فەهیمە سابیر
رۆزا لۆکسمبورگ له 5 ی مارسی 1871 له شارۆچکه‌یه‌کی بچووک به ناوی زامۆسک له‌و بەشەی پۆڵه‌ندای داگیرکراو لە لایەن روسیاوە، لە خێزانێکی جوو له‌دایک بووه. ئەليازس لۆكسمبورگ ولينا لۆفينشتينی باوکی، بازرگانی داروتەختەی دەکرد. رۆزا بچوکترینی پێنج منداڵی خێزانەکە بووە، هه‌ر له سه‌ره‌تای گەنجیەوه هه‌ڵسوڕاو بوو له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی دا و په‌یوه‌ندیی به پارتێکی شۆڕشگێر به‌ناوی «پرۆلیتاریا» کردووە، که له ساڵی 1882 دا دامه‌زرا بوو. 21 ساڵ به‌ر له دروستبوونی پارتی سۆشیالیستی دیموکراتی روسیا (به‌لشه‌فیک- مه‌نشه‌فیک) ده‌ستی به‌کارکردن کرد بوو.
پارتی پرۆلیتاریا
پارتی پرۆلیتاریا له سه‌ره‌تاوه له باره‌ی پڕه‌نسیپ و پرۆگرامه‌وه چه‌ند هه‌نگاو له‌پێش بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی روسیا بوو، لهوکاتەدا بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه له روسیادا هێشا به‌سترابۆوه به کار و چالاکی تیرۆری تاک کەسییەوە، که به‌شێک له رۆشنبیرانی ئازا و بوێر پێی هه‌ڵده‌ستان، به‌ڵام پرۆلیتاریا له ساڵی 1886دا کاری رێکخستن و رابه‌ری هه‌زاران کرێکاری ده‌کرد له‌خۆپیشاندان و مانگرتن دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش پرۆلیتاریا به کرده‌وه چوار له سه‌رکرده‌کانی تووشی له سێداره‌دان و سه‌ربڕین هاتبوون. 23 ی تریشیان زیندانی بوون، ته‌نها بازنه‌یه‌کی بچووک رزگاریان بوو له‌تێکشکان، یه‌کێک له‌م که‌سانه رۆزا لۆکسمبورگ بوو که له ته‌مه‌نی 16ساڵی دا په‌یوه‌ست بوو به‌ڕێکخراوی پرۆلیتاریا.
کاری رێکخراوەیی
لە ساڵی 1887 کاتێک کاری رێکخستنی نهێنی دەکرد، خوێندنی دواناوەندی تەواو کرد، له ساڵی 1889دا پۆلیس گوشاری زۆری بۆ هێنا تاوه‌کو ناچار وڵات به‌جێبهێڵێت، بۆیه رۆزا بڕیاریدا و بۆ سویسرا هەڵهات و له شاری زویرخ نیشته‌جێ بوو. لەوکاتەدا یه‌کێک بوو له گرنگترین سه‌نته‌ر بۆ کۆچه‌رانی پۆڵه‌ندیی و روسی. لێرە پەیوەندی بە گروپێکی سیاسی کۆچەرانی روسی بە سەرکردایەتی بلیخانۆفەوە کرد، کە ناوێکی دیاری بزووتنەوەی سۆشیالدیموکرات بوو. هەر لەوێوە چوو بۆ زانکۆ، فەلسەفە و مێژوو و سیاسەت و ئابووری و بیرکاری خوێند. لە سالی 1897 بڕوانامەی دکتۆرای لە سەر تێزی (پەرەپێدانی پیشەسازی لە پۆڵەندا) لە زانکۆی زویرخ بەدەستهێنا، هەڵسوراوێکی کاریگەر و نوێنەری کەرەکتەرێکی دیاریی و کارای بزووتنه‌وه‌ی رۆشنبیری ژیانی شۆڕشگێرانی کۆچەر بوو.
