سێ رێگە بۆ ئارامکردنەوەی مێشک

یۆگا تەنیا بۆ جەستە نیە، بۆ ئاگایی و مەعریفەتە. یۆگا دەزانێ جەستە یەکێکە لەو کەرەستانەی ئاگایی یان رۆحی ئێمە بۆ گەشەکردنی خۆی بەکاری دێنێ. یۆگا دەزانێ جەستە هەموو شتێک نیە و راستەقینەی ئێمەش وزەیەکی هۆشمەندە نەک جەستە. ئەگەر حاڵەتە جەستەییەکان تەنیا لە پێناو جەستەماندا بکەین، بە زوویی لە چوارچێوەی جەستەدا بە ئامانجەکانمان دەگەین، بەڵام لە رووی ئاگایی و ئیشراقەوە زیاتر دادەبەزین و دووردەکەوینەوە. بە کورتی جەستەپەروەری رووت نەزانیی رووت بەرهەمدێنێ. لەهەمان کاتیشدا بە زوویی هەموو هەوڵەکانمان بە فیڕۆ دەچێ، چوونکە هەرچییەک بۆ جەستەمان بکەین درەنگ یا ن زوو پیر دەبێ و هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ سیستمێک بۆ زخمەتکردنی جەستە و هاوسەنگکردنەوەی جەستە ناگاتەوە بە یۆگا، هەر لەبەر ئەوەشە یۆگا لە دنیای پێکەوتوودا بە خێراییەکی زۆر لە پەرەسەندندایە. جەستە بە یۆگا بەهێز دەبێ، خاوێن دەبێتەوە، بە ئاسانی نەخۆش ناکەوێ و درەنگ پیر دەبێ، ئەو کەسەی یۆگا دەکا تەمەنی بەلەشساغی و بە خۆشیی و شادییەکی زۆر زیاتر و قووڵترەوە بەسەر دەبات. 
حاڵەتە جەستەییەکان لە یۆگادا راستە دەبنە هۆی جوانبوون و سەرنجراکێش بوونی لەش، بەڵام زیاتر دەبنە بوار و بەستێنی گەشەکردنی ئاگایی و وەخەبەر هاتنی وزەی خەوتووەکان و توانا شاراوەکانی مرۆڤ. یۆگی دەتوانێ لە جەستەی خۆی ئەو جەستەیە دروست بکا کە دەیەوێ، بەڵام ئازادە لە جەستەی، دەزانێ ئەو جەستە کاتییە دەبێ لەخزمەت خودی نەمردا بێ. کەواتە مرۆڤ لە یۆگادا جەستە دەناسێ و دەزانێ جەستە ئامانچ نیە، بەڵکو کەرەستەیە، بەڵام کەرەستەیەکی سەرسوڕهێنەری شایانی خزمەت و خۆشویستنە.
زەین
زەین، واتە بیرکردنەوە و خەیاڵات و وێناکردنەکانت، ئەوانەی کە ئێمەیان شڵەژاندووە و بەردەوام هەوڵدەدەین کۆنتڕۆڵیان بکەین، بەڵام سەیرە! تا زیاتر هەوڵدەدەین کۆنتڕۆڵیان بکەین، زیاتر کۆنتڕۆڵمان دەکەن. بۆ؟ پێویست ناکا و هەڵەشە هەوڵبدەی شەڕ لەگەڵ مێشکت بکەی و راستەوخۆ کۆنتڕۆڵی بکەی، کەواتە دەبێ ناراستەوخۆ ئەم کارە بکەی. لە خوارەوە سێ رێگەی ئاسانت بۆ باس دەکەین و هەوڵبدە لانیکەم یەکێکیان بە کردار جێ بە جێ بکەی:
یەکەم: رێگەی لووت و هەناسە، تەنیا هەناسە هەڵمژە و وەک چۆن سەیری فیلم دەکەی، هەرواش سەیری هەناسە هەڵمژین و هەناسە دانەوەت بکە. با هەناسەت ئارام و درێژ بێ و سکت بەرز بکاتەوە، تەنانەت هەوڵبدە رێڕەوەکانی هەناسەت هەست پێ بکەی، یانی بزانە بە کوێدا دەڕوا، ئەگەر ئەم رێگەیانت هەڵبژارد، هەوڵبدە رۆژانە چەند جارێک بکەی و بەردەوام بی و بیکەی بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەت.
دووەم: رێگەی زمان، خواردنی تامە چڕ و زاڵەکانی وەک شیرینی، تووندی، تاڵی، ترشی و...هتد دەبنە هۆی ورووژاندنی زمان و هاوسەنگی زمان و مێشک تێکدەدەن. ئەگەر تامی هاوسەنگ بخۆی، بە پێچەوانە زمان و دواتر مێشک ئارام دەبنەوە. بۆ نمونە مێوەکان یان سەوزەکان زۆرینەیان لەڕووی تامەوە هاوسەنگن، یانی کاتێ میوەیەک دەخۆی زۆربەی تامەکانی بە بڕی هاوسەنگ تێدایە، بۆیە زمان ئارام دەکاتەوە و هانی نادا بۆ خواردنی زیاتر، واتە بە دەگمەن نەبێ، کەس نابینی لە سەوزەخۆری و میوەخۆریدا زێدەڕۆیی بکا. ئەگەر ئەم رێگەیە هەڵدەبژێری رێژەیەکی زیاتری میوە و سەوزە بخۆ، بە گشتی با خواردنەکانت لە رووی تامەوە هاوسەنگ بن.
سێیەم: رێگەی گەدە و ریخۆڵە، رێگەی گەدە و ڕیخۆڵەکان رێگەیەکی گرنگە. گەدە و ڕیخۆڵەکان و مێشک ئاوێنەی باڵانوێنی یەکترین، هەر کامێکیان خاوێن و ئارام بکەیتەوە ئەویتریشیان خاوێن و ئارام دەبێتەوە. دەتوانی گەدە و ریخۆڵەکان بشۆیتەوە، لە یۆگادا راهێنانی تایبەتی ئاسانمان هەیە و دەبێ لە لای مامۆستا فێری بی، هەروەها بە خاوێنخۆری و کەمخۆریش دەتوانی خاوێنیان بکەیتەوە.
هەر کام لەم سێ رێگەیەت هەڵبژارد، لەسەری بەردەوام بە و بیکە بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەت.

مەحمود شێرزاد

سەرچاوە: knwe