۆشەویستیە تێک بدات؟ دەبێت بڕوا بەوە بکرێت مامۆستا محەمەدی کوردی دڵی لە شێخ رەنجابێت؟
هەروەها مامۆستا محەمەدی کوردی لە نامەیەکی تریدا بۆ خاڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە هاوکاری شێخ بووە بۆ نووسینی فەرهەنگەکەی و کاتێک خاڵ لە موسڵ بووە مامۆستا کوردی لەناو فەرهەنگی مامۆستا مەلا محەمەدی مەردۆخیدا وشەچنی بۆ کردووەو ناردوویەتی بۆ شێخی خاڵ هەتا لای خۆی شرۆڤەیان بۆ بکات و لە ناو فەرهەنگی خاڵدا بیانووسێتەوە، لەو نامەیەدا داوای لێبوردن لە شێخ دەکات کە لەکاتی خۆیداو وەک پێویست نەیتوانیوە ئەو وشانەی بۆ بنێرێت، لەو نامەدا ئەڵێت:
گەورەم بە ئارەزوومەندیکی زۆرەوە هەردوو دەستان ماچ ئەکەم
وە لە خوای گەورە ئەپاڕێمەوە کە هەرگیز گەزەندو گیروگرفت نەبینن، خۆم لێم ئاشکرایە کە دەربارەم دڵگیرن، وە رەنگە هەندە شتێکیشم پێ بڵێن، بەخوا دەردی مستەفا ئەخزەر ئەڵێ: واشەو واش نیە، منیش ئەڵێم حەقتانەو حەقیشتان نیە، حەقتانە چونکە من هەموو کاتێک بە دڵ و دەروون دەستەبەرم بۆ بەجێهێنانی فەرمانتان و ئامادەم بۆ کردنی، ئەنجا ئەگەر دوابکەوم ئەوە گوناهێکی گەورە فەراهەم ئەهێنێ بۆ من، وە ئەڵێم حەقیشتان نیە چونکە خوا ئەیزانێ کاروبارم دە چەندانەی پێشوو زۆر بووە، هەروا لە ژێریا نقەم دێ، لەبەر ئەمە لە نووسینی وشەی ناو فەرهەنگەکەی (ایه الله) دواکەوتووم، ئومێدم وایە ئەم دواکەوتنە تا سەر نەبێت، پشت بەخوا دوای ڕەمەزان تەپ ئەدەمە سەری و تەنگی پێ هەڵئەچنم وە زوو زوو وەک کولێرەی گەرمە تەندور، دوابەدوا پێشکەشی دەکەم، کەواتە ببوورن...
ئەم نامەی مامۆستا محەمەد کوردی لە ساڵی 1956 نوسراوە، لەو کاتەدا شێخی خاڵ لە موسڵ قازی بووە، وەک لە نامەکەوە دەردەکەوێت خاڵ لەو کاتەدا سەرقاڵی نووسینی فەرهەنگەکەی بووە، مامۆستا کوردیش لە سلێمانیەوە لە ناو فەرهەنگەکەی ئایەتوڵای مەردۆخیدا وشەی کوردی رەسەنی بۆ گوڵبژێرکردووەو بۆی ناردووە، ئەم نامەیە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە خاڵ ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی نووسینی فەرهەنگی خاڵ بووەو مامۆستا محەمەد کوردیش هاوکارێکی دڵسۆزو خەمخۆری بووەو فەرهەنگەکەی ئایەتوڵای مەردۆخیش سەرچاوەیەکی رەسەنی فەرهەنگی خاڵ بووە.
ئەم نامەی مامۆستا محەمەد کوردی هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە گوایە بەشێکی ئەو فەرهەنگە مامۆستا کوردی نووسیبێتی، بەڵام دەکرێت گلەیی لە خاڵ هەبووبێت کە دەبوو لەسەر بەرگی کتێبەکە، یان لە پێشەکیدا ئاماژەی بە هەوڵ و ماندووبوون و هەڵەچنی و پاکنووسکردن و هاوکاریکردنی مامۆستا محەمەد کوردی بکردایە، کورد گوتەنی گلەیش لە دۆست دەکرێت.
کورد گوتەنی لە دوای مردن رەحمەت چاکە، نازانم لەدوای ساڵانیکی زۆر لە کۆچی دوایی کەسانێک کە زۆرترین خزمەتیان بە وڵات و مێژوو و زمان و رۆشنبیری کردووە، ئەو کەسانەی بەبێ هیچ بەڵگەیەک دەیانەوێت مێژوویان بشێوینن، نازانم بەو ڕەفتارەیان چ خزمەتێک بە میللەتەکەیان دەکەن و چ زیادەیەک دەخەنە سەر مەعریفەی مرۆڤایەتی؟ لەبری ئەوەی رەحمەت و دروودیان بۆ بنێرن و بەرهەمەکانیان بنرخینن و کۆڕو کۆنگرەی زانستییان بۆ بگرن، بەڵام مەخابن هاتوون ژاوەژاوەێکی ناسازیان سازکردووە.
