لە مێژووی هاوچەرخی کورددا سەدوبیستوچوار ساڵ بەسەر دەرچوونی (کوردستان)ی نۆبەرەی رۆژنامەگەرییی کوردی تێدەپەڕێت، سەرباری ئەو هەموو هەورازو نشێوانەی بەردەم پێشکەوتن و گەشەکردنی رەوشی رۆژنامەگەریی لە کوردستاندا، بەڵام هێشتا رۆژنامەگەریی کوردی وەک هەر جومگەیەکی پرۆسەیەکی بە نەتەوەبوون لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا بەردەوام بووە.
لەو سۆنگەیەوە تاچەند رۆژنامەگەریی کوردی خزمەتی بە زمانی یەکگرتووی کوردی کردوە و توانیویەتی لەسەر ئاستی پرۆگرامی پەروەردەیی، زاراوەی زانستی، زاراوەی یاسایی، دەڤەرە دوورەدەستەکان، زار و بنزارە کوردییەکان لەیەکتر نزیک بکاتەوە، بە ئەرێنی و نەرێنی روو بەرووی ئەو پرسیارەکمان دەکاتەوە کە لە ئێستادا لەسایەی شۆڕشی تەکنەلۆژی و هەبوونی ئەو هەموو دەسکەوتە زانستییانەی بواری رۆژنامەوانی و سۆسیال میدیادا، بەڵام هێشتا مه‌ترسییه سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌ر زمانی کوردی لەسه‌رده‌می ئێسته‌دا نەک هەر لە بەشەکانی تر، تەنانەت لەعیراق و هەرێمی کوردستانیشدا هه‌ن و بێچارەسەر ماونەتەوە، جا چۆن ده‌توانین زمانەکەمان له‌و مهترسییانەی کەرتبوون و ئاسمیلە بوون دوور بخه‌ینه‌وه و هاوکاتیش به‌رەو گه‌شەکردن و به‌خشینی توانای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه نوێیەکانی سه‌رده‌می ببه‌ین و له باری فورم و ناوه‌رۆکه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتری بکه‌ین؟
مامه‌ڵه‌یەکی زانستیی له‌گه‌ڵ زمان
ڕۆڵی رۆژنامەگەریی کوردی لەڕابردوودا لەخزمەت بە زماندا نەک هەر لە ژانرە وێژەییەکان. بەڵکو لە ژانرە جیاوازەکانی تریش حاشای لێ ناکرێت، بەڵام کاتی ئه‌وە هاتووه ئەو زمانە له کۆت و به‌ندی ئایدیۆلۆژی و ناوچەگەرێتی و فرەزار و بنزارە لۆکاڵییەکان رزگار بکرێت، هەرچەند سەختە بەڵام مەحاڵ نییە کە دوور لە دەمارگیری بیر لە زمانێکی ستاندار بکەینەوە، هەڵبەت ئه‌مه به واتای ئه‌وەش نییه که راکێشانی سه‌رنجی ئاخێوەرانی ئه‌م زمانه بۆ لای فێربوونی زمان و پاراستنی ناسنامەی خۆیان، به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی پێویست نه‌بێت، به دڵنیایی ئه‌م ئه‌رکه تا کاتێکی نادیار هه‌ر له ئه‌ستۆی گوتاری نەتەوەییمانە، به‌ڵام ئه‌م گوتاره لێره به‌دواوه مافی ده‌ستێوه‌ردانی نییه و ده‌بێت سنووره‌کانی زانستی بوونی زمان بپارێزێت. مامه‌ڵه‌یەکی زانستیی له‌گه‌ڵ زماندا بکات. واته ئیدی که‌ناڵەکانی راگه‌یاندن بۆیان نییه به مەزاجی خۆیان زمانەکە بشێوێنن، یان ده‌زگا و رێکخراوی حیزبی مافی ئه‌وه‌یان نییه له رقی یه‌کتر و به بێ هیچ چاودێرییه‌کی زانستی به لێشاو چاپەمەنی بێ خوێنه‌ر بڵاو بکه‌نه‌وه، هه‌ڵس و که‌وتی نازانستیی له‌گه‌ڵ زمانەکە بکەن، واته هه‌ر که‌س به پێی هه‌ستی کرچ و کاڵی ناوچه‌یی و له غیابی بونیاده پێویسته‌کانی خوێندنه‌وه و خۆ پهروهردەکردنی زانستیدا خۆی به مه‌رجه‌عی زمان بزانێ و به وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ت و نووسینی لاواز و پڕهه‌ڵه ده‌ست بخاته نیو رۆحی شەکەتی ئه‌م زمانه‌وه.
