با له ماریۆ بارگاس یۆساوه فێربین
رۆماننووس و شانۆنامه‌نووسی پیرۆیی ماریۆ بارگاس یۆسا له دایكبووی (28/3/1936)، گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی به رۆمان و شانۆنامه و وتاره‌كانییه‌وه دیاره. یۆسا له ساڵی (2010) خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی وه‌رگرتووه. ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵاتی تری وه‌رگرتووه. ماریۆ بارگاس یۆسا شاره‌زاییه‌كی زۆری له‌بواری ته‌كنیكی رۆمان‌دا هه‌یه، رێنماییه‌كانی سه‌باره‌ت به نووسین و نووسینی رۆمان له‌م چه‌ند خاڵه‌دا كورت ده‌بێته‌وه:
رێنماییه‌كانی یۆسا:
1- من له‌و باوه‌ڕه‌دام بابه‌ت نووسه‌ر هه‌ڵده‌بژێرت. من قه‌ت ئه‌و هه‌سته‌م نییه كه به شێوه‌یه‌كی لۆجیكی خوێنساردانه بڕیارم دابێت رۆمانێك بنووسم. به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ندێ رووداو یان كاره‌كته‌ر، هه‌ندێ جار له خه‌ودا یان له كاتی خوێندنه‌وه‌ی شتێك‌دا، له‌ناكاو خۆی سه‌پاندووه و سه‌رنجی راكێشاوم.
2- له‌وێوه كه ده‌ته‌وێت ببیت به رۆماننووس و نا‌توانیت به‌بێ شێوازێكی گونجاو و دیاریكراو ئیش بكه‌یت، هه‌وڵبده شێوازێك بۆ خۆت بدۆزیته‌وه.
3- به‌رده‌وام بخوێنه‌ره‌وه، چونكه به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی زۆری رۆمان و چیرۆكی باش، نا‌توانیت ببیته خاوه‌نی زمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و كامڵ.
4- هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌توانیت لاسایی شێوازی ئه‌و رۆماننووسانه مه‌كه‌ره‌وه كه زۆر به دڵتن و یه‌كه‌مجار فێریان كردیت ئه‌ده‌بت خۆش بوێت. له هه‌موو شتێكی دیكه‌دا لاساییان بكه‌ره‌وه. له ماندووبوون و دیسپلین و شێوازی ئیشكردنیاندا. ئه‌گه‌ر پێت وایه بیروباوه‌ڕه‌كانیان راست و دروسته بیانكه به هی خۆت. به‌ڵام هه‌وڵ بده له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی میكانیكی نموونه و ریتمی نووسینیان دوور بكه‌ویته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر نه‌توانیت شێوازی تایبه‌تی گونجاوی خۆت بۆ بابه‌ته‌كه‌ی خۆت بدۆزیته‌وه، له‌وانه‌یه هه‌رگیز رۆمانه‌كانت نه‌گه‌نه ئاستی ئه‌و توانایه‌ی قه‌ناعه‌ت به خوێنه‌ر بكه‌ن و په‌یامێك بگه‌یه‌نن كه ببنه هۆی ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ئه‌وان به زیندوویی رابگرن.
5- بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی تایبه‌تی ژیانت له ئه‌ده‌بدا كاریگه‌ری هه‌بێت، ده‌كرێت ته‌نز ئامرازێكی به‌هادار بێت.
6- جاریوایه شتێك ته‌نیا له زه‌ینمدا فۆرمه‌ڵه ده‌بێت. ئه‌و كاته دهستدهكهم به تێبینی نووسین، كورته‌ی به‌شه‌كانی رۆمانه‌كه ده‌نووسم: یه‌كێك له‌وێوه دێته ناو دیمه‌نه‌كه‌وه، ئه‌وێ به‌جێده‌هێڵێت، ئه‌م ئیشه یان ئه‌و ئیشه ده‌كات. هه‌میشه كاتێ ده‌ست به ئیشكردن له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌م ده‌كه‌م، پلۆتێكی گشتی رۆمانه‌كه ده‌نووسم. پاشان به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك له‌گه‌ڵ شێوازه‌كه‌یدا، ده‌ست به نووسینی ده‌كه‌م، ئه‌و دیمه‌نانه ده‌نووسم و پیاچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌م و شوێنی ته‌واو ناكۆك دروست ده‌كه‌م.