رۆزا هەستی بە نامۆیی دەکرد چونکە کەم ژن لەو کاتە بڕوانامەی دکتۆرای هەبوو، هاوشێوەی بلیخانۆف و بافل ئێکسلرۆد کەوتە کاری سیاسی مارکسیزمی نێودەوڵەتی، بە هاوکاری گۆگيز و جۆليان مارشيلۆسكي (کە بە يۆليۆس كارسكي دەناسرا ) رۆژنامەی پرسی کرێکارانیان بەرێوە دەبرد، کە دژی سیاسەتی ناسیونالیستی پارتی سۆشیالیستی پۆڵەندا بوو، رۆزا باوەڕی بەوە هەبوو پۆڵەندای سەربەخۆ، تەنها لەرێگەی شۆڕشی سۆشیالیستی ئەڵمانیا و نەمسا و هەنگاریا و روسیا بەدیدێت. چه‌ند ساڵێک دواتر رۆزا لۆکسمبورگ بوو به‌رابه‌ری تیوری پارتی سۆشیالیستی شۆڕشگێری پۆڵه‌ندا، هه‌روه‌ها بوو به‌یارمه‌تیده‌ری سه‌ره‌کی رۆژنامه‌ی حزب، ( Sprawa Rabotnicza ) که له پاریس چاپ ده‌کرا، دواتر پارتی پرۆلیتاریا ناوی گۆڕدرا، بوو به پارتی سۆشیال‌دیموکراتی شانشینی پۆڵه‌ندا، دوای ماوه‌یه‌کی کورت لیتواناشی بۆ زیادکرا، رۆزا لۆکسۆمبۆرگ هه‌ر به‌ڕابه‌ری تیوری پارتی (The SDKPL) مایه‌وه تاوه‌کو کۆتایی ژیانی.
ئەوانەی هەڵسوڕاو نین و ناجووڵێنەوە
رۆزا لۆکسمبورگ بە وتە بەناوبانگەکەی ( ئەوانەی هەڵسوڕاو نین و ناجووڵێنەوە، هەست بە کۆت و زنجیرەکان ناکەن کە ئەوانی بەستاوەتەوە ) هەرزوو کەوتە ناو خەباتی ئینتەرناسیونالی، له ساڵی 1893دا نوێنه‌ری پارتەکە بوو له کۆنگره‌ی ئه‌نته‌رناسیونالی سۆشیالیست. لێره‌دا ژنێک له‌ته‌مه‌نی 22 ساڵی دا، ده‌چێته ناو ململانێی سیاسی لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناو پارتی سۆشیالستی پۆڵه‌ندا، کهبیروباوڕی سه‌ره‌کی یان سه‌ربه‌خۆیی پۆڵه‌ندا بوو، کە رابه‌رانی کۆنی سۆشیالیزمی نێونه‌ته‌وه‌یی و تەنانەت مارکس و ئەنجلزیش رێزیان لە نەریت و له ئه‌زموونه‌کانی پۆڵەندە گرتوەو لە رووی سیاسییەوە گرنگییان پێ داوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش رۆزا لۆکسمبورگ رەخنەی دەگرت و هێرشی ده‌کرده سه‌ر پارتەکە، لەگەڵ تاوانبارکردنی ره‌وتی نیشتمانی و نەتەوەیی بهڕۆشنیی و وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێکی جیاواز له ده‌سه‌ڵاتی کۆن پێچه‌وانه‌ی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی پۆڵه‌ندا.
