میترۆ,رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کاری میدیایی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، کاردانەوەی لێکەوتەوە و رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان دەڵێت " رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری، کۆت و بەندكردنی ئازادیی رادەربڕینە".
لە رێنمایی ژماره یەکی ساڵی 2023 لەبارەی كاری میدیایی له ههرێمی كوردستان (تایبەت بە رێكخستنی فریكوێنسی رادیۆ و تەلەڤزیۆن) كه له رۆژی 22ی 5ی 2023 لهلایهن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستانهوه دهرچووه، چەندین رێنمایی بڵاوکراونەتەوە کە لە 17 مادە پێکهاتووە.
لە مادەی هەشتی رێنماییەكەدا هاتووه، "له كاتی دروستبوونی كێشه و گرفتهكان و پهنابردنه بهر یاسا و دهسهڵاتی دادوهری، ئەم سیستەم و رێنماییە هاوشان لەگەڵ یاسای رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان و یاسای مافی دانەر و مافە هاوسێکانی و ئهحكامهكانی دیکەی گشتی، دەبنە پێوەرێك بۆ بڕیاردان لەو پرسانەی كە دەچنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری."
رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی
لە مادەی نۆیەمدا، باسی رێخکستنی میدیای ئەلیکترۆنی کراوە کە (رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسان ناگرێتەوە) و هاتووە:
1. دەزگای میدیایی کە هەواڵ و زانیاری لە رێگەی نووسین دەگوازێتەوە و ئەدرێس و ناونیشانی ئاشکرای هەیە.
2. رۆژنامەنووس، ئەو کەسەیە پیشەی رۆژنامەنووسییە و کاری رۆژنامەنووسی دەکات، گرێبەستی رۆژنامەنووسی لەگەڵ دەزگایەکی رۆژنامەی ئۆنلاینی (میدیایی ئەلیکترۆنیدا) هەیە. ژیان و گوزەران و خانەنشینی لە پیشەی رۆژنامەنووسیدا مسۆگەر دەکات.
3. میدیای ئەلیکترۆنی، پێگە، بڵۆگ، پۆرتاڵ، پەیج و هەر شێوازێکی دیکەی گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی شیکاری دەگرێتەوە، کە لە چوارچێوەی پیشەی رۆژنامەنووسیدایە.
قەدەخەکراوەکان
لە مادەی 12ی رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیریدا باسی قەدەخەکراوەکان کراوە و هاتووە: قەدەخەکراوەکانی بڵاوکردنەوە لە سۆشیالمیدیا و سەرجەم هۆیەکانی پەیوەندی ئەلیکترۆنی بە وەرگر ئازادیی بیروڕا و بڵاوکردنەوە مسۆگەرە جگە لەم بابەتانە:
1. هەر بابەتێک هاندانی تێدا بێت، بۆ دووبەرەکینانەوە لەنێوان توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی، بە تایبەتی لە رووی نەژادی، نەتەوەیی، ئایینی، رەگەزی یان هەر بوارێکی تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە.
2. پەخشنەکردن و بڵاونەکردنەوەی ئەو بابەت و وێنانەی هانی کرداری تووندوتیژی و تیرۆریستی و تاوان و تاوانکاری دەدەن، یاخود زەمینەسازی بۆ تاوانکارییەکان دەڕەخسێنن، یان سووکایەتی بە کەس، ئایین، ئایینزا، مەزهەب، سیمبوولی نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێت.
3. بڵاوکردنەوەی ئەو باس و بابەتانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی کولتوور و دابونەریت و ئادابی گشتیی کۆمەڵگە، کە لە یاسا بەرکارەکان دیاریکراون، بەدەر لەوە (هەموو شێوازەکانی دەربڕین، لە چوارچێوەی ئازادی و دیموکراسیدا مسۆگەرە).
4. وەرگرتن لە ناوەرۆکی باس و بڵاوکراوەکان، بە جۆرێک، کە بە ئەنقەست و بە مەبەستی تایبەت بەشێک یان تەواوی بەرهەم و نووسراوی کەسانی دیکە بکرێتە موڵکی خۆت، یان کەسانی دیکە، تەنانەت ئەگەر بە وەرگێڕان یان گواستنەوە بێت، کە لە سەرچاوەی ناوخۆ یان دەرەکی وەرگیرابێت.