7- ده‌ستنووسی یه‌كه‌م هه‌میشه زۆر قورسه. جۆرێكه له ململانێ به رۆحیه‌تێكی لاوازه‌وه. هه‌ستده‌كه‌م هیچ كاتێك به سه‌ختییه‌كاندا تێناپه‌ڕم. ئه‌وه‌ی زیاتر حه‌زم لێیه‌تی پیاچوونه‌وه و دووباره نووسینه‌وه‌یه. چاكردن، زیادكردن، رێكخستنه‌وه، ئه‌م پڕۆسه‌یه به‌لای منه‌وه هه‌ژێنه‌ره.
8- ئه‌وه‌ی من حه‌زم لێیه‌تی نووسین نییه، پیاچوونه‌وه و رێكخستن و چاكردنه. پێم وایه ئه‌مه داهێنه‌رانه‌ترین به‌شی نووسینه.
9- به‌رنامه‌یه‌كی ئیشكردنی زۆر وردت هه‌بێت.
10- رۆمان ده‌بێت خوێنه‌ر سه‌رسام بكات، نه‌ك ته‌نیا به بیرۆكه‌كه‌ی به‌ڵكو به ره‌نگی، به‌و هه‌سته‌ی دروستی ده‌كات و به‌و هه‌موو ره‌مز و رازه‌ی كه ده‌توانێت بیهێنێته ئاراوه.
11- رۆمانێكی باش كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر دروستی كردووه كه بێگومان سه‌ره‌كیترینیان هه‌وڵی بێ‌وچان و ماندووبوونه.
شازاده‌ی رۆمان دێت:
ئه‌م شێوه‌یه‌ی رۆمان‌نووسین كه‌مێك قورس دێته‌به‌رچاو. ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ بین رۆمانه‌كه خۆی به‌سه‌رماندا بسه‌پێنێت. كه‌مێك حاڵه‌تی كه‌شف به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. ئه‌م شێوه‌یه كاتێكی زۆریشی ده‌وێت. به‌مپێیه پێشنیاز ده‌كه‌م تۆش ئه‌وه‌نده دان به‌خۆتدا بگریت هه‌تا شازاده‌ی رۆمان به سواری ئه‌سپێكی سپییه‌وه دێت. جاریوایه پێویسته ئێمه دوای شازاده‌ی ژیانمان بكه‌وین. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه‌ش شێوازێكه و جاریوایه ئه‌ستێره‌ی به‌خت خۆی ده‌چێت بۆ لای كه‌سێك. گرنگ ئه‌وه‌یه لای تۆ كامیان راسته.
شێواز یانی په‌نجه‌مۆر:
له وشه‌ی (ستایل- شێواز) رامهچڵهكێ. زۆر ته‌سه‌وری ئه‌وه مه‌كه شتێكی قورسه و ده‌بێت ببێت، چی بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی ببیته خاوه‌نی شێوازی خۆت. زۆر به ئاسانی شێواز وه‌كو (په‌نجه‌مۆر) گوزارشتی لێكراوه. باوه‌ڕ وایه له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری دوو كه‌س وه‌كو یه‌ك نین، شێوازی دوو نووسه‌ریش وه‌كو یه‌ك نین. شێواز واته هه‌مان شێوه‌ی نووسینی تایبه‌تی خۆت كه دووربێت له لاساییكردنه‌وه. كه‌واته زۆر مه‌سه‌له‌كه ئاڵۆز مه‌كه. هه‌ر چۆنێك كه ئاسان و روون و قابیلی تێگه‌یشتن و ساده و ره‌وان ده‌نووسیت ئه‌مه شێوازی تۆیه. باشترین شرۆڤه‌ی رسته‌كه‌ی یۆسا یان قسه و رێنمایی له‌و بابه‌ته ده‌شێت به‌م شێوه‌یه كورت بكرێته‌وه: زمانی خۆتت هه‌بێت به‌بێ لاساییكردنه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك.