توانا فیکرییه‌کانی
رۆزا توانا فیکرییه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی بازدان نەشونمای کرد و خێرا خزایە ناو سه‌نته‌ری بزووتنه‌وه‌ی کرێکارانی جهیانی، له ساڵی 1898دا له‌ئه‌ڵمانیا توانی رێباز و ره‌وتی خۆی پێکبهێنێت، رۆزا به‌شێوازێکی کۆڵنه‌ده‌رانه ده‌ستی به نووسین کرد و دوای ماوه‌یه‌ک بوو به یه‌کێک له یارمه‌تیده‌رانی سه‌ره‌کی له گرنگترین گۆڤاری تیوری مارکسیستی که ئەویش Neue Zeit. بوو. هه‌میشه کەسایەتییەکی بە ئیرادە و سه‌ربه‌خۆ بوو له بڕیار و ره‌خنه‌کانی دا، هه‌تا له به‌رامبه‌ر که‌سێکی وه‌کو کارل کاوتسکی سه‌رنووسه‌ر، کە لەوکاتەدا لە داڕشتنی بەشێک لە چەمکەکانی مارکسیزم رۆڵی هەبوو و ناسراو بوو، راوەستایەوە. کارل کاوتسکی ده‌ڵێت: رۆزا شێلگیرانە پارێزگاری لە دیدگا و بۆچوونەکانی خۆی دەکرد و نزیک بوو لە بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له ئه‌ڵمانیا، له چه‌ندین رۆژنامه‌ی سۆشیالیستیدا، له‌هه‌ندێک کاتدا سه‌رنووسه‌ر بوو، کاری دەکرد، کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری دەکرد و وتاره‌کانی سەرنج راکێش بوون، کاره‌کانی ئه‌و دووربوون له سۆز، ئه‌و به‌رده‌وام کراوه بوو له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانی، ئاسۆی بیرکردنه‌وه‌ی مه‌زنتر و به‌رفراوان تر ببوو.
فیکر و تێگەیشتنی قوڵی رۆزا لە مارکسیزم و بوێریی و ئازایەتییەکەی، دەستکەوتی سەرەتایی ئەو، توانای پێدا لە سەر بنەمای سۆشیالیزمی شۆڕشگێر شیکردنەوە بۆ رووداوەکان و هەست بە مەترسی باڵی ریفۆرم و سەوداکەری ناو بزووتنەوەی سۆشیالیستی بکات، بەتایبەتی لەناو پارتی سۆشیالیستی دیموکراسی ئەڵمانیا کە لە ساڵی 1898 پەیوەست بوو پێی و پارتەکە 90 رۆژنامەی خۆی و 330000 هەزار کرێکاری ئەندام لە سێکتەرە جیاجیاکان لەژێر چەتری رێکخراوەکە کاریان دەکرد. ژمارەی گشتی ئەندامەکانیشی لە ملیۆنی تێدەپەڕاند و زۆربەی سەرکردەکانیشی هاوڕێی نزیکی مارکس و ئەنجلز بوون و پارتەکەش پابەند بوو بە بەرنامەی ئێرفۆرتی ساڵی 1891، رۆزا زوو و لە کەسە یەکەمەکان دەژمێرێت کە تێبینی کرد، پارتەکە سەرەڕای بانگەشەی ئاشکرای، لە پراکتیکدا لە ژێر کاریگەر و بگرە ملکەچی ریفۆرمە.
بەرنشتاین و کاوتسکی
بەرنشتاین و کاوتسکی دوو بیرمەند بوون، لەناو بزوتنەوەی کرێکاری رێزیان لێدەگیرا، بە بەراورد بە ژنێکی تەمەن بچووک کە لە پۆڵەندا هاتبووە ئەڵمانیا، رۆزا زوو گەیشتە ئەو راستیەی تێزەکانی بەرنشتاین و کاوتسکی مەترسین لە سەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی شۆڕشگێر و تێڕوانین و بۆچوونەکانی بەرنشتاین لە بنەڕەتدا پێداچوونەوە بوو بە بنەماکانی مارکس سەبارەت بە گرفت و قەیرانی سەرمایەداری، بە رای بەرنشتاین رۆڵ و کاریگەری سەندیکا کرێکارییەکان و هەژموون و پێگەی پەرلەمانی گرەنتی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەر دەکا و بە دیدگای بەرنشتاین چی تر پێویست ناکات خەبات لە ململانێی چینایەتی و ئامانجی کۆتایی کە سۆشیالیزمە چڕ بکرێتەوە، بە رای بەرنشتاین بزاوت و تەڤگەرەکە گرنگترین مەبەستە، ئەمە ئەوە دەردەخات، له‌وکاته‌دا بزووتنه‌وه‌که له ئه‌ڵمانیا دابه‌ش ببوو بۆ سه‌ر دوو ره‌وتی سه‌ره‌کی. یه‌کێکیان ریفۆرمیست و ئه‌ویتریان شۆڕشگێر. له‌گه‌ڵ زیاتربوونی هێزی پیشوو، ئه‌ڵمانیا خۆشحاڵبوو به‌گه‌شه‌ی به‌رده‌وام له‌و کاته‌ی له گرفت بوو له ساڵی 1873دا کرێکاران پێوانه‌ی ژیانیان به به‌رده‌وامی و بێ وه‌ستان سەردەکەوت، ئه‌گه‌ر بهشێنهیش بێت، سەندیکا و یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان و کۆمه‌ڵه هه‌ره‌وه‌زییه‌کان به‌هێزتر گه‌شه‌یان ده‌کرد، بیرۆکراسیی ئه‌م بزووتنه‌وە، به یه‌که‌وه له‌گه‌ڵ زیادبوونی نوێنه‌رانی په‌رله‌مانتاری پارتی سۆشیالیستی دیموکراتی، دوورکه‌وتنه‌وه له شۆڕش. ئازادی دا به‌و که‌سانه‌ی که جاڕیان بۆ ئه‌وە دەدا، کە به‌ره‌و ریفۆرمیزم بڕۆن و بیکەنە بیڕورایی بنچینه‌یی. قسه‌که‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م ره‌وته ئیدوارد بەرنشتاین بوو، وه‌کو شاگردێکی ئه‌نجلس له نێوان ساڵانی 1896-1898دا زنجیره‌یه‌ک وتاری له‌رۆژنامه‌ی Die Neue Zeit له‌سه‌ر کێشه‌ی سۆشیالیزم نووسی، به ئاشکرا هێرشی ده‌کرده سه‌ر بیروباوه‌ڕی مارکسیزم، قسه‌وباسی تیژ‌و به‌رفراوان ده‌ستیپێکرد، رۆزا لۆکسمبورگ تازه هاتبووه ناو بزووتنه‌وه‌ی کرێکارانی ئه‌ڵمانیا، یه‌کسه‌ر هاته وه‌ڵام و به‌رگری له مارکسیزم کرد، به‌شێوه‌یه‌کی بلیمه‌تانه و زۆر جوان، ئه‌و لهنامیکهکهی دا بە توندی هێرشی کرده سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌ره‌تانی ریفۆرمیزم به‌ناوی (ریفۆرمی سۆشیالیستی یاخود شۆڕشی سۆشیالیستی).
خەباتی ئینتەرناسیونالی
رۆزا لۆکسمبورگ بە وردی چاودێری خەباتی ئینتەرناسیونالی و هەڵسووکەوتی بزووتنەوە سۆشیالیستییەکانی دەکرد و لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەزموونە نوێیەکان دەکرد. سۆشیالیستی فه‌ره‌نسی، چووه ناو هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارتێکی سه‌رمایه‌داری. رۆزا لۆکسمبورگ به دوای ئه‌م هەنگاوەی سۆشیالیستەکانی فەرەنسا چوو، له‌چه‌ند زنجیره وتارێکی گرنگ دا که په‌یوه‌ندی هه‌بوو به‌م کێشهیەوەو په‌یوه‌ست به بزووتنه‌وه‌ی کرێکارانی فه‌ره‌نسا و مه‌سه‌له‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ حکومه‌ت رەخنەی گرت، دوای شکستی ماکدۆناڵد له به‌ریتانیا و له کۆماری ڤایمه‌ری ئه‌ڵمانیا، هه‌روه‌ها به‌ره‌ی گه‌لی له فه‌ره‌نسا له ساڵی 1930دا، دوای جه‌نگی جهیانی دووه‌م و حکومه‌تی هاوپه‌یمانه‌کان له‌هه‌مان وڵات‌دا، ئه‌وه رۆشن بوو ئه‌م ئه‌نجامگیریی و پەندانەی رۆزا لۆکسمبورگ به‌ده‌ستی هێنا، گرنگیه‌کی مێژوویی و پڕ بایەخ بوو.
