زمانی تێکستە ئەدەبیەکانی کورد

 

ئەیوب کوێخا رۆستەم: زمانی (گۆران ) زیاتر لە هەزار ساڵ زمانی ئەدەبی کورد بوە، بەڵام ئیستا پەرت بوە
مەلا بەختیار: سەرەڕای گۆرانکاریەکان زمانی گۆران هێشتا رەسەنایەتیەکەی لە دەستنەداوە


ڕۆژی 27/1/2024  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (زمانی تێکستە ئەدەبیەکانی کورد) بۆ نوسەر و توێژەر ئەیوبی کوێخا رۆستەم بەڕێوەچوو.
باسەکەی ناوبراو دەربارەی زمانی گۆران بوو کە هەندێک بە هەورامی دەناسن، بەڵام ناوبراو لە قسەکانیدا ئەوەی سەلماند کە زمانی  گۆران دیالێکتیک و زار و بنە زار نەبوە، بەڵکو زمانی ئەدەبی سەردەمانێکی زۆری شاعیرانی کورد بوە.
دەربارەی وشەی گۆران ناوبراو باسی لەوە کرد، بۆچونی جیاواز دەربارەی وشەکە بونی هەیە، کەسانێک هەن پێیانوایە گۆران واتا زمانی گەورەکانی یارسان، بەڵام دەرکەوتوە کە ئەوان بەو زمانە قسەیان نەکردوە، هەشن پێیانوایە گۆران لە گۆرەوە هاتوە کە بە زمانی ئەو کەسانیەیان وتوە کە دوای هاتنی دینی ئیسلام موسوڵمان نەبون و پێیانوتون گاور.
توێژەرم جەختی لەوە کردوە کە زیاتر لە 160 سەرچاوەی بیانی خوێندۆتەوەو بەراوردی کردون، جگە لەوە گەشتم کردوە بە تەواوی ئەو ناوچانەی کە بە زمانی گۆرانی شیعریان وتوە، لە مەندەلیەوە تا کرماشان و لە کەرکوکەوە تا سنە، تەواوی ئەو ناوچانە گەڕاوم و توێژینەوەی مەیدانیم تێدا کردون، بۆم دەرکەوتوە کە زمانی ئەدەبی گۆران، زمانێکی تەنیا ئەدەبی بوەو خەڵکی ناوچەکانی خۆیان قسەیان پێ نەکردوە. وتیشی: زمانی ئەدەبی گۆران، هەورامی نیە، بەڵکو وەکو ناوچەکانی دیکەش لە هەورامان شیعری پێ نوسراوە. وتیشی: نمونەی 80 شاعیرم باس کردوە کە بە زمانی گۆران شیعریان وتوە کە لەڕویی جوگرافیەوە خەڵکی ناوچە جیاوزەکانی کوردستان بون، جگە لەناوچەی موکریان و قەڵادازێ و رانیە، کە ئەوان بە زمانی گۆران شیعریان نەوتوە. نەک هەشتا شاعیر بەڵکو هەزاران کەس بەو زمانە شیعریان وتوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە زیاتر لە هەزار و 150 ساڵ، بە زمانی ئەدەبی گۆران، شیعرو تێکستی ئەدەبی نوسراوە، بەڵام بەداخەوە ئەم زمانە ئەدەبیە سەرئەنجام پەرت دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی ئەیوب کوێخا رۆستەم جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە رۆشنبیرانی کورد ئەو سامانە نەتەوەییەی کە هەیانە بە خەڵکانی بناسێنن.

دوای تەواوبونی قسەکانی ناوبراو، گفتوگۆیەکی وردی بابەتەکە لەلایەن ئامادەبوانەوە کراو پرسیار و سەرنجەکانیان خستەڕوو، بەشێک لە ئامادەبوان باسیان لەوە کرد کە زمانی ئەدەبیی گۆران هاوشێوەی زمانی لاتینی بوە کە لە سەردەمی رۆمانیەکان تێکستەکانی پێ نوسراوە بەڵام خەڵکی ناوچەکانی ئەوروپا زمانی خۆشیان هەبوە. بەشێکی دیکە لە ئامادەبوان باسی ئەوەیان کرد کاتێک دوترێت یەکەم تێکستی ئەدەبی کە بە زمانی گۆران نوسراوە لەسەر پێست بوە،  پێیوستە توێژەرانی کورد لە مۆزەخانەکانی ئەوروپا ئەوە بسەلمێنن کە ئەو نوسینە راستەقینەیەو دروستکراو نیە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئامادەبوانی سیمینارەکە دەستخۆشییان لەو ماندوبونەی توێژەر کرد.
لای خۆشیەوە مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کرد و سەرەڕای دەست خۆشی لە توێژەر، کە پێیوابوو باشترین کەسە لەو بوارەدا، بە پێوستیشی زانی  لێکۆڵینەوە لەو گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیانە بکرێت کە وایکردوە زمانێکی وەکو گۆران، پاشەکشێ بکات و زمانێکی دیکە زاڵ ببێت. وتیشی: من پێم وایە بەهۆی سەرمایەداری بازارگانی  لە ناوچەکانی کوردستان و دروستکردنی شاری گەورەی وەکو سلێمانی گۆرانکاری گەورە دروست دەبێت و وا دەکات کە زمانی موکریانی ببێتە زمانی ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریە گەورانە، زمانی ئەدەبی گۆران، رەسەنایەتی خۆی لەدەست نادات.

سەرچاوە : چاودێر