محمد خۆشناو
هەڵبژاردنەکانی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەسەرکەوتنی کۆماریەکان بەسەرۆکایەتی «دۆناڵد ترامپ»ی باڵی ڕاستڕەوی کۆمارییەکان و شکستی «کامیلا هاریس»ی چەپی لیبڕالیی دیموکراسەکان، کە پاڵپشتی لە ئازادیەکان و بیری نوێی بونیاتنەر دەکەن کۆتایی هات. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە کۆمەڵگەی ئەمەریکی هەمیشە لەگەڵ سەرۆکێکی وا بەهێزدایە کە بتوانێت وڵاتەکەی بپارێزێت و دەستەبەری ئابووری بۆ خەڵک بکات ، کۆمەڵگەی ئەمەریکی لەگەڵ پڕنسیبەکەی «نیکۆلۆ ماکیاڤیلی»یە کە دەبێت سەرۆک لەهەمان کاتدا شێر بێت و ڕیوی بێت و ، هەروەها لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا وێنەیەکی زهنی سلبی بەرانبەر ژن هەیە کە تاچەند دەتوانێت حوکمی وڵاتێکی وا گەورە بکات کە تەجاوزی هەڵچوون و سۆز و عاتیفەکانی بکات ، هۆکارێکی تر کە یارمەتی سەرکەوتنی «ترمپ»یدا ئەوەبوو کە ئەو پیاوە توانی کردەوەکانی بەجوانی بە بازاڕ بکات ، بەبازاڕیکردن هونەرە و هەموو کەس لەو هونەرە نازانێت و ناتوانێت بە باشی بەکاریبهێنێت ، ترەمپ کاتێک تەقەیان لێکرد و گوێی بریندار بوو ، زۆر بەجوانی ئەو ڕووداوەی ئیستیسمار کرد و خۆی کردە قوربانی ، یان کاتێک «بایدن» بەزبڵ و خاشاک وسفیکرد ، ئەو چوو سەیارەیەکی زبڵفڕەدانی هێنا و دەستی بەکۆکردنەوەی زبڵ کرد و هەروەها کاری تری لەو جۆرە…بەقسەی نوخبەی ڕۆشنبیر و نیوەی براوەی خەڵاتی نۆبڵ کە ژمارەیان «23» ئابووریناس بوون ، لە نامەیەکیاندا وەسفی بەرنامەی « کامێلا هاریس »یان بەوە دەکرد کە «زۆر باڵاترە» لە بەرنامەی کێبڕکێکارەکەی ، بەڵام دەنگدەری ئەمەریکی ڕایەکی تری هەبوو ، هەموو چیرۆکەکە ئەوەبوو کە ترەمپ قسەی لەگەڵ دەنگدەری ئەمریکی بەوەدەکرد کە ئەوەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و ئەوەی پەیوەندی بە ئەعسابیەوە هەیە لە ناوەوەی دەیخستەڕوو ، بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی بەهێزتر و واقیعی تر بوو ، بەڵام نوخبەی ڕۆشنبیری لیبڕالی و چەپی ڕادیکالی دیموکراتەکان تەرکیزی کردبووە سەر قسەی ناشیرین و بریندارکەر و وەسفکردنی ترەمپ بە فاشی و سەرسامی بە هیتلەر و دژە ژن….تاد دەکرد ، بەڵام سەیرەکە لەوەدابوو ئافرەتانیش دەنگیان دا بەو کەسەی کە تێوەگلابوو لە قەزیەی کڕینی بێدەنگیی ژنە ئەکتەری سێکسی و ڕەتکردنەوەی لەباربردن و هاوڕەگەزخوازی ، ئاشکراشە وێڕای کرانەوەی بێسنوور ، تائێستا کۆمەڵگەی ئەمەریکی پابەندە بە هەندێک پڕنسیب و تائێستا خانەوادەیەکی زۆر لەباربردن و هاوڕەگەزخوازیی و گۆڕینی ڕەگەز ڕەتدەکەنەوە ، بۆیە ترەمپ لەکورتکردنەوەی ئەو هەڵوێستە سەرکەوت کاتێک قسەکانی ئاراستەی دەنگدەر دەکرد و دەیگووت ( ئەو« مەبەستی هاریس بوو» لەگەڵ ئەوانە…من لەگەڵ ئێوەم ).
شکستی دیموکراتەکان لێدانێکی تووند بوو لە لیبڕالیەتی عەبەسی و هاروهاج بە کێشەکانی ناکۆکی کە هیچ پەیوەندیەکی بە واقعی هاوڵاتی ساکاری ئەمەریکی نەبوو ، ترەمپ بردیەوە چونکە ڕاستەوخۆ موخاتەبەی خەڵکی بە زمانی دۆلار و پاروەنان و ، بەزمانی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیری وڵات و فەوزای کۆچبەری دەکرد ، لەکن ترەمپ بینینی دۆلار واتە بینینی ووڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، بێگومان ئەو ڕاستیەش هەیە کە هەرچەند سەرۆکەکانی ئەمەریکا بگۆڕێن ، دیموکراتەکان بن یان کۆماریەکان ، سیاسەتی ئەمەریکا لەناوەڕۆکدا بەرانبەر جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرە کە گوزارشت لە بەرژەوەندیەکانی دەکات ، ناگۆڕێت بەگۆڕانی ناوەکان یان بەڵێنەکان ، میزاجی کەسێتی سەرۆک کاریگەری لەسەر دامەزراوەکان و ستراتیژیەتی ئەمەریکا نابێت ، ئەگەر لە دەنگدەری ئەمەریکی بپرسیت کوردستان لە کوێیە !! لەوانەیە بڵێت ئەوە یەکەم جارە ئەو ناوە دەبیستم ، جارێکیان لە دەنگدەرانی ئەمریکیان پرسیبوو کە « کۆفی عنان » کێیە ؟ کە ئەوکات ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرووەکان بوو ، هەندێکیان گوتبوویان جۆرە خواردنەوەیەکە لە بازاڕەکان هەیە ! ئێمەی کورد هیچمان لەبەردەمدا نیە تەنها ئەوە نەبێت کە کێشەکانی خۆمان خودی خۆمان بەدەستییەوەگرین و چارەنووسی خۆمان دروستبکەین و ئایندەمان بە کردەوەکانمان نەخش بکەین .
سەرچاوە : هاوڵاتی