رۆزا و لینین
لە سەر پرسی رێکخستنی شۆڕشگێر و دروستکردنی په‌یکه‌ره‌ی رێکخراوەیی و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان رێکخراو و چالاکی جه‌ماوه‌ریی و مەسەلەی نەتەوایەتی و مافی چارەنووس جیاوازی سیاسی و گفتوگۆ لە نێوان رۆزا و لینین هەبوو، بەتایبەتی له ساڵی 1903-1904دا، رۆزا سەیری رێکخستنی شۆڕشگێری دەکرد، پڕۆسەیەکە دەتوانرێت لەناو شۆڕش پەرەی پێبدرێ و گەشە بکات و باوەڕی بەوە هەبوو، شۆڕش هەموو شێوازەکانی بیرۆکراسی کۆنەپارێزی تێکدەشکێنێ و پارتی شۆڕشگێر بەهۆی بەهێزی سیاسەتەکانییەوە سەرکردە بینا دەکات، بەڵام لینین بڕوای بە پێکهێنانی رێکخراو لە سەر پڕەنسیپی ناوەندێتی هەبوو، تا بتوانێت لەکاتی پێویست و لەناو سەرهەڵدان و راپەریندا بڕیاری یەکلاکەرەوە و دروست و کاریگەر بدات، رۆزا ئەگەرچی دواتر لە بارەی رێکخراوی شۆڕشگێرەوە لە بیر و دیدگای لینین نزیک دەبووەوە و رەوتی ریفۆڕمیستی پارتی ئەڵمانی دەبینی، تەنانەت پێش لینینیش هەستی بە مەترسی کاوتسکی لەسەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی کردبوو، بەڵام جیابوونەوە لە پارتە ئەڵمانیەکە کە خاوەنی دامەزراوەی کرێکاری بوو سادە و ئاسان نەبوو، بەهۆی جووڵە و چالاکییەکانی دوای ساڵی 1904 «پاراستنی قه‌یسه‌ر» بڕیاری سێ مانگ زیندانی بۆ رۆزا دەرکرد، به‌ڵام یه‌ک مانگ له‌زیندان مایه‌وه.
شۆڕشی یه‌که‌می روسیا
له ساڵی 1905دا، له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی یه‌که‌می روسیا، رۆزا زنجیره‌یه‌ک وتار و نامیلکه‌ی لەبارەی پارتی پۆڵه‌ندا نووسی، گه‌شه‌ی به‌بیری شۆڕشی به‌رده‌وامدا، هه‌روه‌کو دیاره ئه‌م باسه سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن ترۆتسکی و پارڤس گه‌شه‌ی پێدرا، به‌ڵام چه‌ند مارکسیستی تریش باوه‌ڕیان پێ بوو له‌وکاته‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌لشه‌فیک و مه‌نشه‌فیک هه‌ر دوولایه‌ن، سه‌ره‌رای جیاوازی قوڵی نێوانیان، بڕوایان وابوو کە شۆڕشی ئه‌و کاته‌ی روسیا له قۆناغی شۆڕشی دیموکراتییه، رۆزا قسه‌وباسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد گه‌شه‌ی دونیا قۆناغی دیموکراسی بۆرژوازی تێپه‌ڕاندووه و له‌کۆتاییدا یان ده‌سه‌ڵاتی کرێکارانه یاخود شکستێکی ته‌واوه، دروشمی ئه‌و ئه‌وه‌بوو « دیکتاتۆرییه‌تی شۆڕشگێرانه‌ی پرۆلیتاریا له‌گه‌ڵ جوتیاران».
رزگارکردنی چینی کرێکار
سۆشیالیستەکان لە سەر بنەمای هێزی کرێکاران پەرەیان بە رێکخستنەکان دەدا، رۆزا لۆکسەمبەرگ خێرا گەیشتە ئەو دەرەنجامەی چۆن ململانێی چینایەتی لە ناو راپەڕین و سەهەڵداندا چەکەرە دەکات، رۆزا بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ شۆڕشی 1905ی روسیا کرد، تێڕوانینی ئەوە بوو، مانگرتنی جەماوەری لە داکەوتەدا هێمای شۆڕشی زیندوو لە هەمانکاتدا هێزە پاڵنەرە گەورەکەی بوو، بێ گوێدانە ئەوەی هۆکارەکە ئابووری یان سیاسییە و بەرای ئەو ئەزموونی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان ئەو بەربەست و رێگرانە تێدەپەرێنێت.
