زەماوەندی گەورە...

پەپوولە!
بە دوو باڵە ڕەنگین و نەخشینەکەت،
لەگەڵ قاسپەقاسپی کەوی مەستی بادەی کوڕادە،
لەگەڵ شەوشنەی شەوگەڕی تۆزی ڕێگا وەلادەر،
لەگەڵ پێکەنینی گوڵی مەندی تێراوی دێراوی جوانی،
بڕۆ، هاڵفڕە، ڕوو لە ئادەی بەهەشتی ئەهوورای مەزن کە!
کە ئەهریمەنی تاریکایی لە نووری تەریکە...
تەماشا کە داری تەیاری بەهاری مەسیحا،
چلۆن بۆتە چەتری پشوودانی ڕێبواری تینوو...
تەماشا گڕی ئاگری شوانی ماندوو حەساوە،
چلۆن جەرگی شەوگاری دەبڕی بەرەو ژیانی هەرمان...
تەماشا لە نێو نوێنی نەرمی زەمەندی ئەوینا،
چلۆن بێچوو ئاسکانی ئاواتی گەورەی لەمێژین،
بەبێ ترسی ڕاوکەر خەریکی گەمە و هەڵبەزینن...
پەپوولە!
پەپوولەی بەنازی لە دڵ جوان!
بڕۆ گوێ بدە زمزەمەی ئاوی لێژێ،
کە لەنگێزەیەک ڕەها بووە لە بەندی کەوی و کۆیلەیی...،
بەرەو مێرگ و زەنوێری هەربوون بەڕێوە...
بە دەنگی برینداری داوودییە بانگەوازی،
کە بۆ هەڵپەڕینی زەماوەندی ئازادی دڵ هان ئەدا...
بە دڵ بانگ ئەکا: شەرمی ڕوانینی شللێر،
ئەوە زەعفەرانی پەژارە بە فەوتان ئەدا...
پەپوولە!
گزینگی بەیانی ژیانێکی نوێیە،
کەوا تیشکی ئەڕوا بەرەو دوور... دوور...
ئەوا هەندەرانی هەموو کردە نوور...
پەپوولە!
وڵاتم هەموو مەستی هەستی ژیانە،
هەموو چاوەڕوانی زەماوەندی گەورەن،
ئەوەی بیری لێ ناکرێ تێکشکانە، نەمانە...
پەپوولە!
لە کاتی زەماوەند و شایی - کە نیزیکە لێمان -
من و تۆ لەگەڵ مامزی دوورەزێدم،
ئەچین سەیری گۆوەندی ئاواتی خۆمان ئەکەین...
لە دەنگدانەوەی دەنگی خاوەندی هیوا،
لە بەرزایی کوێستانی ئازادی گوێ هەڵئەخەین...

(عەلی حەسەنیانی)

*زەماوەندی گەورە بە دەنگی: عەلی حەسەنیانی