گاندی بە دوو چڵە ئێسقانەوە توانی گەلێك رزگار بكات و وڵاتێكی گەورە لەژێر ركێڤی بەریتانیا دەرباز بكات. پیاوێك كە بە تەشییەكەوە گەورەترین زیانی بە ئابووری بەریتانیا گەیاند و توانی وڵاتەكەی فێری پشتبەستن بە بەرهەمی خۆماڵی بكات.
ئەنشتاین بیرمەندی ناوداری جیهان سەبارەت بە گاندی دەڵێت:»بۆ نەوەكانی داهاتوو زۆر ئەستەمە باوەڕ بكەن مرۆڤێكی وا مەزن بەو دوو چڵە ئێسقانەوە پێی نابێتە سەر ئەم گۆی زەوییە».
لای ئێمە ناوی ماهاتما گاندی زیاتر لەهەموو شتێكی دیكە، دەستەواژەی «ناتوندوتیژی و نافەرمانیی مەدەنی» مان وەبیر دێنێتەوە، وەك شێوازێك شۆڕش و خەبات. لە یەكەم روانینماندا گاندی وەك رێبەرێكی سیاسی دەناسین، كە بە پشتبەستن بە شێوازێكی ئێجگار تایبەت و بێوێنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، توانی تەنانەت بە بێ تەقاندنی فیشەكێك، نەتەوەیەك لە چنگی یەكێك لە دڕندەترین و بێ بەزەییترین ئیمپراتۆرییەكانی جیهان رزگار بكات.
گاندی كەمخۆری و كەمخەوی و كەمگوتنی، كردە پیشەی خۆی و لەوبارەیەوە دەڵێت: كەسێكی خاكەڕام كە بەردەوام بە دوای حەقیقەتەوەم و بە مەبەستی گەیشتن بەو حەقیقەتەش هیچ بەربەست و ماندووبوونێك ناناسم. من هیچ شتێكی تازەم پێ نییە فێری خەڵكی جیهانی بكەم، حەقیقەت و ناتوندوتیژیی بەقەرا گەردوون کۆنن.
ئەو رێگەی سادە و ساكاری خستە بەردەم نەتەوەكەی خۆی، ئەویش نافەرمانی مەدەنی و هاوكاریی نەكردنی داگیركەران بوو و سووریش بوو لەسەر ئەوەی كە بەهێزترین و كاریگەرترن چەكە و بەمشێوەیە خەباتەكەی بۆ گەلەكەی وێنا كرد.
روونترین و تەندروستترین رێگەیە
نافەرمانی مەدەنی راستەقینە، تێكەڵ بە هیچ چەشنە پاڵنەر و ورووژانێك نییە، بەڵكوو خۆ ئامادەكردنە بۆ بەرگەگرتنی رەنج و ئازارێكی سەربەخۆ و هێمنانە هەرچەند كاریگەرییەكی بە رواڵەت نادیار و كەمی هەیە، بەڵام سەرسووڕهێنەرە، لەو باوەڕەدایە كە نافەرمانی مەدەنی تاكتیكێكە بۆ دەستەبەركردنی ماف و ئەركەكانی هەر نەتەوەیەك، كە ژیانی كەوتۆوەتە مەترسییەوە. ئەو دڵنیایە لەوەی كە مەترسییەكانی نافەرمانی مەدەنی ئێجگار كەمترن لە جەنگ. بەرخۆدانی هێمنانە روونترین و تەندروستترین رێگەیە. ئەو داوا دەكات كە هەرگیز پشت بە هیچ كردەوەیەكی توندوتیژی نەبەستین. گاندی بە نەتەوەكەی گوت چیتر جلوبەرگی بەریتانی لەبەر نەكەن و وەك هێمایەك بۆ دەربڕینی ناڕەزایی ئەو جل و بەرگانەی كە هی بریتانیان لەسەر شەقامەكان بیسووتێنن. گاندی لەوە بەدوا بڕیاریدا خۆی بە باڵاپۆشێكی سادە و ساكار داپۆشێت، كە بە دەستی خۆی چنیبووی و ئەوەش تاقە جلێك بوو كە تا كۆتایی تەمەنی لەبەری كرد. هەروەها ئەوەشی فێری خەڵكی هیندستان كرد كە بە كەڵك وەرگرتن لە ئامێری قوماش ڕستن پیشەسازی دێرینی هیندستان ببووژێننەوە.
