
شوان محهمهد
لەم دوو هەفتەیەدا کوردستان بووە بە قەسابخانە؛ رۆژێک لە هەولێر و، کاتێکی دی لە سەیدسادق و رۆژێکی دی لە کەرکوک، ساتێکی تر لە چەمچەماڵ، دواتریش لە بەردەرەش، خەڵکی ئەم هەرێمە لە یەک خێزان لەیەک بنەماڵە یەکتر دەکوژن؟
من سوپاسگوزاری هاوڵاتیان دەکەم کە هێشتا کوشتنەکە سنوردارە، بۆچی؟
یەکەم: چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا نییە.
دووەم: ئێمە هەر دەوڵەتمان نییە تا چەک لە دەستی خۆیدا کۆنترۆڵ بکات.
سێهەم: ئێمە کۆمەڵێک میلیشیای حیزبیمان هەیە، هەردوو حیزبی حوکمڕان لە رێگای ئەو میلیشیایانەوە حکوم دەکەن. ساڵانەش ئەم سەرکردە و ئەو سەرکردە هێزی نوێی تر دروستدەکەن.
چوارەم: لە دنیادا نییە تۆ سووپایەکی چەکدارت هەبێت لە مانگێکدا دە رۆژ دەوام بکات و لە کاتی پشووشدا چەکەکەی بەرێتەوە بۆ ماڵەوە، کۆگای هەڵگرتنی چەکی پێشمەرگەکانی نەبێت.
پێنجەم: کوا جێبەجێکردنی بڕیاری چەک تۆمار کردن، ئەی ئەوانەی تۆماریان نەکرد، چیان بەرامبەر کرا؟
شەشەم: هێزە میلیشیاوییەکان لە دەرەوەی یاسان هەر داوایەکی یاساییشان لەسەر بێت، دەبێت مەرجەعیان رازەمەندی پێشانبدات ئینجا دەدرێنە دادگاکان بۆ لێکۆڵێنەوە، کە لەزۆر کاتدا دۆسیەکان لەلایەن مەرجەعەوە پشتگوێ دەخرێن.
حەوت: " کەس لە سەرووی یاساوە نییە "، ئەم وتەیە درۆیەکەی گەورەیە، سەرۆکی حیزب و مەکتەب سیاسییەکان و بەرپرسە ئەمنییەکان و پەیوەندییە حیزبی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەرو یاساوەن.
هەشتەم: لاوازی یاسا لە چارەسەکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کێشەکانی زەویوزار و موڵکایەتیدا هۆکارێکی سەرەکی ترن بۆ ئەو توندوتیژیەی لە کۆمەڵگدا هەیە.
نۆیەم: وتاری رق و کینە بەرامبەر یەکدی و بەرامبەر کۆمەڵگا هۆکارێکی تری توندتیژین.
دەیەم: نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان، لاوازی رۆڵی خوێندن و پەروەردە لە بەرهەمهێنانی گەنجێکی لێبوردە و مرۆڤ دۆست هۆکارێکی ترە..
تۆش دەتوانی چەندان خاڵی تر تۆمار بکەیت..!
هەر بۆیە ئێمە لە دورگەی واق واقداین هەر باشە و رۆژانە بەدەیان کەس بە کوژراوی تەرمەکانیان لەسەر شەقامەکان نەکەوتوون..!
سەرچاوە : سپی میدیا