ئەم ڕۆمانە لە نووسینی ، گۆران سەباح، وەشانی نووسیار بە چاپی گەیاندووە. ساڵی ٢٠٢١.
یەکێکە لە ڕۆمانە تایبەتەکانی ئەم زەمەنە، کتێبێکی پوختی فکرییە. لەسەروی هەموویەوە، بەلایەنی خوێنەری وەکوو من، بەڕاستی نوسینی ئازاد و خەیاڵ فراوان چێژ بەخشە.
دەتوانم بڵێم لە نێو ڕۆماننووسەکانی کورد یەکێکە لە باشترینەکان، تۆ گەر بێت و سەیری ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بکەی هەست بە ئازادی وشە بە وشە دەکەیت کە هیچ وشەیەک خۆی نەشاردۆتەوە لە پاڵ مەبەستێک کە خوێنەر نەتوانێت مەبەستەکە بدۆزێتەوە، بەڕاستی ئەم ڕۆمانە لە فەرهەنگی کوردیدا کارێکی نوێ و دانسقەیە.
کاتێک خۆێنەری ڕۆمانەکە بەر یەکەم ڕستە دەکەوێت، کۆمەڵێک پسیاری لەلا دەوروژێت، ئایا بۆ خەڵک دەبارێت؟ کۆماڵێک پسیاری تریش.
ڕۆمانی ”مرۆڤی هەرزان” باس لە داهاتوو دەکات و دیاردەی زۆر سەیر ڕوودەدات و خەلکێکی یەکجار زۆر ڕوو لە خۆکوشتن دەکەن، بەڕاسی ئەم ڕۆمانە بۆ سەردەمی ئێستا زۆر گونجاوە، یانی گەر بێین و سەیری واقعی ژیان بکەین، دەبینیین کە ڕۆژانە چەندەها کەس ڕوو لە خۆکوشتن دەکەن بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز. بگرە ئەوە زۆر بەڕوونی دیارە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر پرسی خۆکوشتن دەبیستیین، لە قسەی بازاڕی ڕا بگرە تا دەگاتە ئەو شوێنانەی لەلای ئێمە باشترین و پیرۆزترینن. کارە سەختەکانی ژیان وایان کردووە کە مرۆڤەکان ڕۆژانە جۆرەها وشەی خۆکوشتن بەکار بهێنن، بۆ نموونە: ”خۆزگەم بەو کەسەی لەنێو گۆڕدایە، ئێستا ئاسوودە و بێ خەمە”. باشە ئەم ڕستەیە دەتوانیت کەمێک لێی وردببیتەوە، بە بیری خۆتی بهێنیتەوە کە ڕۆژانە چەند جار بەر گوێت دەکەون لە شوێنە گشتیەکان؟
هەر لەسەر ئەم ڕۆمانە فەلسەفییە، جگە لە ڕووداوی خۆکوشتن، دەبینین چارەسەرەکەشی بە وردی نووسراوە. لەم ڕۆمانە هۆکاری خۆکوشتن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بێ ئامانج و دەستکەوتە. بەڕاستی لە ژیانی ئێستادا خەلکی زۆرینەی بێ ئامانجە، هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ داهاتووی خۆی بۆیە بەرەوڕووی کێشە دەبێتەوە. مرۆڤ گەر ئامانجێکی هەبێت ئەوە وەک ”سکەی شەمەندەفەر” وایە کە بێ هیچ کێشەیەک دەتوانێت لەسەر سکەی ژیان بڕوات و بەردەوام بێت تا دەگات بە ئامانجەکەی. باشە لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت، ” گەر گەیشت بە ئامانج ئەوکات چی دەبێت؟ هەوڵی خۆکوشتن نادرێت؟”.
بەڵێ زۆر جاریش ئەوەشمان بیستووە، کەسێک دوای ماندووبونێکی زۆر لە کۆتای ئامانجەکەی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو کەسانەی دەورووبەری، بەراستی لێرە هەوڵ بۆ جێژ وەرگرتن لە ژیان نادرێت، هەوڵ بۆ مادی دەدرێت. چۆن لە رۆمانی ”مرۆڤی هەرزان” دەڵێت: ” لە منداڵییەوە فێری ئەوە دەکرێن پارە و دەسەلات ڕزگاریان دەکات، یەکێک ڕزگاریان دەکات، کاتێک گەورە دەبن و دەزانن وا نییە، دەشکێن”. بەڵێ ئەوە دەبێتە هۆکاری خۆکوشتن.
باشە گەر بێین ئەم جارە سەیری واقعی ڕۆمانەکە بکەین، ئەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن و کۆتایی بەژیانی خۆیان دەهێنن، ئەوان سەرلێشێواوی تەواویی مێشکیانی داۆشیوە، باشە ئەمەش نابێتە کارێکی فەرمی کە کەسەکان خۆیان دەکوژن؟!
بەڵێ ئەوەش کارێکی فەرمییە لەلای ئەوان چونکە کۆتا ڕێگایە و کۆتا دەربازبوونە لەم هیلاکییە و بی بەرنامەیە، بەڕاستی ژیانێکی سەیرە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک نازان بۆ بەیانی چی بکەن و چۆن ڕۆژەکەیان بەسەر ببەن! وەک بڵێیت کە شەو خەوتن و بەیانی هەڵنەستن و کۆتایی دونیا بێت…
لەڕووی ئایینەوە سەیری ڕۆمانەکە بکەیت، جگە لە خۆکوشتن. لەلای مرۆڤەکان ئایین کەڵکێکی نەماوە. شوێنە ئایینیەکان داخراون و ئایین لە ماڵەکان جێگیربووە، ئاستی سروشتی مرۆڤ بە زەمەنێکی زۆر سەیروسەمەرە دەرچووە و لە کۆنتڕۆڵی مرۆڤ دەرچووە.
لە کۆتاییدا دەڵێم، کە لەسەر هەر مرۆڤێك پێویستە ئامانج دابرێژت بۆ داهاتووی خۆی و خۆشی زاڵ بکات بەسەر لاوازی، ئێمە لە زەمەنێک دەژین کە کارەکان بە خواستی مرۆڤەکان نین و زۆر جیاوازن.
سەبارەت بەم ڕۆمانە تا چەند کات تێپەڕێت زیاتر بە جێژتر دەبێت بۆ خوێنەر، چونکە تووشی ڕووداوی نێو ڕۆمانەکە دەبین لە واقیعدا.
پێشنیار دەکەم هەر تاکێک لە کۆمەڵگا پێویستە و زۆریش گرینگە کە خوێنەری ئەو ڕۆمانە بێت.
سەرچاوە: ماڵپەری ترانسکولتور