سەرتیپ جەوهەر
پێدەچێت بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی خراپەوە پێ بنێتە قۆناغێكی خراپتر. خراپی حوكمڕانیی و تاكڕەویی لەبڕیاردان و گوێنەگرتن بوو لەخێرخواو پیاوچاكان. هەڵلوشینی سامانی ئەم وڵاتەو خەیاڵپڵاویی، غرورێكی زۆری بۆ دروستكردن، بەڵام پێدەچێت هێشتا تێنەگەیشتبن، وەك دەگوترێت هێشتا دەیانەوێ شا بەسەپان نەزانن! بەڵام ئەمڕۆ رووبەرووی ئەورۆژە دەبنەوە كە پێمان دەگوتن بۆ خەڵك بگەڕێنەوەو لەگەڵ خۆتان ئەم هەرێمەش وێران مەكەن. بەم سیاسەتە چەوتە، نەوتەكەیان تەسلیمی كۆمپانیاكان كردوو، ئێستاش بەناچاری داهاتووی ئەم هەرێمە تەسلیمی بەغدا دەكەن. ناكرێت رۆژێك هەڕەشەبكەیت و رۆژێكیش بپارێیتەوە.
ئەوە نزیك دەبینەوە لەسێ مانگ موچەی فەرمانبەران نەدراوە، پەرلەمانتان داخستووەو بەتەواوی بێبەهاتان كردووە، هەرچی دامودەزگای شەرعی و دەوڵەتداریی هەیە گۆدو بێئەرزش بووە، دامەزراوەی دادوەریی لەكەدارو ناشرین بووە، بەكورتی ئەم حوكمڕانیەی ئێستا كەوتۆتە دەرەوەی شەرعیەت. لەهەمووی خراپتر گلاندنی هەرێم بووە لەململانێی هەرێمەكە. ئێستا هەرێم وەك نەخۆشێكی كەنەفت توانای هیچ جوڵەیەكی نەماوە!
هەفتەی رابردوو چەند جارێك پەیوەندی لەهەرێمەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی بڕیاربەدەست لەبەغدا كراوە وەك (مالكی و عامریی). داواكراوە هەرچۆنێك بێـت لەكۆبونەوەی ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعە)كان پرسی نەوت و موچەی هەرێم بخرێـتە بەرنامەی كار، بەڵام دیار نییە ئەنجامی كۆبونەوەكە چی دەبێت.
ئەم سیاسەتەی حوكمڕانان، كوردستانی گەیاندۆتە لێواری كەوتنێكی دیكەی بەئازار، كەوتنێك جگە لەبرسیكردنی خەڵك، دەترسین خەونی لەمێژینەی خەڵكی كوردستانیش لەبارببەن و ئەم قەوارەیەش بكەنە قوربانیی بەرژەوەندی شەخسی و حزبیی خۆیان. كاتێكیش خەڵك دەیانەوێ ناڕەزایەتیی خۆیان لەخراپی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاریی بەشێوەیەكی مەدەنیانە دەرببڕن، بەلولەی تفەنگ رووبەروویان دەبنەوەو هاوڵاتیان دەكوژن؟! بيَئاگا لەوەی نكۆڵیكردن لەم هەقیقەتەی ئێستا، هیچ لەبارودۆخ ناگۆڕێت! بگرە خراپتری دەكات.
هێشتا خراپتر ئەوەیە، ئەم روداوانە بەبەرچاوی لایەنەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە رودەدات، خۆپێشاندان دەكرێت، رێگا دەگیرێت، هاوڵاتیان شەهید دەكرێن، كەچی یەك لایەنی ئۆپۆزسیۆن تائێستا نەك خۆپێشاندانی ناڕەزایی، بگرە بەیاننامەیەكیشی دەرنەكردووە.
خولاسە، هەرێم لەدۆخێكی ئێجگار خراپە. خەڵكی كوردستان لەنێوان ئەگەرو پێشهاتی خراپ و خراپتردایە، مخابن ئاماژەكانی دەبینین، رۆژانی خراپترمان لەبەردەمدایە، هەروەكچۆن بەر لە سێ ساڵ جنین پلاسخارت كاربەدەستانی هەرێمی ئاگاداركردەوە كە ئەم هەرێمە روو لەلاوازییە بۆیە پێویستە زۆر وریابن، بەروونی وتی: " پێتان وانەبێت ئەو ئۆتۆنۆمیەی ئێستا هەتانە هەروا بە مسۆگەرییو هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، یەكڕیزیی بۆ مانەوەی ئەو قەوارەیە پێویستە". لەبری گوێگرتن لەو ژنە، میدیای بەشێك لەحزبەكان بەتایبەتیش پارتی كەوتنە توانج لێدانی پلاسخارت بگرە هەڵمەتێكی ئیعلامیشیان لەدژیدا كرد! بەداخەوە خەریكە قسەكانی ئەو ژنە راست دەربچێت و هەرێم لەخراپەوە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت.
سەرچاوە : خەندان