ئیدارەکردنی فه‌رمیی زمان لەلایه‌ن که‌سایه‌تیی و ده‌زگا زانستیی و به ئه‌زموون و پێوه‌ندیداره‌کان و به‌رێوبردنی بڕیاره‌کانیان، واته موتوربەکردنی راسته‌وخۆی زمان له زانست و ده‌سکه‌وته پۆزه‌تیڤه‌کانی شۆرشه زمانناسییه مه‌زنه‌کانی مێژوو و کردنه‌وه‌ی هه‌موو لقه زانستییه‌کانی پێوه‌ندیدار به زمانه‌وه لە رۆحی زمانی کوردی‌دا و هه‌روه‌ها کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی ئه‌م زمانه به رووی هه‌موو زمانه زیندووه‌کانی دونیادا، به دوور له هه‌ر چه‌شنه کینەیەک و ته‌نیا به مه‌به‌ستی دانوستان و گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه ئینسانییه‌کان و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی زمانه‌که‌مان بێت.
لە خه‌می مردن ره‌خساوه
ئه‌گه‌رچی زمانی کوردی به چه‌ند قۆناغی گرینگی مێژوویی و سیاسی‌دا تێپه‌ڕیوه و هه‌ر کام له‌و قۆناغانەش به پێودانگی زانستیی و سیاسیی خۆیان توانیویانه ببن به خاڵی وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی و ئه‌م زمانه له مه‌ترسیی نه‌مان رزگار بکه‌ن و له وروژمی شه‌پۆلی سیاسه‌تی پاکتاوی کو‌لتووریی ده‌وڵه‌تانی پێوه‌ندیدار به کێشه‌ی کورده‌وه بیپه‌ڕێننه‌وه و بیگه‌یێننه که‌نارێکی هێمن. ئێستا زمانی کوردی دوای زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی، یه‌کێکه لەو زمانه زیندوانەی رۆژهەڵات و کاریگه‌ره‌کانی ناوچه‌که و که ته‌نانه‌ت له غیابی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیش‌دا رووبه‌رێکی سیاسی و کو‌لتووریی به‌رین و به‌رفراوانی هه‌یه و ناکرێت نکۆڵی لە هەبوونی کرێت. به‌ڵام ئه‌مه به واتای سه‌قامگیریی هه‌میشه‌یی و کۆتایی قه‌یرانه‌کانی ئه‌م زمانه نه‌بووه و نییه. به‌م پێیه ئه‌گه‌رچی ئێستاکه زمانی کوردی لە عیراق و باشووری کوردستاندا لە خه‌می مردن ره‌خساوه، به‌ڵام هێشتا لەبەشەکانی تری نیشتمان هەرەشەکانی ئاسمیلەبوون بەردەوامن، مخابن نەبوونی زمانێکی ستاندارد پاشاگه‌ردانییه‌کی له رادەبەدهری پێوە دیاره، ئه‌م دۆخه بووه به ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوه‌ره‌کانی و هه‌روه‌ها بیر و هزره به‌رهه‌م هێنراوهکهش.
توانستەکانی ئه‌م زمانه
چونکە زمان یه‌کێکه له هه‌ستیارترین دیارده‌کانی ناسنامەی هەر نەتەوەیەک، بەتایبەتیش بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەک کورد، کاتێک له‌م سۆنگهیەوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت ده‌روازه‌کانی به رووی نوێگه‌ری و زانست و هه‌روه‌ها زمان و کولتووره‌کانی تریشدا داده‌خرێت و ئاخێوه‌ره‌کانی به‌رانبه‌ر به دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ڕاڕا دەبینن. بێگومان ئه‌م ڕوانینه نووسینی خراپ، وه‌رگێرانی خراپ و له ئه‌نجامدا هزرینی خراپیش به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
ئێستا چۆن ده‌توانین توانستەکانی ئه‌م زمانه بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ زانست و دیارده مودێرنهکاندا فراوانتر بکه‌ین و «له دۆخی لۆکا‌ڵی و ئایدیۆلۆژیکه‌وه به‌ره‌و دۆخی زانستیی» زمانی نەتەوە ببەین؟
