لە یادی 124 ساڵەیدا، رۆژی رۆژنامەنووسیتان پیرۆز

ئەمڕۆ پێویستە تێکڕای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەدوای ژمارە 19ی رۆژنامەی کوردستانی نۆبەرەدا بگەڕێت، بۆ ئەم مەبەستە و  بەدواداچوونمان بۆ دۆزینەوەی ئەو ژمارەیە کە زیاتر لە 33 وڵات گەڕاوین و گەڕاوم، مخابن هەوڵەکان نەگەیشتە ئەنجام، بەڵام بۆ مێژوو دەمەوێت ئەوە دەڵێم؛ ژمارەکانی 10 و 12 رۆژنامەی (کوردستان)مان دۆزییەوە لە فێستیڤاڵی دووەمینی بەدرخان لە 22/04/2005 لە دهۆک  راگەیەندرا کە لەلایەن د.جەلیلی جەلیل پێشکەش بە لیژنەی باڵا و رەوانشاد د.کەمال فوئادی کرد... پێش­تر د.کەمال فوئاد لە ساڵی 1972 تەنیا 26ژمارەی چاپکردۆتەوە و ئەکادیمیای بەدرخانیش دووجار لە قاهیرە و تاران لەدووچاپی جیاواز هەموو ژمارەکانی کە 30ژمارەیە چاپ و بڵاوکردۆتەوە، تەنیا ژمارە 19ی تێدانییە؟ بۆیە بە پێویست دەزاندرێ لەو یادە پڕ لە شکۆیە  کە ئەمڕۆ تێکڕای رۆژنامەنووسان و رۆشنفکرانی گەلی کورد تێدەڕوانن و یادی دەکەنەوە، بگەڕێین و بگەڕێین بەدوای ژمارە نۆزدەی وونبووی رۆژنامەی (کوردستان) کە لەسەر دەستیی جووتە برا میقداد بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان رۆشنایی بینیی و بووە سەرقافلە و بەزیندوو راگرتن و مانەوەی  زمانی شیرینیی کوردیی و بەردەوامیدان لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگای کوردەواری.

دنیای رۆژنامەنووسیی پێدەنێنە سەد و بیست و چوارەمین ساڵییەوە کە زۆر جیاوازتر لە پێشتر و بە تایبەتیی دنیای ئەمڕۆ دنیای رۆژنامەگەری ئەلیکتڕۆنی و سۆسیال میدیایە !چونکە ئەمڕۆی رۆژنامەنووسیی ئەلیکتڕۆنی جێگای بە رۆژنامەنووسیی چاپی کاغەزی لێژکردووە.

لە یادی 124ساڵەی دەرچواندنی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی کوردیی بەناوی (کوردستان) لە 21/04/1898 لە چاپخانەی دار ئەلهیلال، کە کوردان دەبێ و پێویستە سوپاسگوزاری بنوێنێ بۆ خاوەنی چاپخانەی دارئەلهیلال جۆرجی زیدان کە رێگای داوە چاپبکرێت، هەرچەندە لەژێر هەڕەشەی عوسمانیێەکانیشدابووە لە قاهیرەی پایتەختی میسر، هەروەها ناکرێت یادو سوپاسیی رابەرانی رۆژنامەنووسانی کورد نەکەینەوە بەتایبەتیی (میقداد بەدرخان، عەبدولڕەحمان بەدرخان، سوڕەیا بەدرخان، برایم ئەحمەد، عەلائەدین سەجادی، مام جەلال، د.مارف خەزنەدار، د.کەمال فوئاد، نەوشیروان مستەفا، فەرهاد عەونی، پیرەمێرد، مستەفا ساڵح کەریم، جەمال خەزنەدار و مالمسانژ، جەلادەت بەدرخان، مومتاز حەیدەری و عەبدوڵڵا زەنگەنە و دەیانی دیکە) سەری رێز و ناوازشیش بۆ شەهیدانی رۆژنامەنووسان کوردستان ئەوانەی لە تاراوگە یا لە خەباتی شاخ یا شار دوای راپەڕینی 1991شەهید بوون دادەنوێنین.

لە کۆتاییدا دەڵێم؛ لە یادی 124ساڵەی یادی رۆژنامەنووسیی کوردی بە بەیەکەوە هیمەتێکبکەین  بۆ دۆزینەوەی ژمارە 19ی رۆژنامەی نۆبەرە (کوردستان)، دەنگیشمان دەخەینە پاڵ دەنگی د.فەرهاد شاکەلی،  د.وریا عومەر ئەمین، د. مەغدید سەپان و ئەوانیدیکە،  کە بەڵێ لە 21/04/1898 یەکەمین رۆژی دەرچوونی رۆژنامەی نۆبەرە (کوردستان) ە.

حەمید بەدرخان
لێپرسراوی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەنووسیی و کەلتور
ئەڵمانیا، 21/4/2022