عەبدوڵا کەریم مەحمود
گەر لە دوای رووداوەکانی تراژیدیای چاڵدێرانەوە ، بەوردی بڕوانینە مێژووی کوردستان ، دوور لە مەدح و وەسف وسەنا، دەیان تراژیدیای سەرکردەی ئەمارەتەکانی کورد دەبینین .
گەر مێژوونووس و نووسەران و رۆژنامەنووسان لە ئاستی رەوشتی پیشەکە یان دابن ، رووداوەکان وەک خۆی بەئەمانەتەوە ، بۆ خزمەتی مێژوو تۆمار بکەن ، کار لەسەر( کات وشوین و کەسانی ناو رووداوەکان وکەسانی دەوروبەو زنجیرە رووداوەکان ) بکەن ، دیمەنی رووداوەکان ، وەک فۆتۆیەک بە لایەنی باشی و بەخراپییەەوە ، وەک خۆی بخەنە روو.
زۆر لە سەرکردەکانی کورد ، لە نێو زنجیرە رووداوەکان دا ، لە ئاستی سەرکردایەتی دا نەبوون ،ئاستی هوشیاری و هەڵسوکەوت و هەڵوێسیان پڕ بووە لە گیانی خۆپەرستی ، لە بڕیارەکانیان دا گەورەترین هەڵەی مێژوویان کردوە ، گەلەکەیان رووبەرووی تراژیدیا کردووەتەوە.
لە و سەردەمەوە تا ئێستا ، ئەم سەرکردە دژی ئەو سەرکردە بووە و شەری یەکتریان کردووە ، هەندێکیان مەقاش و ئامێری داگیر کەرانی نیشتمانەکەیان بوون ، پلان و بەرنامە و نەخشەی داگیرکەرانی خاکەکەی دژ بە گەل و نیشتمانەکەیان جێ بە جێ کردووە.
لە چاڵدێرانەوە کوردستان کرا بە دوو پارچەوە ، بەشێکی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمان ی تورکیاو و بەشەکەی تریان کەوتە ژێردەستی دەوڵەتی دەوڵەتی سەفەوی ئێران ،سەرکردەکانی کورد ، لەو سنووری جوگرافیا دیاری کراودا ،شەڕی یەکتریان کردوە و کوردیان ، بە کورد بەکوشت داوە.
گرێ ی ئاڵۆزی دەروونی سەرکردەکانی کوردبە درێژایی مێژوو بەردەوام بووە ، لە سەرەتای شەستەکانەوە ،تا ئێستا نزیکەی ٦٠ساڵە ،لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری عێراق ولە سەردەمی شۆڕش وشاخ ، لە دوای راپەڕێن وپەرلەمان و حکومەتی هەرێم ودوای نەمانی سەدام و عێراقی نوێ ی دەسەڵاتی شیعە ، سەرکردەکانی کورد بە پێ ی زەمەنە جیا جیاکان ، بە سیناریۆی مەلای و جەلالی هەزران کوردیان بە یەکتریی داوە بە کوشت .
ئەو نەخۆشییە سایکۆلۆجییە ی سەرکردەکانی کورد بۆدژایەتی یەکتریی و سڕینەوەی یەکتریی ، لەو هەست بەکەمی کردنەوە سەری هەڵداوە ،دەروونی ئەوان نە بە کورسی دەسەڵات، نە بە هەدەردانی سامانی نیشتمان ،بەهیچ هێور نابێتەوە .
سەرکردەی حیزبە سیاسییەکانی کورد، وەک سەرکردەی ئەمارەتەکان ، بە بەردەوامی لە سنوورێکی جوگرافیای دیاری کراودا ، بەهاو نرخ بۆ یەکتری دانە ناوە ، دژایەتی یەکتریان کردوەو و یەکترییان سڕیوەتەوە.
بە بڕیار و بە سیناریۆی ئەوان لە شەستەکانەوە تا ١٩٩٨لە زنجیرە شەڕەکانیان ، کوردیان بە کورد بە کوشت دەدا ، ،جوگرافیای هەولیریان سلێمانیان کرد بە دوو وڵاتی جیاواز،دوو پەرلەمان و دوو حکومەت .
شاری سلێمانی باجی ململانێ ی نابەجێ ی ( یەکێتی و گۆڕان و پارتی و ئەو حیزبانە ) دەدا کە لە پەلەمان و حکومەت دابە عەقڵێکی داخراوی حیزبایەتی یەوە هەڵسوکەوت دەکەن .
لە پەیمان نامەی لۆزانی ١٩٢٣ ، بەسیناریۆی بەریتانیاو فەرەنساو یەکیتی سۆڤیەت و تورکیای نوێ ی مستەفا ئەتاتورک ، مافی چارەنووسی کوردوکوردستان یان لە پەیمان نامەی سیڤەردا سڕییەوە ،لەلۆزانەوە تا ئێستا ، کورد کۆمەڵ کوژو ئەنفال و کیمیاباران وجینۆساید دەکرێ ، هەموو بیابانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق گۆڕی بە کۆمەڵی کوردە .
لە دوای راپەڕینەوە سەرکردەکانی کورد لە بری ئەوەی ئەو زنجیرە هەڵە گەورانە ،چەند بارە نەکەنەوە ، شەڕی کورسی دەسەڵات و جیاوازای شارەکان و جیاوازی جوگرافیای نیشتمانەکەیان دەکەن .
لە ١٩٢٣ تا ٢٠٢٣ دوای تێپەڕبوون ١٠٠سا ڵ بەسەر تراژیدیا ی لۆزان، داگیرکەرانی نیشتمان بە نیازن ، لە سیناریۆیەکی تردا . ئەمجارەیان کورد و نیشتمانەکەی بەم سەرکردانەی کورد بسڕنەوە .
سەرچاوە : سپی میدیا