تەشی وەک چەکی خەبات
تەشی، ئەو ئامێرەی كە نەتەوەی هیندستانی بەسەربەخۆیی گەیاند. تەشی هێمایەك بوو بۆ سەربەخۆی هیندستان، بایكۆتكردنی كاڵای بەریتانی لەلایەن هیندییەكانەوە تەنها لەیەك ساڵدا بڕی 20 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری بەریتانیا گەیاند و 500 هەزار كرێكاری بەریتانی بێكار كرد. گاندی هەمیشە ئامادەبوولەگەڵ نەیاران و ركابەرانی خۆیدا وتووێژ بكات و لە هەموو بوارێكدا قسە و باس و مشتومڕیان لەگەڵ بكات.
كامەیان لەوی دیكە باشترە؟
لە كۆنفرانسی لەندەن گاندی رووی كردە حكومەتی بەریتانی و رایگەیاند: هیند بە زەبری شمشێر لغاو كراوە، چیتر بۆ یەك چركە ساتیش گومانم لەوە نییە كە بەریتانیای مەزن ناتوانێت بە زەبری شمشێر هیندستان وەك یەكێك لە كۆلۆنییەكانی خۆی ڕابگرێت. پێم بڵێن ئەم دوانە كامەیان لەوی دیكە باشترە؟ هیندستانێكی لغاوكراو و كۆتووبەندكراو، بەڵام یاخی، یان هیندستانێكی ئازاد و دۆست و هاوپەیمانی بەرپتانیای مەزن، كە دەتوانێت لەخەم و شادییەكانیدا هاوخەم و هاوەڵی بێت. هیندستانێك كە ئەگەر پێویست بكات شان بە شانی بجەنگێت؟ دیارە نەك بۆ دیلكردنی نەژادێك یان تەنانەت مرۆڤێك، بەڵكوو بۆ بەختەوەری و پارێزگاریكردن لە جیهان و مرۆڤایەتی.
مرۆڤێكی ئاساییم
ماهاتما گاندی سەبارەت بە توڕەیی و هەڵچوون دەڵێت: هەمیشە ئەو نزایە دەكەم كە هەرگیز هیچ توڕەیی و هەڵچوونێكم لەهەمبەر ئەوانەی كە تاوانبارم دەكەن و ئەوانەش كە دەرحەق بە من خراپە دەكەن لە دڵدا نەبێت. خۆی دەڵێت: من كەسێكی نائاسایی و خەیاڵی نیم، بەڵكوو دەڵێم ئایدیالیستێكی پراگماتیستم. جەخت دەكەمەوە مرۆڤێكی بەتەواوی ئاساییم و تواناكانم لە تاكێكی ئاساییش كەمترە. هەرگیز ناتوانم بانگەشەی ئەوە بكەم بۆ گەیشتن بەم پلەیەی تەحەمول و رۆحێكی وا هێمن و دوور لە توندوتیژی، خاوەنی تایبەتمەندییەكی تایبەت بووم. هەموو ئەو شتەی كە وای لێ كردووم بتوانم بەم قۆناغە بگەم، بەدواداچوونێكی بەردەوام و شێلگیرانە و نەپساوە بووە، كەمترین گومانیشم لەوە نییە كە هەموو ژن و پیاوێك دەتوانن بگەن بەو پێگەیەی كە من پێی گەیشتووم، بە مەرجێك هەمان ئەو هەوڵانە بخەنەگەڕ و هەمان ئومێد و هیوا لە دڵیاندا بچێنن.
ترسنۆك بووم
گاندی، هیچ تایبەتمەندێكی ئەوتۆی نەبوو جگە لەوەی كە پتر لەڕادە شەرمن و ترسەنۆك بوو، هیچ بەهرەیەكی ئەتۆی نەبوو، لە قوتابخانەش كەمترین نمرەی بەدەست دەهێنا. ئەگەر لەناو جەماوەردا بوایە خۆی ون دەكرد. خۆی دەڵێت: هزر و بیرێكی تەمەل و لاوازم هەبوو، شەرمن بووم و خۆم لە قسەكردن لەگەڵ خەڵكی دەدزییەوە، ترسنۆك بووم هەمیشە ترسی دز و جەردە و ماری گەورە و رۆح و تارمایی و تاریكی لەدڵمدا بوو. شەوان بەهیچ شێوەیەك نەمدەوێرا لە ماڵ بچمە دەرەوە، نەمدەوێرا لە تاریكیدا بنووم. هەمیشە بیرم لەوە دەكردەوە كە رۆحەكان لەلایەك و مارەكان لەلایەكی دیكەوە دێنە سۆراغم. كەواتە ئەگەر چرایەك لە ژوورەكەمدا هەڵناكرابوایە خەوم لێ نەدەكەوت.