هەر سەرکەوتنێکی سیاسیی ئاسۆ و متمانە فراوان دەکات و رێخۆشکەرە بۆ خەباتی ئابووریی و پێچەوانەکەشی راستە، لە کاتێکدا بەرنشتاین و کاوتسکی سەیری کرێکارانیان دەکرد وەک هێزێکی نمایشی سەر شانۆ، رۆزا باوەڕی بەوە هەبوو رزگارکردنی چینی کرێکار، تەنها بەدەستی چینی کرێکار خۆیەوە دەبێت، بۆیە هۆشیاری سۆشیالیستی و گەشەکردنی لە رێگەی ئەزموونی مانگرتن و خۆپیشانداندا بابەتێکی یەکجار گرنگ و چارەنووسسازە، له‌گەڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نها ئه‌ندێشه و نووسین و قسه‌کردن له‌سه‌ر شۆڕش به‌س نه‌بوو بۆ رۆزا لۆکسەمبەرگ، دروشمی ژیانی ئه‌و ئه‌وه بوو، « له سه‌ره‌تاوه کردار»، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌وکاته‌دا دۆخی ته‌ندروستی باش نه‌بوو، له‌نزیکترین دەرفەت له دیسێمبه‌ری 1905دا بۆ پۆڵه‌ندای رای‌کرد. له‌وکاته‌ی شۆڕش له لووتکه‌ی خۆیدا بوو، جه‌ماوه‌ریش هێشتا له‌چالاکی دا بوون، به‌ڵام رارابوون و له‌کاتێکدا کۆنه‌په‌رستیش له‌به‌ره‌وپێشچووندا بوو، ته‌واوی کۆبونه‌وه‌کان قه‌ده‌غه‌کران، به‌ڵام کرێکاران هێشا له سه‌نگه‌ری خۆیانه‌وه کۆبوونه‌وه‌کانیان دەکرد، له کارگه‌کان کرێکاران رۆژنامه‌کانیان لێ قه‌ده‌غه‌کرا بوو، به‌ڵام رۆژنامه‌ی پارتی رۆزا لۆکسەمبەرگ رۆژانه ده‌رده‌چوو، ئه‌گه‌ر چی به‌نهێنیش چاپ ده‌کرا.
له4ی مارسی 1906دا رۆزا بۆ ماوه‌ی چوار مانگ ده‌ستگیر کرا، یه‌که‌مجار زیندان و ئینجا له قه‌ڵایه‌ک و دواتریش ئازاد کرا، له‌بەر خراپی ته‌ندروستی و نه‌خۆشی، هەروەها لەبەرئەوەی کە هاووڵاتی ئه‌ڵمانی بوو، له‌م وڵاته سنوورداشیان کرد.
ئەزموونی روسیا
مانگرتن و راپەڕینی کرێکارانی روسیا له ساڵی 1905-1907 و پێکهێنانی شوراکان وەک شێوازێک لە دەسەڵات هاوشێوەی دەسەڵاتی کۆمۆنەی پاریس، بەشداری کارای بۆلشەفیەکان لەو شۆڕشە، دواتر پاشەکشەی رێکخراو و بە بەرنامە و کوژاندنەوەی راپەڕینەکە، پەند و ئەزمونێکی رۆشنی بەخشیە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و رێخۆشکەر بوو بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر. ئەم بزووتنەوەیە بیر و ئه‌ندێشه‌ی رۆزا لۆکسەمبەرگ و تێگه‌یشتنی پێشخست، لەکاتێکدا رۆزا هەر لە سەرەتاوە دوای هاتنە دەرەوەی لە پۆڵەندا لەنزیکەوە ئاگاداری رەوتی شۆڕشگێری ناو روسیا بوو، ئه‌م خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ری سیاسی- ئابوورییه پێکهینانی توخمێکی بنچینه‌یی کرێکارانی شۆڕشگێر بوو، له خه‌باتکردن له‌پێناوی ده‌سه‌ڵات و سۆشیالیستی و فراوانکردنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌زموونی مێژووی نوێ، قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، تاوانبارکردنی رۆزا لۆکسەمبەرگ به « هاندان بۆ توندوتیژی»، جارێکی تر دوو مانگ رەوانەی زیندان کرا، ئه‌م جاره‌یان له ئه‌ڵمانیا.
