فارس نەوڕۆڵی
جاران بەتەمەنەکان دەیان ووت سەد گوناح و یەک تەوبە، ئەمەش لەو کاتانەیا دەوترا مرۆڤ هەستی دەکرد کارێکی ئەنجام داوە کە ویژدانی ئازار دەداو هەستی دەکرد کە خودا ناڕازییە، بۆیە دەیگوت (سەد گوناح و یەک تۆبە). دەکرێ ئەم ووتەیە بە جۆرێکی دیکە بهێنینە ناو کایەی سیاسی و فرە حیزبییەوە بۆ هەڵەی سیاسی سیاسیەکان، یاخود حزب و خاوەن حزبەکان پێویستیان بە تۆبەیەک هەیە بۆ نیشتیمان هەمووان دەزانین کە بوونی دەسەڵاتێکی بەهێز لە ئەنجامی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزەوە دەبێت، پێچەوانەکەشی ڕاستە ،ئەمەش لە فەزای ئازاد و بوونی فرە حزبی و قبوڵکردنی ڕای جیاوازدا دەبێت، بەڵام فرە حزبییەک وەک پێداویستی بۆ وەڵامی پرسیارەکانی کۆمەڵگە سەر هەڵبدات ، نەک بۆ بەرژەوەندی گروپێک واتە حیزب دەبێ لەڕۆحی کۆمەڵگەوە سەر چاوە بگرێت نەک لەسەر چەوە یەکی دیکەوە دروست بکرێت .
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو فرە حزبیەی لە کوردستان هەیە سروشتی و تەندروست نیە، چونکە نەیانتوانیوە وەڵامی پرسیارەکانی خەڵک بدەنەوە. تەواو لەبەرژەوەندیە کەسی و حیزبییەکاندا ڕۆچوون تا ئەوشوێنەی هاواری ئازاری نیشتیمان نابیستن نیشتیمان و هاونیشتیمانیان سەدان پرسیاری وەڵام نەدراوەیان هەیە و لەچاوەڕوانی وەڵامدا گرفتار بوون ئەگەر لە تێگەیشتنەوە لەهاتنی پێغەمبەران یاخود دەرکەوتنی فەیلەسوفەکان یاخود هاتنی ڕابەرێکی مەزن بڕوانین دەزانین ئەوان بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەو قۆناغەی مرۆڤ و وەڵامدانەوەی پرسیارە ڕوحی و ماددیی و سیاسیەکان بووە. بۆیە سەرهەڵدانی حزبیش بۆ وەڵامی هەمان ئەو پرسیارانەیە لەهەلومەرجێکی تایبەتی وگشتی کۆمەڵگەدا دەبێ وەڵامی دروست بدرێنەوە ئەگەر ئێستای فەزای فرە حزبی کوردستان بەپێوەرێکی زانستی بخوێنینەوە دەبینین سەد حیزب و یەک نیشتیمانمان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە وەڵامی یەک پرسیاری جدی بدەنەوە پرسیارێک کەبزانن ئەرک و هۆکاری دروست بوونی حیزبی سیاسی چییە ؟ لەهەمان کاتدا وەڵامی پرسیارێکی ماندوی جەستەی نیشتیمان بدەنەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت حیزبەکان بزانن زۆربەی کێشەکان کەبەرۆکی ئەم نیشتیمانەی گرتوە ئەوانن بۆیە دەبێت حیزبەکان خۆیان چارەسەریکەن چاوەڕێ نەبن کەس بێت کێشەمان بۆ چارەسەر کات لەکاتێکدا خۆمان سەرچاوەی کێشەکان بین بۆیە دەبێ بزانن لەدۆخی هەڵەدا دەژین کەواتە هەموو گوناهەکانیان پێویستی بە یەک تۆبەی ڕاستەقینە بۆ نیشتیمان هەیە، بیربکەنەوە بزانن چەند هەڵەیان کردووە بگەڕێنەوە بۆ لای نیشتیمان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان فڕێ بدەن و بەرگی چاکەی گشتی و خۆشەویستی نیشتیمان لەبەر بکەن، ئەگینا بەر گورزی مێژوو دەکەون و هەم نیشتیمان وهەم حیزب دەبنە قوربانی ئەو هەلومەرجە سیاسی یەی کە ئەحزاب خولقاندویەتی
سەرچاوە : خەندان