رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ

 

 

عەلی جاف

 

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لێواری یەکێک لە گۆڕانکارییە ریشەییەکانی دەیان ساڵەدایە. ئەوەی بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیپێکرد، بە خێرایی بەرەو رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ پەرەیسەند. مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پچڕانی کارەبا شارەکانی هەردوو وڵاتی گرتەوە، بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن تاوەکو شەممە بابەتەکان یەکلایی دەکرێنەوە.

ئەمە گەڕێکی دیکەی گرژییەکان نییە. ئەو بڕیارانەی لە چەند رۆژی داهاتوودا دەدرێن دەتوانن هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دووبارە دابڕێژنەوە.

ئێران لەژێر گوشار و پەراوێزخستن

ئێران چیدی ئەو یاریزانە بەهێزە نییە کە ساڵانێک لەمەوبەر هەبوو. ئێران چیدیکە هاوپەیمانی بەهێزی لە سووریا و لوبنان نییە. هەروەها حووسییەکانی یەمەنیش لە ماوەی رابردوودا لەژێر بۆردوومانی ئەمریکییەکان بوون و توانایان سنووردارە. عێراقیش هەرچەندە دوایین کارتی ئێرانە، رووبەڕووی کێشەی نێوخۆیی زۆر دەبێتەوە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە شێوازێک مەترسییەکانی حەماسی لەسەر وڵاتەکەی راگرت، سنوورەکانیشی لەگەڵ سووریا و لوبنان تووندتر کرد.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئێران هێشتا کارتی بەرچاوی بەدەستەوەیە:

• توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

• بەرنامەیەکی ئەتۆمیی پێشکەوتوو سەرەڕای زیانەکان.

• توانای دروستکردنی ئاڵۆزییەکی ناوچەیی لە چەند بەرەیەکدا، لە دەریای سوورەوە تاوەکو کەنداو، بەتایبەتی بە هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز، کە بەشێکی بەرچاو لە هەناردەکردنی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. ئێران بە کۆنترۆڵکردن یان هەڕەشەی داخستنی، دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانی وزەی جیهانی، کە کاریگەریی لەسەر تەواوی ئابووریی جیهانی دەبێت.

لە هەمووی گرنگتر، بژارەی ئەتۆمی هێشتا لەسەر مێزە. ئێران خاوەنی بڕی 60%ی یۆرانیۆمی پیتێندراوە و دوور نییە لەم ئاڵۆزییەدا کارەکانی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی چڕتر کرابێت. ئێران پێی وانییە چیدیکە هەوڵە دیپلۆماسییەکان سوودیان هەبێ و رەنگە ئەمە بە باشترین بژارە ببینێت.

ئیسرائیل قوماری چی دەکات؟

ئامانجی ئیسرائیل روونە: رێگریکردن لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمیی ئێران بە هەر جۆر و نرخێک بێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئیسرائیل یەکێک لە بەهێزترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تاوەکو ئێستا دەستپێکرد و خاکی ئێرانی بۆمباران کرد. جگە لە وردیی هێرشە ئاسمانییەکان، ئیسرائیل هێرشی زەمینیشی ئەنجامدا. لە ئەنجامی هەر دوو شێوازی هێرش، سەرکردەی باڵا کرانە ئامانج؛ ئەمەیش دەریدەخات ئێران لە نێوخۆوە لاواز کراوە.

ئەگەر ئیسرائیل سەرکەوتوو بێت له تێکدانی ژێرخانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەو کات ئیسرائیل لە دەوڵەتێکی ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە دەبێتە داڕێژەری تەواوی سیاسەتی ناوچەکە. تەنیا ئەمە گۆڕانکارییەکی مێژووییە لە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە.

ئەمریکا چاودێری دەکات

تا ئێستا ئەمریکا راستەوخۆ نەچووەتە نێو شەڕەکەوە. فڕۆکەهەڵگرەکانی ناردووە، هۆشداریی داوە و پشتیوانیی سیاسی پێشکێش بە ئیسرائیل کردووە، بەڵام هێشتا یەک تەقەی نەکردووە. ئەم رۆڵەی ئەمریکا لە هەر ساتێکدا ئەگەری گۆڕانی هەیە.

ئەگەر ئێران هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، یان کەنداو بکاتە ئامانج - وەکو ئەوەی هەڕەشەی کردووە - پێدەچێت واشنتن بە خێرایی دەستوەردان بکات. دەستوەردانێک کە زۆر بەهێزتر لەوەی ئیسرائیل دەبێت تاوەکو ئێستا کردوویەتی.

ئەگەر ئەوە رووبدات، چیدی شەڕەکە بە ناوچەیی نامێنێتەوە و دەبێتە ململانێیەکی نێودەوڵەتی. رووسیا، تورکیا، یان زلهێزەکانی دیکەی جیهان رەنگە ناچاری دەستواردن ببن.

تا شەممە چی روودەدات؟

لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەکان، دەتوانرێت سێ سیناریۆی واقیعی لە رۆژانی داهاتوودا کورت بکرێنەوە:

1. هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا یان راگەیاندنی هەنگاوی نوێ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکە.

2. فراوانبوونێکی ئێجگار زۆری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەبێ رەچاوکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئامانجی لەنێوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی.

3. بەشداریکردنی ئەمریکا لە شەڕەکە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هەر هێرشێکی ئێران یان وەکو هێرشێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئاسایشی خودی وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

هەریەکێک لەم سیناریۆیانە ناوچەکە بەرەو وەرچەرخان دەبات. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو شەممە رووبەڕووی گۆڕانی زۆر دەبێتەوە. ئەو ململانێیەی ئێستا لەئارادایە، تەنیا پەیوەندیی بە ئێران و ئیسرائیلەوە نییە. ململانێیەکە لەسەر شێوەی ناوچەکە و کێ کاریگەریی لەناو ئەو ناوچەیەدا هەیە.

ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت رێگری لە ئێران بکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەوا دەیسەلمێنێت کە بەهێزترین هێزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئەگەر ئێران بتوانێت لە هێرشەکان رزگاری ببێت و بەردەوام بێت لە بەرنامەکەی، ئەوا پێگەی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە و واقیعێکی نوێ دەسەپێنێت، کە ئەگەری هەیە ناوچەکە لە رووسیا و چین نزیک بکاتەوە و رۆژئاوا لاواز بکات.

ئێمە نەک تەنها شایەتحاڵی ململانێیەکین لەسەر زەوی، بەڵکو داهاتووی هاوسەنگیی نێودەوڵەتی لە یەکێک لە هەستیارترین ناوچەکانی جیهاندا دەبینین.

 

سەرچاوە : ڕووداو