مامۆستای گاندییە
گاندی خۆی بە قەرزداری هاوسەرەكەی دەزانێت و دەڵێت هاوسەرەكەم فێری سەبر و خۆڕاگری و دان بە خۆداگرتنی كردووم. گاندی كاتێك تەمەنی 13 ساڵ بوو لەگەڵ كچێكی جوان و لەباری و سەرنجڕاكێش بە ناوی كاستۆربا هاوسەرگیری کردووە كە خۆی ئەو تەمەن بە تەمەنێكی گاڵتەجاڕی لە قەڵەمدەدات. هەرچەند لە سەرەتاوە ژیانیان پڕ بوو لە شەڕ و ئاژاوە و دەمەقاڵێ، بەڵام گاندی خۆی بە مامۆستای كاستۆربای دەزانی، بەڵام پاشان دانی بەوە دانا كە كاستۆربای بەو سەبر و لێبوردەی كە هەیبووە، لەڕاستیدا مامۆستای گاندییە و خۆی دەڵێت: سەبر و لەخۆبردوویی و هێز و توانا لە كاستۆربای فێر بووە.
مۆتەكەیەكی ترسناك بوو
گاندیی قۆناغی دواناندی بە نمرە گەلێكی زۆر خراپ تەواو كرد و دواتر چووە زانكۆ سەرەتا حەزی دەكرد ببێتە دكتۆر، هیوایەك كە هەرگیز نەهاتە دی، لە كۆلێژ ناسەركەوتوو بوو دوای 5 مانگ لە خوێندن وازی هێنا و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. دواتر یەكێك لە مامەكانی فریای كەوت و پێشنیاری ئەوەی پێكرد بۆ خوێندنی ماف بڕوات بۆ لەندەن. بۆ ئەوەی ببێتە پارێزەر. دایكی گاندی بە هۆی ئەوەی كە زۆر هۆگری كوڕەكەی بوو سەرەتادا رازی نەبوو، بەڵام دواجار ڕەزامەندی خۆی نیشاندا، لێرەشدا ڕۆڵی كاستۆربای خێزانی زۆر گرنگ بوو، هاوسەرەكەی سەرجەم زێڕ و ئاڵتونەكەی بۆ گاندی فرۆشت بۆ ئەوەی بچێت لە لەندەن بخوێنێت. گاندی رۆیشت بۆ لەندەن مانگەكانی سەرەتای مانەوەی لە لەندەن بۆی وەك مۆتەكەیەكی ترسناك بوو، دەڵێت هەمیشە بیرم لە ماڵ و وڵات دەكردەوە بیری دایكم دەكرد. شەوان دەگریام و بەهۆی گریان و خەفەتەوە خەوم لێ حەرام ببوو. نەمدەتوانی خەم و خەفەتەكانم لەلای كەس باس بكەم چ سوودێكی هەبوو .
دواتر یەكێك لە خزمە هیندییەكانی كە ئاگاداری ژیان و دۆخی گوزەرانی گاندی بوو بەزەیی پێدا هاتەوە و بە زمانێكی تەوساوی پێی گوت تۆ نەهاتوویت بۆ ئێرە ماف بخوێنی هاتووی شێوازی ژیانی بەریتانی فێر بی. گاندی لەو مەبەستە تێگەیشت و ئیتر بڕیاریدا بە خۆیدا بچێتەوە و لە خەو ڕاچەنی و بڕیاریدا كە ژیان و بیر و ئەندێشەی خۆی بگۆڕێت و ببێت بە كەسێك كە تەنانەت نەیارەكانی رێزی لێ بگرن و دانی پێدابنێن.
