ساڵێكه‌ له‌ زیندانه‌؛ مەترسی لە سێدارەدان لەسەر چالاكوانێكی كورد هەیە

 

 

 

 

خەندان 

ژنە چالاکوانێکی سیاسی کورد دوای زیاتر لە ساڵێک لە دەستگیرکردنی، مەترسی لە سێدارەدانی لەسەرە و هاوڕێکانیشی دەڵێن، ژنانی سیاسی و چالاکوانی سزادراو لە ئێران نوێنەرایەتی دەنگی ژنانی ئازادیان کردوە لە کۆمەڵگادا، بۆیە پێویستە ڕای گشتی، خەڵکی ئازادیخواز، چالاکوانانی ژنان و ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات دەنگی ئەوان بن و نەهێڵن سیاسەتی ئێران بەرامبەر سەرکوتکردن ژنان سەربگرێت.

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کەژار (کە ڕێکخستنێکی سیاسی تایبەت بە ژنانی ئێرانە) و کە هاوڕێی وریشە مورادیە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "وریشە ئەندامی کەژارە و لە ڕۆژی 1ی مانگی (ئاب/8)ی 2023ەوە لە شاری سنە دەستگیرکراوە و پێنج مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا لە بەشی 209ی زیندانی ئەویندا ماوەتەوە، ماوەی هه‌شت مانگیشە براوەتە بەشی ژنان لەو زیندانە". 

لەبەر ئەوەی باوەڕی بە سەربەخۆبونی دادگاکانی ئێران نییە ئامادەی دادگا نەبوە

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، وریشە دوجار ماوەی دادگاییکردنی بۆ دانراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی باوەڕی بە سەربەخۆبونی دادگاکانی ئێران نییە ئامادەی دادگا نەبوە، بۆیە لە ئێستادا هاوشێوەی پەخشان عەزیزی و شەریفە مەحەمەدی مەترسی لە سێدارەدانی لەسەرە.

 وریشە ئازاری زۆری جەستەیی و دەرونی دراوە لە زینداندا لە بەرامبەردا ئەویش هەڵویستی وەرگرتوە

کەمانگەر وتیشی، "لەو کاتەوەی دەستگیرکراوە، وریشە ئازاری زۆری جەستەیی و دەرونی دراوە لە زینداندا لە بەرامبەردا ئەویش هەڵویستی وەرگرتوە، جگە لەوەی ئامادەی دادگا نەبوە، دو جار نامەی فەرمی ئاڕاستەی ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە، بۆیە ئەو ژنانەی وەک وریشە کە نوێنەرایەتی دەنگی ژنانی ئازادیان کردوە لە کۆمەڵگادا، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئازادیخواز و چالاکوانانی ژنان و ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات کە ئەوان دەنگی ئێمە بون، پێویستە ئێمەش دەنگی ئەوان بین و بێدەنگ نەبین".

وریشە مورادی ئەندامی کەژار و چالاکوانی سیاسیە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە ڕۆژی 30ی مانگی 8ی 2023 لە شاری سنە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، دوای 13 ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئەو شارەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئەوین لە تاران.

وریشە لە ڕێگەی نامەیەکەوە بۆ ڕای گشتی وەڵامی دادگا دەداتەوە ئامادەی دادگایی کردنەکەی نابێت

لە ڕێکەوتی 6ی مانگی 5ی 2024 یەکەم دانیشتنی دادگایی بەڕێوەچو، بەڵام وریشە لە ڕێگەی نامەیەکەوە بۆ ڕای گشتی وەڵامی دادگا دەداتەوە ئامادەی دادگایی کردنەکەی نابێت.

بەهۆی ژن بون و کوردبونەوە لە زیندانم، لەبەر وێڵبونم بەدوای ئازادی بەو سزایەیان گەیاندوم

وریشە لە نامەکەیدا دەڵێت، "لەو سزایەیەدا کە دراوە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەرکەوتوە کە دەسەڵاتی دادوەری چ دەسەڵاتێکی لاوازە لە ئێران، من بەهۆی ژن بون و کوردبونەوە لە زیندانم، لەبەر وێڵبونم بەدوای ئازادی بەو سزایەیان گەیاندوم، لەسەر ئەو بنەمایە من ئامادە نیم، بچمە بەردەم دادگایەکی بەو شێوەیە".

وریشە لە بارەی دۆخیەوە لە ناو زیندام زیاتر دواوە و لە بەشێکی دیكه‌ی نوسینەکەیدا دەڵێت، "لەماوەی زیندانیمدا بە تایبەت لە زیندانی تاکەکەسی ئازاری زۆریان داوم و بەوهۆیەوە توشی خوێن بەربونی بەردەوام بوم لە ڕێگەی لوتمەوە، هاوکات چەندین جۆر سزای دەرونیان داوم، سەرەرای ئەوەی لە بینینی خێزانەکەم و تەنانەت پارێزەرەکەشم بێ بەش کراوم".

مەترسی دەرچونی سزای لە سێدارەدانی لەسەرە

هەرچەندە وا بڕیاربو لە 28ی مانگی هەشتی 2024 دانیشتنی دوەمی وریشە لە دادگا بەڕێوە بچێت، بەڵام دادگاییەکەی دواکەوت بەهۆی ئامادەنەبونی نوێنەری داواکاری گشتی و ڕاوێژکاری دادگاکە، بە قسەی هاوڕیکانیشی لە ئێستادا وریشە "مەترسی دەرچونی سزای لە سێدارەدانی لەسەرە".

هەریەکە لە چالاکوانانی مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی، کە ڕۆژنامەنوسە لە 23ی مانگی حەوت و شەریفە محەمەدی، لە 4ی مانگی حەوتدا بەتۆمەتی "بەغی" ( ئەندام بون لە گرووپە دژ بەرەکاندا) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

 ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی پێشێلکاری یاسایی تێدا ئەنجام دەدرێت 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی پێشێلکاری یاسایی تێدا ئەنجام دەدرێت و هاوڵاتیانی ڕوبەڕوی گرتن و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان دەبنەوە.

بە پێی دوا ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 382 کورد دەستبەسەر کراون، لەو ژمارەیە لانیکەم 19 کەسیان ژنن، 61 بەندکراویش بە 200 ساڵ بەندکردن و 188 لێدانی قامچی سزا دراون، لانیکەم 57 بەندکراو لە سێدارە دراون، 271 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و برینداربون.

سەرچاوە : خەندان