✍سەردەشت عوسمان
من عاشقی کچەکەی مەسعود بارزانیم ٫ ئەو پیاوەی جار جار دەردەکەوێت و دەڵێت من سەرۆکتم ٫ بەڵام من حەزدەکەم خەزورم بێت ٫ واتا ٫ دەمەوێت ببمە ئاوەڵزاوای نێچیرڤان .
ئەگەر ببمە زاوای بارزانی ئەوا مانگی هەنگوینیمان لە پاریس بەسەردەبەین ٫ یەک دوو شەوێکش بۆ سەردان دەچین بۆ کۆشکەکەی ماممان لە ئەمەریکا .
ماڵەکەم لە گەڕەکێکی هەژار نشینی هەولێر دەگوازمەوە بۆ سەری ڕەش و شەوانە سەگی ئەمریکی و پاسەوانی ئیسڕائیلی چاودێری ماڵەکەم دەکەن .
باوکە بەد بەختەکەی پێشمەرگەی ئەیلولیشم کە تاوەکو ئێستا پارتی خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆ قبوڵ ناکات بە بیانوی ئەوەی ئێستا پارتی نیە ٫ باوکم دەکەم بە وەزیری پێشمەرگە .
برا بەدبەختەکەشم کە زانکۆی تەواو کردوە و تائێستاش بێ ئیشە و دەیەوێت بە قاچاغ بڕواتە هەندەران ٫ ئەویش دەکەم بە بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەکانم .
خوشکەکەشم کە تاوەکو ئێستا شەرم دەکات بچێتە بازاڕ دەبێت ئەویش وەک کچە بارزانیەکان پڕادۆ و وەنەوشە لێبوخڕێت .
دایکیشم لەبەر ئەوەی نەخۆشی شەکرە و دڵ و زەختی هەیە و پارەی نەشتەرگەری دەرەوەی وڵاتی نیە ٫ دوو دکتۆری ئیتاڵی لەماڵەوە بۆ تەعین دەکەم .
بۆ مامەکانیشم چەند دیوەخانێک دەکەمەوە و ئامۆزا و خاڵۆزاکانم دەکەم بە نەقیب وعەمید و ئامر لیوا .
بەڵام هاوڕێکانم دەڵێن وازبێنە سەرۆ خۆت بەکوشت مەدە ئەوە ماڵی مەلایە هەر ئەوەندە بڵێن ( گوتلین هەڕڕە ) ئیتر کارت تەواوە .
باشە خۆ کفر ناکەم ٫ سوێند بەدەسکی خەنجەرەکەی مەلا مستەفا ٫ ئیدریس بارزانی سێ شەو لەگەڵ باوکم لە ژێر یەک لەتە شاخدا ڕۆژیان کردۆتەوە .
ئاخر چی تێدایە با مەسعود بارزانی خۆی بەسەرۆک بزانێت ٫ئەی ئەگەر سەرۆکە با بڵێ لەماوەی ( 18 ) ساڵی ڕابردوودا چەند جار سەری بە گەڕەکێکی هەولێر و سلێمانیدا کێشاوە ؟
بەس کێشەکەم ئەوەیە ئەو پیاوە ئەوەندە عەشایەرە ٫ لەو دیو سەری ڕەشەوە کەس بەپیاو نازانێت .
ژنی هەموو سەرۆکەکانی دنیا لە ڕێگەی یەک کلیکەوە دەدۆزمەوە بەڵام تائێستا نازانم خەسوەکەم چۆنە و کێیە ٫ نازانم بۆ داخوازی کێ لەگەڵ خۆم بەرم ؟
لەسەرەتادا ویستم چەند مەلا و ڕیش سپی و پێشمەرگەیەکی کۆن کۆکەمەوە و ئێوارەیەک ناوی خوای لێبێنین .
بەڵام هاوڕێیەکی ڕۆژنامەنوسم گوتی :کوڕی باش هەندێک جاش و ئەنفالچی بدۆزەوە مەسعود زۆر حەزی بەوانە .
برادەرێکی دیکەم گوتی : وەڵاهی ئەگەر بەقسەی من دەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی نێچیرڤاندا ٫ بڕۆ ژێر باڵی و بڵێ ئیشێکی خێرم پێتە ٫ یان ئەگەر نەشکرا بە دەشنێ بڵێ جۆری دەکا.