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه که ده‌رکه‌وته ئایدیۆلۆژیکهکهی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، هێشتا قه‌ناعه‌تی به‌م وه‌رچه‌رخانه مێژووییه نه‌هێناوه و هه‌ر له ره‌هه‌ندی دووانه‌ی مردن و ژیانه‌وه تەماشای زمانی کوردی ده‌کات نموونەش داواکاری (101) پەرلەمانتاری کوردستان بۆ بە فەرمیکردنی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستاندا، به‌م پێیه‌ش تا راده‌یه‌کی زۆر ئه‌گه‌ر و دۆخەکانی گه‌شه‌ی زانستیی لێ وه‌رگرتۆته‌وه و رێگه‌ی بۆ هه‌ر چه‌شنه ده‌ستێوه‌ردانێکی نازانستیی خۆش کردووه، ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانانه‌ی که به دروشمی ره‌سه‌نایه‌تی و پاراستن و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی زمان و کتێبخانه‌ی کوردی پاساو ده‌درێن. به گشتیی دوو گرووپ خاوه‌ندارێتی ئه‌م دهستیێوهردانه نازانستییه ده‌که‌ن:
یه‌که‌م ئه‌وانه‌ی تا ئێسته‌ش ئاگاداری ئه‌م راستییه نین و به شێوازه‌کانی رابردوو هێشتا هه‌ر پاراستنی زمان به ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن، دووهه‌میش ئه‌وانه‌ی به ته‌واوی ئاگادارن، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌یان پێخۆشتره و نائاگا لەبایەخی ناسنامەی زمان به ئاسانی راده‌ستی پرۆسه‌ی به ستانداردبوون و زانستیی کردنه‌وه‌ی زمانی کوردی ناکه‌ن. بەداخهوه نموونه‌یان که‌م نییه ئهوانەی که هێشتا گرفتی سه‌ره‌کییان له ئاخاوتن و نووسینی کوردی‌دا هه‌یه، کرده‌وه‌یه‌ک که ئه‌گه‌رچی رواڵه‌تی خۆی به بیری نه‌ته‌وه‌یی میکیاج ده‌کات، به‌ڵام له ئه‌نجامدا گه‌وره‌ترین زیان هه‌ر له‌و زمانەدا دەدات که سه‌ره‌کیترین کۆڵه‌گه‌ی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌ییه.
هەستی ناوچەگەرێتی و ئایدیۆلۆژیی یه‌کێکه له‌و مه‌ترسییانه‌ی ده‌توانێت پێوه‌ندیی راسته‌وخۆی نێوان هزر و زمان تووشی دابڕان بکات. ئایدیۆلۆژی وه‌کو ده‌زگایه‌کی هزریی/ سیاسیی پێشتر داڕێژراو و به پیرۆزکراو، ئاراسته‌ی گه‌شه‌ی زانستیی زمان ده‌گۆڕێت و سیسته‌مێکی چه‌قبه‌ستوو و قهتیسکراو له نیشانه‌کان به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که ده‌روازه‌کانی زمان له سه‌ر گه‌شەکردن و نوێبوونه‌وه داده‌خات.
ده‌قی نه‌زۆک
له‌ساته‌وه‌ختێکدا به دووپات بوونه‌وه‌ی دروشمگه‌لی وه‌کوو «هه‌رچی بێت با هه‌ر زارێکی کوردی بێت» زمان ده‌بێته به‌ستێنی ته‌راتێنی ناشاره‌زایی و له ئه‌نجامدا ده‌قی نه‌زۆک به‌رهه‌م ده‌هێنێت. بۆ نموونه دوای راپه‌ڕین و له ژێر کاریگه‌ریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فه‌رهه‌نگیی نێوان حیزبه‌کانی کوردستان، که بوو به هۆی هه‌ڵتۆقانی ده‌یان ده‌زگا و رێکخراوی سه‌یر و سه‌مه‌ڕه بۆ زمان و ئه‌ده‌ب و وه‌رگێڕانی کوردی، وه‌رگێڕانێکی به لێشاو هه‌موو رووبه‌ری زمان کوردستانی داگیرکرد، که به داخه‌وه له غیابی میکانیزمی زانستیی و چاوه‌دێریی پێویستدا تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامە، راستییه‌کی تاڵ که بووه‌ته هۆی زمانبێزیی به‌شێکی به‌رچاو له خوێنه‌ران و هۆگرانی زمانی کوردی.
لەم هەڵسەنگاندنە خێرایەدا بۆ یادەوەریی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی دەبێت لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ئەو کەناڵە گرنگە لەبەرچاو بگرین لە هەمبەر پرسی زمان و ناسنامەی نەتەوەکەمان. گەرەکە بزانین ئێمەش وەک گەلانی سەر ڕووی زەوی دەتوانین لەو کەناڵەوە خزمەت بە زمانی یەکگرتووی کوردی بکەین.
فەرەیدوون سامان
2022-04-28
سەرچاوە: knwe