لاسایی مه‌كه‌ره‌وه، زۆر ئاسان، ببینه و فێربه، له سه‌ره‌تاوه شوێنپێی كه‌سانی تر هه‌ڵگره، به‌ڵام كاتێ فێری رۆیشتن بوویت ئیتر خۆت به. لێگه‌ڕێ كه‌سانی تر شوێنپێی كه‌سانی تر هه‌ڵگرن. شێوازێك هه‌یه كه تیایدا داوات لێده‌كرێت شاكارێك بخوێنه‌ره‌وه و پاشان مێشكت بخه‌ره كار و بینووسه‌ره‌وه، چونكه باوه‌ڕ وایه كه دوو كه‌س ناتوانن یه‌ك ده‌قی وه‌ك یه‌ك سه‌باره‌ت به یه‌ك بابه‌ت بنووسن. ئه‌م ئیشه له‌وانه‌یه بۆ ده‌ستپێك خراپ نه‌بێت، به‌ڵام بۆ به‌رده‌وامبوون نه‌خێر. رێڕه‌وی گونجاوی خۆت بدۆزه‌ره‌وه یان دروستی بكه. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بچیته ناو ده‌ریاوه باكت له ته‌ڕبوون نه‌بێت.
زیاتر له نووسین بخوێنه‌ره‌وه:
خوێندنه‌وه، خوێندنه‌وه، خوێندنه‌وه. ئه‌گه‌ر له من ده‌پرسیت پێت ده‌ڵێم زیاتر له نووسین بخوێنه‌ره‌وه. خوێندنه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی وشه‌كان له مێشكتدا بكه‌ونه جووڵه و له كاتی پێویستدا بێنه‌وه به‌رده‌مت بۆ ئه‌وه‌ی به‌كاریان بهێنیت. به‌ڵام هه‌موو ده‌قێك و هه‌موو كتێبێك مه‌خوێنه‌ره‌وه، ده‌قی باش و دیار بخوێنه‌ره‌وه و له شێوازی نووسین و فۆرمه‌كه‌ی وردبه‌ره‌وه. له كۆی ده‌قه‌كه‌دا ده‌بێت سه‌رنجی شێوازی نووسین و باسكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بده‌یت و ببینیت ئه‌و ناوه‌ڕۆكه به چ فۆرمێك نووسراوه. بزانه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ فۆرمهكهیدا گونجاوه و به فۆرمێكی جوان نووسراوه؟ واته فۆرم ده‌توانێت ناوه‌ڕۆكی تایبه‌ت بۆ خۆی فۆرمه‌ڵه بكات.
ته‌نز رۆڵی چییه؟
ته‌نز بۆ هه‌مه‌جۆری و تام و چێژی ده‌ق شتێكی باشه. له بنچینه‌دا به‌یه‌ك شێواز و یه‌ك ریتم نووسین شێوازێكی راست و دروست نییه و له رۆمان‌دا جێی نابێته‌وه. ده‌بێت هه‌ست و هۆشی خوێنه‌ر رووبه‌ڕووی گۆڕانكاری و كوتوپڕی بكه‌یته‌وه. ئه‌گه‌ر له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوویت نووسه‌رێكی سه‌ركه‌وتوویت.