گاندی دان بەوەدا دەنێت
گاندی سەبارەت بە رێبازەكەی خۆی دەڵێت: دەبێ چاو لە ژیانی من بكەن، ئەمە كە چۆن دەژیم و چۆن نان دەخۆم و چۆن دادەنیشم و چۆن قسە دەكەم و بە گشتی چۆن هەڵسوكەوت دەكەم، كۆی ئەمانەیە كە پێكهێنەری ڕێبازەكەمە. دەبێ بچووكترین كردەوەكانی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان تێكەڵ بە خۆشەویستی بكەین و ژیانی من تابلۆیەكی یەكپارچەیە و دابەشناكرێت و سەرجەم چالاكییەكانم پێكەوە گرێ دراون و هەموویان لە خۆشەویستی لەڕادەبەرم بۆ مرۆڤایەتی سەرچاوە دەگرن. گاندی دان بەوەدا دەنێت كە كاستۆربای هاوسەرەكەی فێری خۆشەویستی كردووە كاستۆربای بە ڕەفتاری خۆی ڕێگەی بنبڕكردنی ئەو توڕەیی و خۆبەزلزانینەی پێ نیشان دا كە هەڕەشەی لە ژیانی هاوبەشییان دەكرد، هەرگیر بیری لە تۆڵەكردنەوە و خراپتركردنی بارودۆخەكەی نەكردووە، بەڵكوو هەمیشە تەحەموولی توڕەبوون و هەڵەكانی گاندی كرد و هەمیشە خاڵە باشەكانی كەسایەتی ئەوی بە هەند وەرگرت، بە خۆڕاگری و بێدەنگی وای لێكرد رێز لە ژنەكەی بگرێت و گاندیش هێدی هێدی لەوە تێگەیشت ئەو شتەی كە ئەو هەمیشە وەك ئامانجێكی تیۆریك ستایشی دەكرد، هاوسەرەكەی لەژیانی ڕۆژانەدا كاری پێدەكات.
گاندی هاوسەرم 400 ملیۆن منداڵی هەیە
گاندی بەمشێوەیە باسی ژن دەكات و دەڵێت: ئەگەر ناتوندوتیژی یاسای ئەم گەردوونە بێت كەواتە داهاتوو هی ژنانە. دەرگای ماڵەكەی هەمیشە بەرووی هەموو ژناندا وەك ئەندامانی بنەماڵە كراوە بوو، چونكە فێر ببوو خۆشەویستی خۆی بۆ كاستۆربای و منداڵەكانی بگوازێتەوە بۆ هەموو خەڵك، بەشێوەیەك جارێكیان رۆژنامەنووسێك لە كاستۆربای ژنی گاندی دەپرسێ چەند منداڵتان هەیە، بە پێكەنینەوە وتبووی: من چوار منداڵم هەیە، بەڵام گاندی هاوسەرم 400 ملیۆن منداڵی هەیە.
ببێت بە یاسای مرۆڤ
ناتوندوتیژی دەبێ ببێت بە یاسای مرۆڤ هەر وەك چۆن توندوتیژی یاسای دڕندەكانە، رۆحی دڕندەكان خەوتووە و بێدەنگە و جگە لە هێزی جەستە نییە و هیچ یاسایەك ناناسن، بەڵام كەرامەتی مرۆڤ وا دەخوازێت شوێن یاسایەكی باڵاتر بكەوێت واتە یاسای هێزی رۆح.
زۆرجار شتێك بە بەرچاوی كەسێكەوە حەقیقەتە، بەڵام بە لای كەسێكی دیكەوە وا نییە، بەڵام كەسێك كە بە دوای حەقیقەتدا دەگەڕێت نابێ لەم رووەوە هیچ نیگەران بێت، ئەگەر هەوڵدانی ڕاستگۆیانە لە ئارادا بێت، بەو دەرئەنجامە دەگات ئەو شتەی كە لە شێوەی حەقیقەت گەلی جیاواز دەركەوتووە، وەكوو گەڵا بێ شومارەكانی درەختێك وان كە تەنها بە رواڵەت جیاوازییان لەگەڵ یەكدیدا هەیە.
سەبارەت بە خۆشەویستی گاندی دەڵێت: خۆشەویستی هەرگیز داوا ناكات، بەڵكوو خۆشەویستی هەمیشە پێشكەش دەكات. خۆشەویستی بەخشینە نەك داوا كردن. كەسی ئەڤیندار و ئاشق، هەمیشە ئازار دەبینێت و كەس ئازار نادات. باس لە تۆڵە ناكات و بەخشین دەكات بە پیشەی خۆی.
ئا: جەواد حەیدەری
سەرچاوە: knwe