5. بڵاوکردنەوە و کۆپیکردنی دەنگ، فیلم، وێنە و نامەی تایبەت، یان هەر دۆکیۆمێنتێکی دیکە کە کەسێک دەیداتە دەزگایەک وەک ئەرشیف بۆ پاراستن و چاککردن و لێکۆڵینەوە و پێشخستن.
6. بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی (هەموو شێوازەکانی پۆرن) بە هەردوو رەگەزەکەیەوە، یان ئەو بابەت و شێوازانەی ئامانجی ورووژاندنی سێکسیی تێدایە.
7. بڵاوکردنەوە و پەخشی هەر بابەتێک بەبێ رەزامەندیی خاوەن بەرهەم (نووسەر، وێنە، دەنگ، میوزیک، نەخشە، بەرنامەی ئەلیکترۆنی، کۆپیکردنی سی دی، فیلم، کاسێت و هتد..)
8. بڵاوکردنەوەی بەڵگە و دۆکیۆمێنت و فەرمانی نهێنی سەربازی و نهێنییەکانی لەشکر و جووڵەی سەربازی، هەروەها نەخشەی قەڵا و پێگە لەشکرییەکان لەکاتی شەڕ یان ئاشتیدا بێت قەدەخەیە.
9. بڵاوکردنەوەی دانیشتنە نائاشکراکانی دادگاییکردن لە دادگەکان، یان نهێنییەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوان یان لێکۆڵینەوەکانی سەرچاوەی ئاسایش لە هەرێم، یاخود بڵاوکردنەوەی دانیشتنە داخراوەکانی پەرلەمان، ئەگەر رەزامەندی بۆ وەرنەگیرابێت.
10. بڵاوکردنەوەی هەر بابەت و دەنگۆیەک کە کەسێک لەکەدار دەکات یان نهێنیی ژیانی کەسێک ئاشکرا دەکات، هەرچەندە راستبن، تەنها لە رێگەی دادگەوە رەزامەندیی بۆ وەردەگیرێت.
11. بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی بەرژەوەندییەکانی گشتی دەخەنە مەترسی، هاوشێوەی گومان لە ئازادیی بیروڕا و سیاسەتی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی و هەر بەرژەوەندییەکانی دیکەی گشتیی هاووڵاتییانی کوردستان.
12. ئاشکراکردنی نامە، تەلەگرام یان ئەو جۆرە دۆکیۆمێنتانەی لەلایەن ئۆرگانەکانی حکومەتەوە مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی گشتیی نییە.
13. هەر بابەتێک ناوزڕاندنی کەس و سیمبوولی نیشتمانی لێبکەوێتەوە، بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە سەرچاوەی ناوخۆیی پشتڕاست کرابێتەوە یان هەر هۆیەکی میدیایی دەرەکی بڵاوکرابێتەوە.
14. هەموو جۆرێکی بازرگانی نادروست و رێکلامی هەڵخەڵەتێنەر (فریودانی بازرگانی)، کە یاسای رێکلام چارەسەری نەکردووە، بە تایبەتی لە هۆیەکانی بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی.
15. هەموو ئەو خاڵانەی بە سەرپێچی و تاوان ئەژمار دەکرێن، لە یاساکانی (رۆژنامەگەری، بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی، قەدەخەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، رێکلامی بازرگانی، مافی بەدەستهێنانی زانیاری و هتد..)
رەحمان غەریب: حکومەت رێنمایی دژ بە یاسا و پلانەكەی خۆی دەردەكات
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی رێنمایی و یاساکانی وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "حكومەت دەبێت یاسای رۆژنامەگەری و زانیاری و پلانە ستراتیجییەكەی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ جێبەجێ بكات كەچی رێنمایی دژ بە یاسا و پلانەكەی خۆی دەردەكات، رێنماییەكان گوزارشتە لە سیاسەتی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ئازادیی كاری رۆژنامەگەری و رادەربڕین كە بەمەش ناوڕۆكی یاسای رۆژنامەگەری بەتاڵ دەكاتەوە."
