سەرتیپ جەوهەر
بەدڵنیاییەوە ئەو موچە بڕینەی بەغدا پەیوەندی بەدوو پرسی سەرەكییەوە هەیە، یەكەمیان ئەو گرێبەستەی بەناوی پەرەپێدان و دەرهێنانی غازەوە لەئەمریكا لەگەڵ دوو كۆمپانیای (بێ ناونیشان) ئیمزاكرا. ئەویدیكەیان ئەو لێدوانە ئاگرینانە كە لەهەرێم دەدرێن لەبەرامبەر بەغدا.
گرفتی گەورەی هەرێم تێنەگەیشتنە لەتوانای خۆی و واقعی ناوچەكەو بەرژەوەندی وڵاتان. وەك ئەو پشیلەیەی كە دەچێتە بەرئاوێنەو خۆی لێ دەبێتە جاگوار. ئاخر تۆ دوو گرێبەست بە 110 ملیار دۆلار لەبارەی غازەوە رادەگەینیت و كێڵگەكان لەسەر سنوری ئێرانە، نابێت لێكدانەوەی هەبێت لەبارەی تواناو كاردانەوەی ئێران لەناوچەكە؟ ئێران چۆن لێدەگەڕێت ئەمریكا فرۆشتنی غاز بەعیراقی لێ قەدەغەبكات و لەبەرامبەریشدا هەرێمێكی بێ پەرلەمان و بێ هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەو پەرتەوازە لەناوخۆ گرێبەستی سەرمایەگوزاریی 100 ملیاریی گازی سروشتی بكات؟ بێگومان كێشەو گرفتت بۆ دروستدەكات! چۆن دەبێت ئەهلی سیاسەت بەدوو لێدوانی بەرپرسێكی ئەمریكا مەست ببێت. ئەو ئەمریكایەی ئەحمەد شەرعی خستبۆوە لیستی تیرۆرو ملیارەها دۆلاری بۆ شەڕی داعش تەرخانكرد، لەشەو و رۆژێكدا ترەمپ دەستی خستە دەستی و بەپیاوێكی ئازا وەسفیكرد! كەوایە نابێت لێدوانێكی ئەمریكا پفمان بدات! هەروەك چۆن چەندینجار سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی پێویستی مسۆگەركردنی مافی كورد لەسوریا لێدوانی داوە، كەچی بەیەك چەقەنە عەفرینیان فرۆشت و كوردیش نزیكەی 2 هەزار شەهیدی دا.
هاوكات لەگەڵ گرێبەستەكانی گازی سروشتیی لەسنوری گەرمیان، جارێكی دیكە لەهەرێم لێدوانی ئاگرین هەڕەشە ئامێز لەبەرامبەر بەغدا درا! بێگومان ئێمە نازانین ئەم هەڕەشانە لەكوێ سەرچاوەی گرتووە؟ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە پەرلەمانێكی كاراو حكومەتێكی شەرعیی و دامودەزگای دامەزراوەیی چالاكی هەیە؟ یاخود حكومەتەكەی رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت بەقاچاخ دەفرۆشێت و بێمنەت موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دابین دەكات؟! یان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كەهێزێكی پۆشتەوپەرداخ و یەكگرتووی هەیە..تد
ئەوەی بەشێك لەكاربەدەستانی هەرێم دەیكەن، درێژەدانە بەسیاسەتی چەوت و تێنەگەیشتنە لەواقعی سیاسەت و توانای وڵاتانی ناوچەكە بۆ دەستوەردان لەعیراق و دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو. لەڕاستیدا سیاسەت بەعینادیی و لاملیكردن لەگەڵ واقع ناكرێت، ئەگینا هەموومان دەزانین بەغدا بەئەنقەست موچە نانێرێت و بزانین كاربەدەستانی هەرێم بەدیلیان چییە؟
نەناردنی موچەی تەنها یەك مانگ و تەنگاوبوونی كاربەدەستانی هەرێم، نیشانەی روونی لاوازیی حوكمڕانیی و توانای هەرێمە، ئەگینا چ مەنتقێك رێ بەوە دەدات هەڕەشە لەبەغدا بكەیت لەكاتێكدا توانای دابینكردنی موچەی یەك مانگت نییە؟! ئەی ئەوە چ مەنتقێكە حكومڕانیەك 34 ساڵە بەردەوامە، كەچی تائێستا توانای دابینكردنی موچەی فەرمانبەرەكانی نییە، كەچی دەیەوێت هەڕەشەی كشانەوە لەبەغدا بكات؟ باشە گریمان عیراق پێی گوتین فەرموون بۆخۆتان جیاببنەوە، ئەوكاتە ئێمە چیبكەین؟ كێ ئەم میللەتە بەخێوبكات و موچە فەرمانبەرانی دابینبكات؟! دەبێ بڵێن دەستمان دامێنت لێتان جیانابینەوە؟ ئەگینا ئەو عیراقەی ئێستا دەیبینین هەمان عیراقی پێشووترە، جاران عەقلیەتێكی عروبی عیراقی بەڕێوە دەبرد، ئێستا عەقلیەتێكی عروبی تایفیی، بەڵام كە ئێوەی (حوكمڕانانانی كورد) 34 ساڵە هیچتان نەكردووە كەوایە گلەیی لەتەیف سامی مەكەن.
سەرچاوە : ئاوێنە