شێخ محەمەدی خاڵ لە کاتێکدا لە ژیاندا بووەو پاش کۆچی دوایشی زۆرێک لە نووسەران و شاعیران ستایشی بەرهەم و خزمەتەکانیان کردووە، ژمارەیەک لە شاعیرانیش شیعریان بۆ هۆنیوەتەوە، مامۆستای گەورە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە یاداشتەکانیدا بەم شێوەی باسی شێخی خاڵی کردووە:
ئەم زاتە لە ماوەی قەزاوەتیا گەلێ خزمەتی بە زانست وتەعمیراتی دینیەی شاری سلێمانی کردووە، پێویستە بە ڕیسالەیەکی باش تەرجەمەی کردەوەی بکرێت، گەلێ ئیستیفادەی زانستی و ئەدەبی و مێژوویی لە کتێبەکانی دەکرێت، ئەم زاتە زۆر شیاوی تەقدیرە لەلای ئەو کەسانەی کە خاوەن ویژدان و خاوەن ئینسافن.
هەروەها مامۆستا فاتیح مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس شیعرێکی بۆ چلەی کۆچی دوایی خاڵ نووسیوە، لە بەشێکی شیعرەدا بەم شێوەیە ستایشی کردووە:
ئەی بلیمەت زانا و مامۆستای
گەلی کورد!
لەش نەیتوانی گیان هاتووە
بە دەست و برد
چەپکێ دروودی بێگەردی
پێیە بۆ سەر گڵکۆی بێگەرد
بەندی جێگام، گروفتارم،
بەڵام تا مەرگ وەفادارم
........
هەروەها شاعیری ناسراو حەسیب قەرەداغی کە لە بیرکردنەوەشدا زۆر لە شێخی خاڵ جیاوازبووە، چامەیەکی زۆر بەرزی بۆ چلەی ماتەمینی خاڵ نووسیوەو لە بەشێکیدا ئەڵێ:
ئەم شێخە گەورەی من بۆی پەشێوم
هەمیشە ناوی وا لەسەر لێوم
ڕابەری ڕێگەی خامەو خەیاڵە
بەچامەو هەڵبەست وەسفی مەحاڵە
........
لە بەشێکی تریدا ئەڵێت:
قوربانی تۆبن هەزار لەوانە
چ لە دامێن و چ لە كەوانە
قامەتی بەرزت گەورە شارێ بوو
بۆن و بەرامەت نەوبەهارێ بوو
جگە لەم نووسەرو شاعیرانە زۆرێکی تریش لە ڕۆشنبیران و شاعیران باسی شێخی خاڵیان کردووەو بەرهەم و هەوڵەکانیان بەرز نرخاندووە لە خزمەتکردن بە مێژووی میللەتەکەی.
شێخی خاڵ لە هەموو نووسینەکانیدا جەخت دەکاتەوەو لەسەر خزمەتکردن بە زمان و مێژووی کورد، هەوڵی ڕیفۆرم و دینداریەکی زانستی پاک و بێگەرد کە دووربێت لە هەموو خورافەو شتێکی نابەجێ، پێکەوە گرێدانی رەسانەتی رابردوو لەگەڵ پێشهاتە زانستی و مەعریفیەکانی سەردەمدا، خەم و هەوڵی خاڵ بۆ خۆشی و خۆشبەختی میللەتەکەی بووە، هەربۆیە لە لاپەڕەی یەکەمی زۆرێک لە کتێبەکانیدا، وتویەتی:
ئەمن دەمرم، بەڵام وێنەم دەمێنێ
هیوام وایە کە خۆشی گەل ببینێ.
زانایەک ئەوەندە لە خەمی گەلەکەیدا بووبێت و تەنانەت بەوە دڵی خۆشبووبێت کە وێنەکەی لە داهاتوودا خۆشی گەلەکەی ببینێ، دەبوو گەلەکەی وێنەکەی و هەموو یادەوەریەکانی لە ناخ و دڵ و ویژدانیانا بپارێزن و شوێنی شیاوی بۆ دابنێن، نەک بێن و بە هەندێ قسەی بێبنەما لە پاش مەرگی گیانی ئازار بدەن!!!
د. ئاراس محەمەد ساڵح
سەرچاوە: knwe