زێوەر

عەبدولڵا کوڕی محەممەدی مەلا رەسووڵ شاعیرێکی کورد بوو کە لە ساڵی 1875 لە گەڕەکی کانیسکان لە سلێمانی لەدایکبووەو لە 10ی تشرینی دووەمی 1948 لە شاری سلێمانی لەتەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. بە بنەچە پشدەرییە.
وشەی (زێوەر)ی بۆخۆی ھەڵبژاردووە و کردوویەتی بە نازناوی ھۆنراوەکانی. حوجرە و مزگەوت کانگای بەھرەی خوێندنی بوو. جگە لە زمانی کوردی، زمانی فارسی، تورکی و عەرەبیی زانیوە و ھۆنراوەی بەھەریەک لەو زمانانە ھەیە.

کاریگەر بەسەر زێوەرەوە
ئەو کاریگەرانەی بەسەر زێوەرەوە دیارن، ئەمانەن:

*زێوەر ھەر لەتەمەنی لاوییەتیدا دیمەنە ڕەنگاورەنگەکانی کوردستان کارییان کردۆتە سەر دڵ و دەروونی و ھەستی ناسکیان جوڵاندووە.

*تام و بۆنی شیعرەکانی مەولەوی و نالی  لەھەموو دەمارەکانیدا ھاتووچۆیان کردووە و تەلی سۆزیان بزاندووە.

*دیوانی شاعیرە فارسەکانیش کارییان تێکردووە و ھەستییان جوڵاندووە، وایان لێکردووە کە باوەش بە ئاسۆی شیعردا بکات.

*ھەروەھا ستەم و زۆرداریی و رۆژگارو چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد ئەوەندەی تر دڵییان ھێناوەتە کوڵان و بەرەو کۆشی شیعرییان بردووە و ئیلھامی شیعرییان بەتینتر کردووە.

رووخساری ھۆنراوەکان و ناوەڕۆکی شیعری
ھۆنراوەکانی لەبارەی دڵداری و خەویستی، وەسفی سروشت، کۆمەڵایەتیی، نیشتمان پەروەریی و نەتەوەیی، فێرکردن و ھاندان بۆ خوێندن و پێشکەوتن، فەلسەفە ـەوە بوون، واتە لەڕووی مەبەستەوە دەکرێن بەم جۆرانە:

دڵداریی و خۆشەویستیی
زێوەر وەکو شاعیرەکانی تر لەسەرەتادا دەکەوێتە مەیدانی دڵداریی و خۆشەویستییەوە، لەوبوارەدا ئەسپی خەیاڵی تاوداوە و پەپوولەی ئارەزووی لەڕەنگینترین باخچە نیشتۆتەوە، بیری ورد و خەیاڵی ناسک و سۆزی بەتین لەھۆنراوەکانیدا دیارن، یەکێکە لە شاعیرەکانی ڕیزی پێشەوەی بابەتی ھۆنراوەی دڵداریی لەئەدەبیاتی کلاسیزمی کوردیدا.

ئەمەش نموونەی شیعرێکی دڵداری زێوەر، کە چۆن باس لە یارەکەی دەکات و وەسفی دەکات:

تکاندی ئابڕووی چەمەن بە ڕوویی ئابدارەوە

شکاندی نرخی نەستەرەن بە زولفی موشکبارەوە

چمە لە مەی لە نەی لە جام، ئەگەر بە لەنجە بێتە لام

بە ڕوویی تابدارەوە، بە چاوی پڕخومارەوە

عەرەق نییە لە عالەما، کە لابەرێ لە دڵ غەما

جگە لە قەترەئارەقێ لە ڕووت کە دێتە خوارەوە

نیشاتی من جەماڵی تۆ، بەراتی من ویساڵی تۆ

خەیاڵی من لە خاڵی تۆ بە عیشوە لێم مەشارەوە

عەزیزەکەی حەبیبی من، نیگارەکەی تەبیبی من

کە شەق بەرێ ڕەقیبی من، وەرە بە سەد ویقارەوە

فیدایی خەدد و قەددی تۆ چەمەن بە فەوجی گوڵیەوە

بە بولبول و بە چڵیەوە، بە قومری و ھوزارەوە

فەرەنگڕووی زەنگموو، عەجەمسیاق و ڕووسخوو

ئەناسرێ کە کوردە زوو بە پێچی لار و خوارەوە

نیساری زولفی عەنبەری ھەموو وڵاتی گوڵعومەر

بە عەرد و بەرد و دارەوە، بە ئاوی سەرچنارەوە

ئەمن گەیاندمە ئەنوەری فنوونی شیعر و شاعیری

ئەتۆ گەیانتە سامیری بە چاوی سیحرکارەوە

جوانیی سرووشت
زێوەر باسی جوانیی سرووشتی کردووە کەبەدەستی کردگار نەخشاوە، سەیری ئەو دیمەنەی کردووە، کە لەبەرھاردا ھاتۆتە کایەوە، لەم بارەیەوە وتووییەتی:

بنواڕە نەوبەھار و ھەوای تەڕاوەتی

نووسانی پێکەوە لەبی غونچەی حەلاوەتی

ھێنایە شەوق و زەمزەمە، تەیرانی سەر زەمین

سەرما بڕایەوە، ھەموو توندی و سەڵابەتی

ھەورە تریشقە بۆتە سەقا ئاوڕشێن ئەکا

تا سەبزە زاری ئەرز موجەلابێ سەفوەتی

ئەم عەردە مردووە ھەموو ڕۆحی کرایە بەر

گۆڕاوە سەربەسەر ھەموو دونیا قیافەتی

بادی سەبا بەجیلوە قەدی گوڵبەنی لەران

گوڵزاری کردەوە کە بکا شوکری نیعمەتی