میتۆدی تۆپه‌ڵه به‌فر چییه؟
ئه‌گه‌ر نازانیت چۆنچۆنی ده‌قه‌كه‌ت به‌ره‌و پێشه‌وه به‌ریت، ده‌توانیت شێوازی هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌كاربهێنیت. پلۆتی گشتی و سه‌ره‌كی بنووسه و پاشان خاڵه پێویسته‌كان تۆخ بكه‌ره‌وه و ته‌واویان بكه. شێوازێكی نووسینی رۆمان هه‌یه پێی ده‌ڵێن میتۆدی تۆپه‌ڵه به‌فر (snowflake method) له‌م شێوازه‌دا وه‌كو تۆپه‌ڵه به‌فرێك كه له‌سه‌ر زه‌وی تل ده‌دات و ورده ورده ده‌بێته تۆپه‌ڵێكی گه‌وره، جاریوایه ده‌بێته هۆی ره‌نوو یان هه‌ره‌سی به‌فر. تۆش ده‌توانیت رسته‌یه‌ك بنووسیت و به‌رده‌وام بیت له‌سه‌ر درێژه‌پێدان و زیادكردنی هه‌تا ده‌بێته ده‌قێكی گه‌وره. به‌م شێوه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌ر رسته‌یه‌ك به‌و شێوه‌یه درێژه پێبده‌یت، له كۆتاییدا ده‌قه‌كه‌ت گه‌وره‌تر ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت هه‌وڵ بده‌یت ئه‌و شتانه بنووسیت كه به‌كه‌ڵكی رۆمانه‌كه‌ت بێت.
گرنگی پێداچوونه‌وه:
وه‌كو هه‌موو نووسه‌ره گه‌وره‌كان، ماریۆ بارگاس یۆساش زۆر باوه‌ڕی به پێداچوونه‌وه هه‌یه. نووسه‌رانی گه‌وره زیاتر له نووسین باوه‌ڕیان به پێداچوونه‌وه هه‌یه. به چاكردن و رێكخستنه‌وه له به‌ردێكی گه‌وره‌ی ناقۆڵا په‌یكه‌رێكی جوان دروست ده‌كرێت.
بایه‌خی به‌رنامه بۆ نووسین:
بۆ ئیشه‌كه‌ی خۆت به‌رنامه دابنێ. به‌رنامه‌ی رێك و پێك ده‌توانێت مێشكیشت رێك و پێك بكات. به‌رنامه‌ی رێك وپێك ده‌توانێت یارمه‌تی مێشكت بدات بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی خۆیدا خۆی ئاماده بكات بۆ نووسین. به‌رنامه فێرت ده‌كات گرنگی به ئیشه‌كه‌ت بده‌یت. له‌وانه‌یه ئه‌م به‌رنامه‌یه خه‌ڵكیش ناچار بكات به‌پێی به‌رنامه‌كه‌ت سه‌ردانت بكه‌ن و نه‌بنه هۆی زه‌حمه‌ت بۆت، به‌م شێوه‌یه‌ش تۆ به ئیسراحه‌ت له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی خۆت به‌رده‌وام ده‌بیت.
مه‌ترسی یه‌ك ریتمی ده‌ق:
رۆمانی باش رۆمانێكی یه‌ك ره‌هه‌ندی نییه. ئه‌و رۆمانه‌یه كه بایه‌خ به لایه‌نه جیاوازه‌كانی هه‌ستی خوێنه‌ر و وه‌رگر ده‌دات. ده‌بێت هه‌موو هه‌سته‌كانی خوێنه‌ر بخه‌یته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ركیزی له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌ت بێت. له جێگایه‌كدا حساب بۆ بیر و ئه‌ندێشه‌ی بكه‌یت و له جێگایه‌كی تردا ده‌قه‌كه‌ت ئاراسته‌ی هه‌ستی بكه‌یت. لێگه‌ڕێیت خوێنه‌ر به هه‌موو هه‌ست و هۆشییه‌وه په‌یوه‌ست بێت به رۆمانه‌كه‌ته‌وه. جارێك بیهێنه‌ره پێكه‌نین جارێك بیخه‌ره گریان. یه‌ك ریتمی ده‌ق به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌یه كه دواجار خوێنه‌رت لێ دوور ده‌خاته‌وه.
هه‌وڵ و ماندووبوون:
به‌بێ هه‌وڵ و ماندووبوون هیچ شتێك به‌ده‌ست ناهێنیت. نووسین وه‌كو پڕۆژه‌یه‌ك مه‌بینه كه له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا بڕیار بۆ خوڵقاندنی ده‌ده‌یت و ته‌واو ده‌بێت و ده‌ڕوات. نووسین پڕۆسه‌یه‌كه كاتی زۆر و هه‌وڵ و ماندبوونی ده‌وێت.
احسان عباسلو
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سەرچاوە: knwe