رۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژندا

 

 

 د. عومەر عەلی ئەحمەد

 

بەشی زۆرى ژنان لەجیهاندا وەکو هەژار پۆلێن دەکرێن، هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ چەندیین جۆری نادادپەروەری و نایەکسانی کە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستییەوە دەناڵێنن. هاوكات بەشی هەرە زۆرى ئەو ژنانەى بەدەست هەڵاواردن و چەوسانەوە دەناڵێنن دەکەونە چوارچێوەى وڵاتە گەشەسێنەکان (قاسم، 2020:  189). لێرەدا رۆڵ و بایەخى کۆمەڵگەى مەدەنى دەردەکەوێت کە دەتوانێت پاڵپشتى مافەکانى ژنان بکات و لەلایەنەکانى ئابوورى و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و هزرییەوە تواناکانییان بەهێز بکات و مافەکانییان بپارێزێت لەو کۆمەڵگایانەدا.
وەکو ئاشکرایە کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی گرنگی لە بەرەوپێشبردنی مافە جۆراوجۆرەکانی ژندا هەیە و، کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردنییان وەک بەرزکردنەوەی ناسنامەی کۆمەڵایەتییان و بەهێزکردنییان لەسەرجەم بوارە ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان. چونکە ڕۆڵێکی گرنگ لە پێشخستنی یەکسانی جێندەریی و پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام دەگێڕێت و لەم پێناوەدا خەباتی بێوچانییان بۆ کردووە.
کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژەیە بۆ کایەیەکی کۆمەڵایەتی، دەکەوێتە نێوان دەوڵەت و خێزان، بۆ پاراستن و  پاڵپشتیکردنى کۆمەڵگە و چین و توێژەکانى بەشێوەیەکى خۆبەخشانە دامەزراوە،  هەربۆیە کۆمەڵگەى مەدەنى کاردەکات بۆ پاراستنى مافەکانى ژنان و بەهێزکردنى تواناکانییان تاوەکو بتوانن بۆ ژیانى ئێستا و ئایندە و ئەو ئاڵنگارییانەى دێتە رێگەیان ئامادەبن. سەبارەت بە مافەکانى ژن دەتوانرێت بوترێت مافی ژن کۆمەڵێک مافی کۆمەڵایەتى و مەدەنى و سیاسین کە ژنان داوایان دەکەن و لە ئێستادا مەرجێکى بنەڕەتییە بۆ سەرپێخستنى کۆمەڵگەیەکى مەدنى و هاوچەرخ، کە تێدا مرۆڤەکان هەست بە ئارامی و ئاسایشی دەروونى و کۆمەڵایەتى بکەن. 
کۆمەڵگەى مەدەنى چۆن پاڵپشتى مافەکانى ژن دەکات؟
١. کۆمەڵگەى مەدەنى لە ڕێگەى ڕیکخراوە ناحکومییەکانەوە لەڕووى سیاسییەوە هەوڵى بەهێزکردنى توانا سیاسییەکانى ژن دەدات بە تایبەت لە بابەتى بەشداریی سیاسیدا چونکە وا لە ژنان دەکات خاوەنی هێز و توانای خۆیان بن و لە گۆڕانکاریدا ڕەگەزێکى کاریگەر بن. جگە لەوەش ڕێکخراوە ناحکومییەکان هەوڵدەدەن بەشداری ژنان لە ڕووى سیاسییەوە فراوان بکەن تاوەکو بتوانن پۆستی سەرکردایەتی و پۆستی بڕیاردان داگیر بکەن، ئەویش بە مەبەستی کەمکردنەوەی جیاکاری جێندەری لە هەموو بوارەکاندا، واتە لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.. سەبارەت بە تواناسازى ژن دەتوانرێت بوترێت بەهێزکردنى تواناکانى ژن هەموو ئەو هێزانەیە کە تاکەکان لە ڕێگەیانەوە تواناکان بەدەست دەهێنن و بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی متمانە و دڵسۆزییان زیاد دەکات.
٢. کۆمەڵگەى مەدەنى هەوڵدەدات بەشداریکردنى ژن لە ژیانی گشتییشدا بخاتە پێشینەى کارەکانى و لەسەرجەم بوارەکاندا ژن بەشداربێت، بەتایبەتى لە ژیانى گشتییدا.
٣. کۆمەڵگەى مەدەنى لەهەوڵى پاراستنى مافە ئابوورییەکانى ژندا دەبێت، لەم سۆنەگەوە هەوڵى بەهێزکردنى توانا ئابوورییەکانى ژن دەدات. جیالەوەش کاردەکات بۆئەوەى مافی موڵکدارى و ئازادى لە بازرگانیکردندا بۆ ژن مسۆگەر دەکات.
٤. کۆمەڵگەى مەدەنى دەتوانێت دەستەبەرى مافی یەکسانى ژن بکات، مەبەست لە یەکسانی لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا، یەکسانییە لە پێگەی یاسایی لە نێوان هەموو مرۆڤەکاندا و نەبوونی بەهای یاساییە بۆ هەر جۆرە جیاکارییەک لە نێوانیاندا.
٥. کۆمەڵگەى مەدەنى دەستەبەرى مافە هزرییەکانى ژن دەکات. مافی هزری هەریەک لە ئازادی بیروڕا، ئازادی ئایینی، مافی خوێندن، ئازادی ڕۆژنامەگەری، مافی کۆبوونەوە و پێکهێنانی گروپ لەخۆ دەگرێت و ژن لە سایەى کۆمەڵى مەدەنیدا ئەم مافانەى پارێزراوە.
٦.کۆمەڵگەى مەدەنى پارێزەرى مافە کەسییەکانى ژنانە وەک ئازادی هاتوچۆ، مافی ئاسایش و پاراستنى کەرامەتى.
٧. لەهەموو کایەکانى تر گرنگتر ئەوەیە کۆمەڵگەى مەدەنى دەتوانێت دەستەبەرى مافی ئازادى ژن بکات، کە ئازادی سەرچاوەیەکی گشتی و هەمەلایەنەی هەموو مافە سەرەتاییەکانە، هەروەها سەرچاوەی ڕاستەوخۆی مافەکانی ترە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە گەڵاڵەی جاڕنامەى گەردوونى مافەکانى مرۆڤدا هاتووە.
. ئەم ووتارە لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