لەبارەی مادەی چوارەمەوە، رەحمان غەریب گوتی، "باسی پەنابردن بۆ ناوزڕاندن و جنێودان و بێزاركردن دەكات، كەس نازانێت مەبەستی لە بێزاركردن چییە؟ ئەو چەمكانە تەفسیری جیاواز هەڵدەگرێت". لەبارەی مادەی نۆیەمیشەوە دەڵێت، "بەپێی مادەی نۆیەم، ئەم رێنماییە بواری رۆژنامەگەری و رۆژنامەنوسان ناگرێتەوە، بەڵام ئەی بۆ دوایی پێناسەی رۆژنامەنووس دەكات، تێناگەین مەبەستی چییە؟".
لە خاڵی 12دا، باسی "ئاشکراکردنی نامە، تەلەگرام یان ئەو جۆرە دۆکیۆمێنتانەی لەلایەن ئۆرگانەکانی حکومەتەوە مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی گشتیی نییە" دەکات.
رەحمان غەریب لەوبارەوە دەڵێت "لە یاسای رۆژنامەگەریدا (35ی ساڵی 2007)دا: 'رۆژنامە قەدەخە ناكرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت'، بەڵام لەم رێنماییەدا، وەزارەت ماف بەخۆی دەدات هەر لە راگرتنی كاتییەوە و لە كاتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچی، مافی درێژكردنەوەی راگرتنیش دەدات بەخۆی تا دەگات بە 'لیستی رەش'، واتە وەزارەت رێگە بەخۆی دەدات میدیا كە لەهەر روویەكەوە، تەكنیكی بێت، یان لە رووی ناوەڕۆكەوە ئەگەر سەرپێچی بكەن، لیستی 'رەشیان' بۆ بكاتەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش گشتاندن بۆ هەموو وەزارەتەكان بكات، تاوەكو هیچ مامەڵەیەك لەگەڵ ئەو كەناڵەدا نەكات بۆ ماوەی یەك ساڵ".
سەنتەری میترۆ لە راگەیێندراوەکەیدا لەمبارەوە ئاماژەی بەوە کردووە "لە یاسای رۆژنامەگەریدا، رۆژنامەگەری ئازادە و هیچ سانسۆرێكی لەسەر نییە، ئازادیی رادەربڕین و بڵاوكردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتییان دەستەبەرە، لە چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتەكانی تاك و ژیانیان بەپێی یاسا و پابەندبوون بە ئیتیكی رۆژنامەگەری، بەڵام رێنماییەكە چەندان سانسۆر و مۆنیتەرینگی لەسەر میدیا داناوە، لەوانە وەزارەتی رۆشنبیری لە بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەت، دەسەڵاتی دادوەری، داواكاری گشتی، فەرمانگەی میدیا و زانیاری".
رەحمان غەریب لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باس لەوە دەکات، "رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023ی تایبەت بە كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان، لە زۆر بڕگەدا مافێك بە خۆی دەدات كە مافی ئەو نییە، رێنمایی نابێت پێچەوانەی یاسا بەركارەكان بێت، وەك یاسای رۆژنامەگەری و زانیاری، رێنماییەكە كە وەرگرتنی مۆڵەتی میدیای بینراو و بیستراوە و لە بنچینەدا ئاڵۆزە، ئاڵۆزتكراوە." دەشڵێت، "ئەوەی لە پەرلەمان دەكرێت بە یاسا، نابێت بە رێنمایی لە رۆژنامەنوس و دەزگانی میدیا زەوتبكرێت".
سەنتەری میترۆ: وەزارەتی رۆشنبیری پەرلەمان نییە تاوەکو دەستکاریی یاساکان بکات
سەنتەری میترۆ داوا لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دەزگاكانی راگەیاندن لەنێویاندا مەكتەبەكانی راگەیاندنی پارتی و یەكێتی، پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات، هەموو بڕگەیەكی رێنمایی و بڕیارێكی وەزاری بەرامبەر دەزگاكانی میدیا رەتبكەنەوە كە پێچەوانەی مادەكانی یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای كاری رۆژنامەگەری بێت.
