شوێنەوارێك لە سۆران دۆزرایەوە كە مێژووەكەی بۆ 7 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

لە سەنتەری شارۆچكەی سۆران شوێنەوارێك دۆزرایەوە كە مێژووەكەی بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەو شوێنەوارە لەلایەن تیمێكی شوێنەوارناسی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا كاری هەڵكۆڵینی بۆكراوە.
ماوەی دوو هەفتەیە تیمێكی زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بە هەماهەنگی و هاوكاری بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران كاری هەڵكۆڵین لە گردی بانەهێلك لە سەنتەری شارۆچكەی سۆران ئەنجام دەدەن.

کاری هەڵکۆڵین لەو گردەدا بۆ پێنجەمین جارە ئەنجام دەدرێت و نیومەتر لە شوێنەكەیان هەڵكۆڵیوە و چەندین پارچەی جیاوازی شوێنەواریان دەستكەوتووە.

نەریمان خانەڕەحیم، مامۆستای زانكۆ لەبەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەم شوێنەوارە بۆ سۆران گرنگی خۆی هەیە، چونكە ئەوە دەردەخات كە حەوت هەزار ساڵ پێش ئیستا مرۆڤ لێرەدا ژیاوە و شارستانیەت هەبووە، لەوسەردەمە مرۆڤ لەشاخەكان هاتوونەتە خوارەوە و ئاژەڵیان بەخێوكردووە و كشتوكاڵیان كردووە و گۆزەیان دروستكردووە.

شوێنەواری گردی بانەهێلك لە ساڵی (1954) لەلایەن تیمی شوێنەوارناسی زانكۆی شیكاگۆی ئەمریكی دۆزراوەتەوە و كاری هەڵكۆڵینی بۆكراوە، ماوەیی (5) ساڵیشە تیمی زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی گرێبەستیان لەگەڵ بەشی شوینەواری زانكۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران هەیە و كاری تێدەكەن.

بە وتەی ئەو مامۆستایەیە زانکۆی سەڵاحەدین: لەئەنجامی كاری هەڵكۆڵیندا چەندین پاشماوەی شوێنەواری گرنگ دۆزراونەتەوە، لەوانەش (پارچەی كانزایی سەرەتیر و مستیلە، هەروەها گۆزەی سەردەمی ساسانیەكان و سەردەمی پێش ئیسلام و تادەگاتە سەردەمی حەلەف كە كۆنترینیانە و مێژووەكەی بۆ هەزارەی حەوتەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە، هەروەها بەردی ئۆفسید و ئێسكی ئاژەڵ و تەندور و كەندویان دۆزیوەتەوە).

بەپێی زانیاریەكانی ڕۆژنیوز كە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران وەریگرتووە زیاتر لە هەزار شوێنی شوێنەواری لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیە، لەلایەن تیمی زانكۆی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و زانكۆی پەنسلڤانیای ئەمریكی و تیمێكی ئەڵمانی كاری هەڵكۆڵین لەو شوێنە شوێنەواریانەدا ئەنجام دەدرێت.

ئانا گۆمێز، سەرۆكی تیمی شوێنەوارناسی زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا، باسی لەوەکرد، دوو هەفتەیە كار لەو شوێنەوارەدا دەكەن و ئەمڕۆ دەستیان لەكار هەڵگرت، دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەیەكی تر و لەكاری هەڵكۆڵین بەردەوام دەبن.

ئانا دەڵێت گردی بانەهێلك لەڕووی مێژووی شوێنەوارییەوە بایەخ و گرنگی زۆری هەیە، چونكە شوێنەوارێكی كۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا، دەشڵێت ئەمساڵ ئەنجامێكی باشمان بەدەست هێناوە و لەجاری داهاتوودا زیاتر بەرەو پێشەوە دەچین.

كاری هەڵكۆڵین لەلایەن تیمی شوێنەوارناسی زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و تیمی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین بەچاودێری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران لە گردی بانەهێلك كۆتایی هات و تەواوی شوێنەوارەكە بە نایلۆن و گڵ داپۆشرایەوە و تا وەرزێكی تر كاری هەڵكۆڵینی تیادا ڕاگیرا.

 

 

سەرچاوە: rojnews