سەد ساڵ رۆییشتن بە پێچەوانەی مێژوو

 

ئارام رەفعەت

سەد ساڵە کورد لەناوخۆدا چەقوو لەملی یەکتر دەسوێت. سەد ساڵیشە خەون بە دیموکراسییەتی داگیرکەران، تورک و عاڕەب و عەجەمەوە دەبینێت و جوهد و وزە و ژیان و خوێنی  سەدان هەزار لە باشترین نوخبەی خۆی لەپێناو  ئەو خەونە  نەزۆکە دا بە هەدەر داوە.

لەم سەد ساڵەدا زیاتر لە ١٣٥ نەتەوە سەربەخۆییان بەدەست هێنا و وڵاتەکانییان لە چنگی رەشی داگیرکەران  رزگار کرد و دەوڵەتی نەتەوەییان دامەزراند، لەوانەش:
٦٢  وڵات لە چنگی داگیرکەری ئینگلیزی رزگارییان بوو،
٢٨ وڵات لە داگیرکەری فەڕەنسی،
١٧ وڵات لە داگیرکەری ئیسپانی،
١٦ وڵات لەداگیرکەری رووسی،
٧ وڵات لە داگیرکەری پرتەگالی،
٥ وڵاتیش لە داگیرکەری ئەمریکی.

لەکاتی ژێردەستەییدا، هیچکام لەو نەتەوە و وڵاتانە نەیانگۆت  کار بۆ دیموکراسی بەریتانیا و ئیسپانیا و  روس و پۆرتۆگال و ئەمریکا دەکەین..

بە پێچەوانەوە، هەموویان خەباتییان بۆ  رزگاربوون لە داگیرکەر  دەکرد و  گەییشتنە ئامانجیش.

پێچەوانەی ئەو ١٣٥ نەتەوەیە، کورد خەونی نەزۆک بە دیموکڕاسی داگیرکەرانییەوە دەبینێت. وەک سیحری لێکرابێت یان ئەقڵ و ئیرادەی داگیرکرابێت، ئازادی خۆی لە دیموکراسی داگیرکەردا دەبینێت و  بێزوو بە برایەتی لەگەڵ جەللادەکانیەوە دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە:
لە باشوور جەلالی و مەلایی لە تەپک و ئەشکەقت و قونەگوندەکان یەکترییان کەوڵ دەکرد وشیعاری هەردووکیشیان دیموکراسی بۆ “ئێراق” بوو.

لە رۆژهەڵات، کۆمەلە و دیموکڕات تەنانەت جەستەی کوژراوەکانی یەکترییان ئەتک دەکردوو ، هەردووکیشیان  خەباتییان بۆ  دیموکڕاسی “ئێران” دەکرد.

لە باکور، پەـکەـکە بە لێدان و تەسفییەکردنی گروپ و کەسایەتیە جیاوازەکانی کورد دەستی  پێکرد، کەچی   خەباتیان بۆ دیمۆکڕاسییەتی تورکەکان  دەکرد.

لە رۆژاڤا، تا ٢٠١٢ش هەموو پەنجەکان یەکترییان دەشکاند و هەر رۆژەی گروپێک لە حیزبێک جیا دەبووەوە  و بەرەیەکی تازەی دووژمنایەتییان لەناو ماڵی کوردا دەکردەوە، کەچی هەموویان بانگەوازیان بۆ دیموکڕاسییەتی “سوریا” دەکرد..!

جگە لەوە، سەرجەم ئەو ١٣٥ نەتەوەیە کە،  لەکاتی شکست و لاوازی داگیرکەرانییان  هەلییان قۆستەوە و خۆیان رزگار کرد.
نەتەوەیەک نەیگووت بەریتانیا گوناهە و لەجەنگی جیهانی تێوەگلاوە… یان فەڕەنسا مەزڵومە و هیتلەر خاکەکەی داگیرکردووە… یان رووسەکان جێگای پشتیوانین، رژێمی سۆڤییەت هەرەسی هێناوە و با روسیا بونیاد بنێینەوە، وەک کوردە بۆرە لە ٢٠٠٣ بەدواوە بۆ داگیرکەری عێڕاقی کرد.

ئەی ئەنجامی ئەو نۆکەرایەتییە بۆ چوار داگیرکەرەکە چی بوو…؟
لەم سەد ساڵەدا،  چوار داگیرکەر و چوار لە دزێوترین و قێزەونترین ئەزموونەکانی حوکمڕانی دونیا…

٦٠ ساڵی یەکەمی، ئەزموونی حوکمڕانی  فارسەکان رەزا شای ساواک و  زیندانە قووڵەکانی بوو، ٤٠ ساڵەکەی تریش کۆماری پەت و سێدارە.

٨٠ ساڵی یەکەمی ئەزموونی حوکمڕانی تورکەکانیش، فاشیسترین رژێمەکانی دوونیا، دڕندەترین گورگەبۆرە و خوێنڕێژترین دونیای سەربازی بوو و ٢٠ ساڵەکەی تریش رەزاقورسترین   و  دڵڕەقترین دیکتاتۆرەکانی دونیایە.

١٠٠ ساڵەی ئەزموونی عآڕەبەکانییش، داگیرکەرانی هەردوو   پارچەی باشور و رۆژئاڤاش، ئەزموونێکە بە هیچ کلۆجێ نایەتەوە سەر مرۆڤبوون... ئەزموونی کودەتاکان و بنەماڵەی یەکتری قڕکردن، ئەزموونی حوکمڕانی خوێناوی سەدام و ئەسەد و فاشیزمی بەعسی  و تیرۆریزمی حەڕەس قەومی داعش و قاعیدە و حەشد و دوو لە دڕندەترین سوپاکانی ئەم سەدەیە بوو.
دوای سەدسال ژێردەستەیی و کۆمەڵکوژی لە هەر چوار پارچەکە، هێشتا کورد نەبای دیوە و نەبۆران و لە جاران حەماسیترە بۆ دیموکڕاسییەتی داگیرکەران.

کاتی ئەوە هاتووە لەو تونێلە  داخراوە تاریک و خنکێنەرە بێینە دەرەوە.
کاتی ئەوە هاتووە ئ
ەگەر:
یەک ملیۆن ساڵ تەمەنمان بێت، رۆژێکی بەهەدەر نەدەین بۆ دیموکراسی داگیرکەران…
گۆی زەوی دڵمان بێت. گەردیلەیەک سۆز و خۆشەویستی لە دڵماندا جێنەکەینەوە بۆ داگیرکەران…
فەرهەنگی هەموو زمانەکانی دونیا  لەبەردەستمان بێت، جگە لە نەفرەت هیچی تر بە شاییستە نەزانین بۆ داگیرکەران…

کاتی ئەوە هاتووە، لەهەر هەلێکدا کە بۆمان رێکبکەوێت، عەزابی قەبرییان پیشان بدەین ، بۆ ئەوەی نەک بە گرانەتا، بە مەرگ سوپاسگوزاربن داگیرکەران…

لە تۆنێلی دیموکراسی داگیرکەر نەیەینە دەرەوە و دەسبەرداری خەونی شەیتانی برایەتی لەگەڵ داگیرکەر نەبین، ئەوا هەواڵی سەد ساڵی داهاتووشمان هەر زیندانی دەمیرتاشەکانمان و سێدارەی کەمانگەرەکانمان و کیمیاوی  هەڵەبجەکانمان و پاکتاوی عەفرینەکانمان دەبێت..

 

سەرچاوە : هاوڵاتی