سەنتەری میترۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "وەزارەتی رۆشنبیری پەرلەمان نییە تاوەکو بچێت دەستكاریی یاسا بكات و بە ناوی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی كۆت و بەندمان بۆ زیاد بكات، دەبوو پەرۆشی فراوانكردی ئازادیی رادەربڕین بێت نەك بەرتەسكردنەوەی".
لەبارەی مۆڵەتەوە، رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەکرد، "زیاتر لە 100 ساڵە لە فەرنسا مۆڵەتی رۆژنامەگەری نەماوە، دوایین شوێن كوردستان بوو كە لە یاسای رۆژنامەگەریدا مۆڵەتی نەهێشت، هەرچەندە بۆ تەلەڤیزیۆن جیاوازە، دەڵێت مۆڵەت لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیرییە، بەڵام دوای رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوە کێشەی زۆر دروست دەكات".
لە بڕگەی دووەمی مادەی حەوتەمی رێنماییەکاندا هاتووە:
1. رسووماتی مۆڵەتی تەلەڤیزیۆنی لۆکاڵی DVB-T
2. سەرتاسەری (زیاتر لە پارێزگایەک): 20 ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
3. ناوچەیی (پارێزگایەک): 10 ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
4. رسووماتی مۆڵەتی سەتەلایەت: 40 ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
5. رسووماتی دەرهێنانی مۆڵەتی سەرلەنوێ پەخشکردنەوەی تەلەڤیزیۆنە عەرەبی و جیهانییەکان: 12 ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
6. رسووماتی مۆڵەتی چەپک: 30 ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
7. رسووماتی مۆڵەتی کەناڵی ئۆنڵاین: پێنج ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
8. رسووماتی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی پەخشتی IPTV: 20 ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
9. رسووماتی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی پەخشی DVB-T: 20 ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
10. رسووماتی ساڵانەی بەکارهێنانی فریکوێنسی لەلایەن کەناڵ و کۆمپانیاکانی پەخشی DVB-T بەپێی گرێبەستێک دەبێت کە لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕ لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دیاری دەکرێت.
11. رسووماتی ساڵانەی بەکارهێنانی لەرەلەر لەلایەن رادیۆ و کۆمپانیاکانی پەخشی (رادیۆی دیجیتاڵی) بۆ هەر لەرەلەرێک بەپێی گرێبەستێک دەبێت کە لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕ لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە دیاری دەکرێت.
12. رسووماتی کۆمپانیاکانی پەخشی رادیۆی دیجیتاڵی: 20 ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
13. رسووماتی کۆمپانیاکانی بواری فرۆشتن و بەکرێدانی فریکوێنسی سەتەلایت: پێنج ملیۆن دیناری عێراقییە و نوێکردنەوەی ساڵانەی چواریەکی ئەو بڕەیە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لەوبارەوە دەڵێت "رسووماتێكی زۆر دانراوە، لە مادەی حەوتدا سەتەلایت 40 ملیۆن، تەلەفزیۆن 20 ملیۆن، رسووماتی كۆمپانیاكانی پەخش 30 ملیۆن دینارە، ئەمە لێدانە لە میدیای ئازاد كە ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بدات و بەشێك لە میدیاكان ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن".
لە مادەی 11ی رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیریدا، ئاماژە بە لایەنەکانی جێبەجێکردن کراوە:
1. لایەنەکانی هاوکار لە جێبەجێکردنی ئەم رێنماییەدا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و کۆمپانیاکانی پێدەری ئینتەرنێت و مۆبایل و کۆمپانیای دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسی یەکەم دەبن لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم رێنماییە.
2. بۆردێک لە نوێنەرانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، سەندیکای رۆژنامەنووسان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێنماییە دروست دەکرێت، وەزارەتی رۆشنبیری سەرپەرشتی ئەم بۆردە دەکات.
3. وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بڕیاری کۆتایی لەسەر هەر رێکارێک دەدات، کە بەپێی ئەم رێنماییە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی هەیە.
سەنتەری میترۆ لەبارەی خاڵی دووەمی مادەی 11ـەوە دەڵێت: بۆردێک لە نوێنەرانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، سەندیکای رۆژنامەنووسان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێنماییە دروست دەکرێت. "واتا حكومەت خۆی رێنماییەكە بەسەر رۆژنامەنووساندا جێبەجێ دەكات".