ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی (Ecocriticism) ئه‌و ره‌وته نوێیه‌ی بواری ره‌خنه‌یه، كه تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ره ژینگه‌ییه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت. ئه‌م شێوازه له ره‌خنه تێڕوانینێكی نوێ بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه باوه‌ی نێوان سروشت و ئه‌ده‌ب ده‌خاته‌ڕوو، كه له سه‌ده‌كانی بیسته‌م و بیست و یه‌كه‌مدا گۆڕانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هات.
جێی تێبینییه په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و سروشت ئاڵۆز بووه، بۆیه ئه‌م په‌یوه‌ندییه له تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كاندا قاڵبه ره‌خنه‌ی و سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێستای مرۆڤایه‌تیی له‌خۆده‌گرێت. له كارێكی وه‌هادا پێویسته ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی لایه‌نه ره‌خنه‌ی و ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌و فاكته‌رانه شیكار بكات كه ده‌بنه هۆی دیدگای ژینگه‌یی، مه‌به‌ستیشمان له دیدگای ژینگه‌یی؛ رووانینێكی دۆستانه‌یه بۆ ژینگه‌ی سروشتیی ده‌وروبه‌ری خۆمان، له‌پێناوی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له لایه‌ك و بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكه‌ی سه‌رزه‌وی له لایه‌كی دیكه‌وه.
هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی شیكارێكه بۆ ئه‌و چۆنێتییه‌ی كه توانای پێكهێنانی وێنای سروشت ده‌ست ده‌خات و به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌و ره‌خنەیە مرۆڤایه‌تییه و ئه‌و به‌رنامه رامیارییانه‌ی، كه تێكستی ئه‌ده‌بیی پێكده‌هێنێن به ئامانجی گه‌یشتن به‌و چاره‌سه‌ره‌ی په‌یوه‌سته به كاره‌ساتی ژینگه‌یی گه‌شه‌سه‌ندووه‌وه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌م ره‌خنه نوێیه به شێوه‌یه‌كی سروشتیی تێكه‌ڵ بێت به بواره‌كانی دیكه. بۆیه له پره‌نسیپه‌كانیدا سوود له بواره جۆراوجۆره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك مێژوو و ده‌روونناسیی و فه‌لسه‌فه و دیۆنتۆلۆژیی و ئیكۆلۆژیی ده‌بینێت، ئه‌وه‌ش به ئامانجی تێگه‌یشتن له‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه له نێوان سروشت و ئه‌ده‌بدا هه‌یه.
ویلیا‌م رویكێرت له ساڵی 1978 زاراوه‌ی ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی داهێنا بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به دیمه‌نی سروشتیی و ئه‌و ژینگه‌یه‌وه هه‌یه كه ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بیی له رابردوودا گرنگییان پێ نه‌داوه. گرێگ گارارد (Greg Garrard) له كتێبی (Ecocriticism) پێناسه‌یه‌ك بۆ ئه‌و شێوازه ره‌خنه‌یه پێشكه‌ش ده‌كات كه له‌لایه‌ن چێریڵ گلۆفێلتی (Cheryll Glotfelty) له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌ی ( The Ecocritical Reader)دا هاتووه: "ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی گوزارشت له په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ده‌ب و ژینگه‌ی سروشتی ده‌كات و ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی له لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیدا شێوازێكی واقیعییانه ده‌گرێته‌به‌ر هه‌روه‌ك ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كسانیی ژن له‌گه‌ڵ پیاواندا كار ده‌كات و له‌و گۆشه سۆزدارییه‌وه له زمان و ئه‌ده‌ب ده‌كۆڵێته‌وه كه په‌یوه‌سته به ره‌گه‌زی مرۆڤ و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ماركسییه‌وه كه له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا ئاگایی ده‌به‌خشێته شێوازه‌كانی به‌رهه‌م و چینی ئابووریی"(گارارد، 2004: p. 13). ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و ئه‌وه بووه، كه ده‌كرێت زاراوه و چه‌مكه ژینگه‌ییه‌كان ببنه میكانزمێكی به‌سوود بۆ خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌یتوانیوه پێناسه‌یه‌كی ته‌واومان به‌ده‌سته‌وه بدات، یان نه‌بووه‌ته جێی سه‌رنجی ره‌خنه‌گران و ئه‌دیبان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌سه‌ر ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كاندا پراكتیزه‌ی بكه‌ن.
گرنگی ژینگه له ئه‌ده‌بدا
هه‌رچه‌نده زۆرێك له ره‌خنه‌گران گرنگیی ژینگه‌یان له ئه‌ده‌بدا ره‌چاو كردووه وه‌ك لیۆ ماركس(Leo Marx) و رایمۆند ویلیامز (Raymond Williams)، به‌ڵام تا كۆتاییه‌كانی هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو كه‌م كه‌س ده‌یزانی ئه‌م زاراوه‌یه بووه به لقێك له لیكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگییدا، له‌وانه‌یه هۆكار ئه‌وه بێت كه ئه‌وكات هێشتا مه‌ترسییه ژینگه‌ییه‌كان به فراوانی سه‌ریان هه‌ڵنه‌دابوو یان جێگای بایه‌خی هه‌موان نه‌بوون، به‌راورد به‌و هه‌موو كاره‌ساته سروشتیی و كاولكارییانه‌ی مرۆڤ له رێگه‌ی جه‌نگ و چاوچنۆكییه‌وه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كردوونی.
ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی خۆی وا پێناسه ده‌كات كه پراكتیزه‌كردنێكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له‌و روانگه‌یه‌وه كه تیشك ده‌خاته سه‌ر زه‌وی و هه‌ر زه‌ویش ده‌كاته ناوه‌ند نه‌ك مرۆڤ. هه‌روه‌ها ره‌هه‌ندێكی چالاكی ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی هه‌یه: به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه به‌شێك له‌و هۆكارانه‌ی كه وا ده‌كات ره‌خنه‌گرانی ژینگه‌یی باس له ناوه‌ندێتیی سروشت بكه‌ن له ئه‌ده‌بدا ئه‌وه‌یه كه به شێوه‌یه‌كی گشتیی هۆشیاریی زیاتر هه‌بیت سه‌باره‌ت به گرنگیدان به ژینگه و كاركردن له‌سه‌ری. سه‌یریش نه‌بیت به‌لامانه‌وه كه زۆرێك له ره‌خنه‌گرانی ژینگه‌یی بۆخۆیان چالاكوانن له بزوتنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ریی ژینگه‌ییدا، ئه‌و بزوتنه‌وه‌ی كه گرنگیی ده‌دات به دابه‌شكردنی نایه‌كسان و ناجێگیر له بارگرانیی و ێرانكاریی ژینگه‌یی، نموونه‌ی ئه‌و وڵاته هه‌ژارانه‌ی كه به‌لایانه‌وه ئاساییه ئه‌گه‌ر له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان زیاتر ژینگه‌كه‌یان بكه‌وێته به‌ر پیسبوون. له‌كاتێكدا هۆكاری پیسپوونی ژینگه و تێكچوونی له‌و وڵاته هه‌ژارانه كه‌مترن، كه‌چی به‌هۆی خه‌مساردیی و دواكه‌وتووییه‌وه ژینگه‌كه‌یان كه‌وتووه‌ته به‌ر مه‌ترسیی گه‌وره. دیاره بێده‌ربه‌ستیی كۆمه‌ڵگای كوردیی نموونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌و دیارده‌یه.
ره‌خنه‌گری ژینگه‌یی دۆنێل دریس (Donelle Dreese) له كتێبه گرنگه‌كه‌یدا كه ناونیشانی (ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی: دروستكردنی خود و شوێن له ئه‌ده‌بیاتی ژینگه‌یی و ئه‌مریكایی هیندیدا)ی هه‌ڵگرتووه، ئاماژه به چه‌ندین كێشه ده‌كات كه به‌شێك له نیگه‌رانییه‌كانی ره‌خنه‌ی ژینگه‌یی ئاسایی پێكدێنێت: (... سروشت چۆن پێشكه‌ش ده‌كرێت، كاتێك نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كرێت، چۆن قه‌یرانی ژینگه‌یی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات و چۆن چه‌مكه ژینگه‌ییه‌كان به درێژایی سه‌ده‌كان گه‌شه‌یان كردووه) (دریس، 2002: 1).
گرنگیی كه‌لتور له ره‌خنه‌ی ژینگه‌ییدا
پرۆسه و كاریگه‌رییه‌كانی كه‌لتوری مرۆڤ له ره‌خنه‌ی ژینگه‌ییدا گرنگییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه. بایه‌خی زۆری ئه‌م شێوازه‌ی ره‌خنه بریتییه له په‌لهاوێشتن بۆ ناو "كه‌لتور/سروشت" و كارلێككردنی نێوانیان، چونكه كێشه ژینگه‌ییه‌كان به ده‌ره‌نجامێكی سه‌ره‌كییی دیكه‌ی كێشه كه‌لتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان داده‌نرێت. پێده‌چێت لێكۆڵینه‌وه ژینگه‌ییه گرنگه‌كان ئه‌و لێكۆڵینه‌وه كه‌لتورییانه‌ش بگرێته‌وه كه بریتین له شیكاری ده‌قه‌كانی په‌یوه‌ست به ته‌له‌فزیۆن، فیلم، هونه‌ر و زانست، هه‌روه‌ها ئه‌و رێنماییانه‌ی هه‌وڵ بۆ پاراستنی ژینگه ده‌ده‌ن، وه‌ك (سیستمی پاركه نیشتمانییه‌كان)، هه‌روه‌ها چیرۆك و وێناكردنی سروشت. گرێگ گارارد (2005، 14) له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: كێشه‌ی ژینگه‌یی پێویستی به پڕۆسه‌ی شیكاركردن هه‌یه له هه‌ردوو بواری كه‌لتوریی و زانستییدا، چونكه له كارلێكی نێوان هه‌ردوو زانستی ژینگه‌یی سروشت و وێستگه جیاجیاكانییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌م پرسه‌ش چه‌ن كێڵگه‌یه‌كی مه‌عریفیی ئاڵۆزكاو له‌خۆ ده‌گرێت كه پێویسته روو بكه‌نه تیۆری ئه‌ده‌بیی و فه‌رهه‌نگی و فه‌لسه‌فی وكۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و فه‌لسه‌فه‌ی ژینگه‌یی و ئیكۆلۆژیش.
پ.ی.د. ملكۆ ئه‌حمه‌د
سەرچاوە: knwe