عوسمانی حاجی مارف
حکومەتی هەرێم لەگەڵ خراپترین قەیرانی نەدانی موچەدا، ڕوبەڕوی واقعیەتێکی ئاڵۆزتربۆتەوە، بێجگە لە حساباتی ساڵانی پێشو، هەر لە ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا نەدانی پارەی چوارمانگ قەرزارە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم قەرزە زیاتر بێت.
لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جدی و ڕۆشنی نیە بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزە، لە هەمان کاتدا گرێی چارەسەری پەیوەندی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند نەکراوەتەوەو نیشانەیەکیش نیە بۆ کردنەوەی. ئەوەی جێگای سەرنج و ڕیسوایی و گاڵتەجاریە، بڕیاری سزادانی مامۆستایان پەیامی هەڕەشەی حکومەتە بۆ شکاندنی بایکۆت بەبێ وەڵامی داواکاریەکانیان!.
دیارنەبونی ئاسۆیەک بۆ دانەوەی قەرزەکان و دانی موچە لەکاتی خۆیدا، دەنگێکی ناڕەزایەتی بەرزبۆتەوە، کە داوا دەکەن مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش واژۆی بەشێکی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم کۆکرایەوە، چەندین کۆبونەوە بۆ نوێنەرەکانیان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس لە بەغداد ڕێکخراوە، داواجاریش ئەنجامێکی ئەرێنی نەداوە بەدەستەوەو دۆخەکە وەک خۆی بە ئاڵۆزی ماوەتەوە!.
ئاسۆی دابینکردنی دانی موچە لەکاتی خۆیدا، پلەبەرزکردنەوە کە زیاتر لە ٩ ساڵە ڕاگیراوە، دانەمەزراندن بەگشتی و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.. بۆتە گرێ کوێرەیەکی حکومەتی هەرێم مەبەستی نیە بیکاتەوە.
هەرچەندە حزبەکان و حکومەتی بەغدا و هەولێر دەیان کۆبونەوەی فەرمیان ئەنجامداو سەردانیان ئاڵوگۆڕ کردوە، بەڵام نەگەیشتونەتە چارەسەری یەکلایی کەرەوە، لەهەمان کاتدا ئاسۆیەک دیارنیە بۆ نیشاندانی هاوڵاتیان کە چارەیەک پەیدادەبێت و ئەم دۆخە ئاڵۆزە تێدەپەڕێت. زیاتر کێشەکان بە لاسەنگی و بێ وەڵام و بێ چارەسەر دەبینرێن، ئەمەش بۆتە سەرچاوەی ئەوپەڕی بێئومێدی و نادڵنیایی دانیشتوان لە بەرامبەر قوڵبونەوەی زیاتری قەیرانەکانی هەرێم کە بە دەسەڵاتدارانی میلیشیای نابەرپرسی بنەماڵەکان بەڕێوەدەبرێت.
ناوچەی زەرد بە پێشێلکردنی ئازادی و تۆقاندن بەر بە ناڕەزایەتیەکان دەگرێت، وەک بە بارمتەگیراوو کۆیلە مامەڵەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەکات، ناوچەی سەوز بە چەواشەکاری فەرامۆشکردن و تاوانبارکردنی مامۆستایان، یا هەڕەشەی سزای لەکار دەرکردن فشار بۆ مامۆستایان دەهێنێت دەوام بکەنەوە، ئەمەش جۆرێکی ترە لە مامەڵەی بە کۆیلە کردن.
لە هەمان کاتدا جگە لە کەمتەرخەمی بەرامبەر بە پێدانی موچەو ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئاستی دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان بۆ دانیشتوان لە تەندروستی و کارەباو.. تابڵێی شەرماوەرو بە ئازارە.
دەسەڵاتێک بە هەر پێوەرو شێوازو میکانیزمێک پێکهاتبێت و بەرێوەبردنی کۆمەڵگەی گرتبێتە ئەستۆ، نەیەوێت و نەتوانێ سادەترین پێداویستیەکان دابین بکات، نەک نابێت بەهیچ جۆرێ ڕێگای ئەوەی پێبدرێت، کە لەبەرامبەر ناڕەزایەتی بۆ داواکاریە ڕەواکانی پەیوەند بە پێداویستیە حەیاتیەکانی خەڵکەوە، بەهیچ جۆرێک باس لە سزا بکات و بڕیاری سزادان دەرکات، بەڵکو ئەو دەسەڵاتە بۆ خۆی دەبێت بدرێت بەدادگاو لێپرسینەوەی لە گەڵدا بکرێت و سزا بدرێت.
دوای سێ دەیە زیاترلە ئەزمونی حکومڕانی لە هەرێمدا بە رۆشنی ئەوە لەبەرچاوە، کە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتی بنەماڵە و سیاسەتمەدارانی هەرێم، بەجۆرێک لە گەڵ گەندەڵی و جەردەیدا قاڵبون و ئاڵاون، هیچ ڕێگایەک بەرەو چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە لەدەستوری کاریاندا نیەو ناتوانێت ببێت، بەتایبەتی کە ئێستا ئاستی کێشەکان بارگرژی ناوچەکەو هێرشی درۆنی موشەکیشی هاتۆتە سەر.
سزادانی مامۆستایان و فەرمانبەران گەر دەسەڵاتی ئیستای حزبەکان بەهەر جۆرێک هەوڵی جێبەجێی کردنی بدەن، نابەجێ و نافەرمیە، ئەمەش دەچێتە لیستی ئەو تاوانە قێزەوەنانەی کە چەندین ساڵە بەرامبەر دانیشتوانی هەرێم جێبەجێیان کردوە.
سەرچاوە ؛ ئاوێنە