سەعدی ئەحمەد پیرە
شکۆی سلێمانی تەنها ئەوە نیە لەنێو شارەکانی کوردستاندا بە پایتەختی رۆشنبیری بناسرێتەوە . تەنها ئەوەش نیە سێ بەشی کەڵە شاعیرانی کوردو ئوستادی ئەدەب و نوسەری بە سەلیقەو زاناو دانای عالی مەقامی ئایینی لەم شارەدا چاویان بە دونیا هەڵهێنابێ، شکۆی سلێمانی لەوەدایە کە پێشەنگی رابەڕایەتی بزووتنەوە رزگاریخوازو داینەمۆی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان بووە.
بەدرێژایی هەزاران ساڵی بندەستی داگییرکاری رۆم وعەجەم بۆ یەکەمجار بوو لەمێژووی هاوچەرخی کوردستاندا کیانێکی سەربەخۆی ئازاد لەسەر دەستی شێخ مەحمودی نەمر لەمشارەدا رابگەیەندرێ و یەکەم حکومەتی سەربەخۆی کوردیش لەمەملەکەتی شێخی گەورەدا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ.
- لەبیرم دێ سولەیمانی كە دارول موڵكی بابان بوو
نەمەحكومی عەجەم و نە سوخرەكێشی ئالی عوسمان بوو.
پێویست بەوەش ناکات باسی ئەو راپەڕینە جەماوەرییانەش بکەین کە بەدرێژایی حوکمڕانی داگییرکەراندا هەر لەمشارەدا سەریان هەڵدا تا گەیشتە ئەوەی سلێمانی بۆ یەکەمجار لەمێژووی هاوچەرخی عیراقدا تاجی سەروەری بخاتە سەر گۆیژەو ئەزمەرەوەو لەراپەڕینێکی بێوێنەدا جاڕی رزگاری کوردستان بدات و ببێتە پێشەنگی شارە ئازادکراوەکانی هەرێمی کوردستان و ، بەهاری ساڵی ١٩٩١ سەوزتر بکات و ببێتە نموونەیەک بۆ ئازادکردنی شارەکانیتری کوردستان لەدەستی رژێمی بەعس بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە. بۆیە مێجەرسۆنی حاکمی ئینگلیزی کوردستان سەرەتای سەدەی رابردوو قسەکەی راست دەرچوو کە ووتی : هەر كەسێك بیەوێت حوكمی كوردستان بكات، ئەبێت خۆی لە سلیمانی نزیك بكاتەوە ..
نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە هەر رۆڵە ئازاو قارەمانەکانی سلێمانی وناوچەکانی بوون ڕێبەرایەتی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیان کردو یەکەم مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشیان ناردە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان و جاڕی شۆڕشی بەڕەنگاربوونەوەیان دا بەگوێی هەموو دونیادا . بەشی هەرە گەورەی شەهیدانی کوردستانیش هەر رۆڵە ئازاو نەبەردو رۆشنفکرەکانی سلێمانی بوون کە بە گیانی خۆیان پارێزگارییان لەبوونو وجوودی کورد کردو لەم پێناوەشدا گیانی خۆیان بەخت کرد.
- چەک قەڵەم دوانەی خەباتی هاوژینم
لە چاویاندا رێی ئازادیم ئەبینم
سلێمانی لەچاو شارەکانیتری کوردستان هێشتا لەتەمەنی گەنجێتیدایە ، بەڵام ئەوەی ئەم شارە لەمێژووی کوردستاندا لەنەبەردی وشۆڕشگێری و بیری نەتەوایەتیدا تۆماری کردووە مایەی شانازی هەموو کوردێکە لەهەرچوار پارچەی کوردستاندا. هەر ئەوەش بوو سەرۆک ئۆجەلان بە دڵنیاییەوە ئەیووت: هەموو كوردستان پێویستی بە سێ سلیمانی ترە بۆ رزگاربوونی..
لەخۆڕاش نەبوو دیکتاتۆری عیراق صەدام حوسێن تەنها لەرۆڵەکانی ئەم شارە زەندەقی چووبوو ، چونکە ئەوەی لەهەموو شارەکانی عیراق بە کوردستانیشەوە بۆی ئەچووە سەر لەسلێمانی بە خۆڕاگری خەڵکەکەی شکستی پێ ئەهێنرا ، رژێمە سەرکوتکەرەکەی صەدام بەم هەموو سوپاو دەزگا ئەمنیو موخابەراتیەکانیشەوە گییری خواردبوو بەدەست خەڵکە قارەمانەکەی سلێمانییەوە.
مەحوی گەورە فەرموویەتی :
- بەقانونی تەجەننون شۆڕشێ بەرپا نەكەم چی بكەم
لەساڵڕۆژی دامەزراندنی سلێمانی بابانیەکاندا تەنها ئەوەندەمان پێدەکرێ وەکو شاعیرەکەیان دەڵێ:
- چاوم مۆمی تەمەنتە وا بۆت دائەگیرسێنم
جەژنی لە دایكبوونتە رۆحم بەدیاری دێنم.
هەمیشە سەربەرزو سەرفراز بێت سلێمانی وخەڵکە رۆشنفکرو نەتەوەخوازو شۆڕشگێڕەکەیان.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سلێمانی وگشت شەهیدانی رێگای رزگاری و ئازادی کوردستان.
سەرچاوە : خەندان