ساڵێک لالە سەرحەدی ڕوغزایی ماڵیان لە...

ساڵێک لالە سەرحەدی ڕوغزایی ماڵیان لە «پێواز» ئەبێ تەماشا ئەکا لە دوورەوە کاروانێک ڕەت ئەبێ و کوڕگەلیش هەر کەس لە ماڵێ خۆی دانیشتووە و هیچی ناچێ بۆ ڕاووڕووت! بانگ ئەکا: ئایەی! هەتیوەل خۆ من تەوەم کردگە ئێوە بۆ وا دانیشتگن؟ تەماشا کەن ئەو کاروانە، بە خوا ڕەنگ وێ کوتاڵ و وشکە کروشتی خاسیان پێ وێ! کوڕ گەل لەگەڵ ئەمەیان بیست بە جارێ تاویان دایە سەر کاروان. لالە سەرحەدیش تەزبیحەکەی بە دەستەوە بوو هەر زیکری ئەکرد و چاویشی لە کاروانەکە بوو.
کوڕگەل گەیشتنە کاروان هەندێ قسەیان کرد، ئیتر بەبێ ئەوەی هیچ بێنن ڕاست گەڕانەوە. لالە سەرحەد هات بە پیریانەوە پرسی: ئەوە چی وو، بۆ چی هەروا گەڕانەوە؟ وتیان: بەخوا لالە چووین ڕووتیان بکەینەوە، کەچی سوێندیان خوارد وتیان خەڵکی قەرەچێوارین و پیاوی شێخین! ئێمەش لە ترسی ئەوەی نەوەک شێخ حەسەن تووشی مۆجیزەیەکمان بکات ئیتر وازمان لێهێنان! لالە وتی: بڕۆن، بڕۆن هەی عەمرتان نەمێنێ، هەتیوێ ئەوەندە بێ فەڕ وێ بپرسێ ئەرێ زوارەکە لە کوێوە دێن؟ بۆ کوێ ئەچن و پیاوی کێن؟ هەڵوەت ئەوانیش یێژن پیاوی شێخین - ڕۆحم وە فیدای وێ - جارێکی کە وەم جۆرە وە حیزی بچن و بێنەوە بە سەری ئەو شێخی قەرەچێوارە لێتان قویڵ ناکەم و هەرچی خراوە پێتان یێژم!