ئەمڕۆ هاوکاتە لە گەڵ ساڵرۆژی لە سێدارەدانی شێخ سەعید پیران
دوای روخانی ئیمپراتۆری عوسمانی و لە بەرامبەر و لە دژی بە تورک کردنی تورکیای کەمالیستی، سەرهەڵدانی کوردەکان بە رێبەرایەتی شێخ سەعید پیران، دەستی پێکرد. زۆربەی هۆزە کوردەکانی چوونە پاڵ ئەو سەرهەڵدانە و پشتیوانیان لێکرد. هەروەها هەندێک لە ئەفسەر و سەربازانی پێشووتری ئیمپراتۆری عوسمانی بە کورد و تورکەوە بەشداری سەرهەڵدانەکەیان کرد.
پشتیوانی ئەو ئەفسەر و سەربازانە هەتا ئێستاش مشت و مڕی لەسەرە. هەندێ کەس و لایەن بە پۆزەتیڤ و هەندێکیش بە نێگاتیڤ باسی لە سەر دەکەن. هەرچییەک هەیە، هەروەکوو چۆن ئێستا تورکیا بۆ رەشکردن و لە ناو بردنی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە هیچ کردەوە و بوختانێک سڵ ناکاتەوە، ئەو سەردەمیش بەشداری ئەو سەرباز و ئەفسەرانە، ببوە پێخۆری پڕوپاگەندەی کەمالیستەکان کە گوایە شێخ سەعید بە نیازی گەڕانەوەی خەلافەتە و بوونی ئەوانیش باشترین بەڵگەیە. جگە لەمە، پڕوپاگەندەی ئەوەشیان دەکرد کە شێخ سەعید بۆ خەلافەتێکی ئیسلامی تێدەکۆشێ نەک بۆ مافی کوردان! دەکرێ ئامانجی بەشداری ئەو کەسانە گەڕاندنەوەی خەڵافەت بووبێت، یان شێخ سەعید لە شۆڕشەکەیدا خاوەن کەم و کورتیش بووبێت، بەڵام هیچ کام لەوانە ناتوانێ پاساو بێت بۆ دڕندەیی و وەحشییەتی کەمالیستەکان لە سەرکوتی گەلی کورد و زەوتکردنی مافەکانیان.
دوای چەندی سەرکەوتن و چەندجار تێکشکانی سوپای تورک، سەرەنجام سوپای تورک توانی بە یارمەتی هێزی ئاسمانی سەرهەڵدانی شێخ سەعید کە توانیبووی ئامەد و بەشێک لە ناوچەکە رزگار بکات، سەرکوت بکات و لە 29ی ژووەنی 1925دا شێخ سەعید و یارانی لە سێدارە دران. دوای لە سێدارەدانی شێخ سەعید، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هەندێ بڕیاری توند دەر کرد بە ناوی چاکسازی لە خۆرهەڵاتی وڵات (مەبەست کوردستانی تورکیایە).
بە پێی ئەو چاکسازییە، کوردەکان هەر تورکن، بەڵام تورکێکی کێوین!!! لە ئاکامی زەبر و زەنگی دوای سەرکوتی سەرهەڵدانی شێخ سەعید، بەشێکی زۆر لە کوردەکانی باکوور، ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێهێشت و روویان لە سوریا کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون.
دەوڵەتە یەک لە دوای یەکی تورکیا، هەرکات بیانهەوێ هێرش بۆ سەر مافەکانی گەلی کورد بکەن یان بیانهەوێ هەنگاوێک لەوبارەوە هەڵبگرن، هەمیشە بۆنەیەکی سیمبولێک هەڵدەبژێرن. لە دوای بەدیلگرتنی ئۆجەلان، رۆژی 29ی ژووەن کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لە سێدارەدانی شیخ سەعید پیران، بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ ئۆجەلان دەرکرد، بەڵام دواتر بەهۆی گۆشاری خەڵک و ترسی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیستی لە ئاکامەکانی تاوانێکی لەو شێوە و هەروەها بە هۆی هەوڵی خۆگونجاندنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەگەڵ بایەخەکانی یەکێتی ئوروپا، ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە و لە سێدارەوە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.