تارمایی جەنگ
ساڵەکانی دوای 1905 تارمایی جەنگ ئاسمانی ئەوروپای گرتبوو، لە بەرامبەر ئەو هێزانەی کەرەنای شەڕیان لێدەدا، بەرەی دژە شەڕ پارچە و ناکۆکییە سیاسییە کۆنەکان شێوازی نوێی وەرگرتبوو، كاوتسكی و بەرنشتاین رایان وابوو جەنگ شێوازێکە لە گەشەی هێمنانە و لە سەرخۆی سەرمایەداریی و دەکرێت پێشی لێ بگیرێت. رۆزا گاڵتەی بە شیکردنەوەکەی كاوتسكی دەهات و بە بڕوای ئەو ئیمپریالیزم و کێبركێ بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ، پەیوەستە بە سەرمایەداریی و سەرمایەداری بێ جەنگ ناژی. دەبێ سۆشیالیستەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە و دەرفەتی ئەو گرفت و قەیرانە بقۆزنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرمایەداریی و سۆشیالیستەکان شەر بۆ ئەو مەبەستە رابگەیەنن.
پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا
رۆزا لۆکسەمبەرگ له ساڵی 1907 لەو هەلومەرجەی ئەوروپادا به‌شداری له‌کۆنگره‌ی ئه‌نته‌رناسونال سۆشیالیست له شتوتگارت کرد، ئه‌و به‌ناوی پارتی روسیا و پۆڵۆنیا، له‌سه‌ر پێشبینییه‌کان و هه‌ڵوێستی شۆڕشگێرانه‌ی نه‌گۆڕ و پێویست له به‌رامبه‌ر جه‌نگی ئیمپریالیستی وتاری پێشکەشکرد، له نێوان ساڵانی 1905-1910دا جیابوونه‌وه‌یکی به‌رفراوان له نێوان رۆزا لۆکسەمبەرگ و سه‌رکردایه‌تی ریفۆرمخوازی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا SPD دا روویدا، که کاوتسکی نوێنەری تیۆری یان بوو، له پێش ئه‌وه‌دا له ساڵی 1907 رۆزا لۆکسمبورگ، مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌رکردایه‌تی پارت دەربڕیبوو، جیاواز له‌وه‌ی بانگەشەیان دەکرد بۆ مارکسیزم، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به هه‌لومه‌رجێک که پێویستی بهبڕیاردانێکی چاره‌نووس ساز هه‌بوو، هاتنی رووداوی ساڵی 1910، به‌ته‌واوی په‌یوه‌ندی نێوان رۆزا لۆکسەمبەرگ و کارل کاوتسکی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شێوازی رێگەی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی کرێکاران تێکچوو. دواتر SPD بە سەر سێ ره‌وت و باڵی جیاواز بەش بوون، ریفۆرمیسته‌کان که نوێنه‌رایه‌تی باڵی سیاسه‌تی ئیمپریالیستی یان ده‌کرد. ئه‌وانه‌ی به خۆیاندەووت مارکسیستی میانڕەو، به‌سه‌رکردایه‌تی کاوتسکی (رۆزا لۆکسەمبەرگ نازناوی «سه‌رکرده‌ی زه‌لکاو»ی لێنابوون ) کە هێشتا خۆیان پێ رادیکاڵ بوو، به‌ڵام ده‌رده‌که‌وت زیاتر و زیاتر به‌ره‌و رێبازی په‌رله‌مانتاری خه‌بات ده‌که‌ن. باڵی شۆڕشگێر که رۆزا لۆکسەمبەرگ بزووێنه‌ری سه‌ره‌کی بوو.
بەرهەمە فیکرییەکانی
رۆزا لۆکسەمبەرگ کۆمەڵێک کتێب و نامیلکە و وتاری بلاوکردەوە و خزمەتێکی گەورەی بە بزووتنەوەی سۆشیالیستی کرد. لە ساڵی 1913دا رۆزا یه‌کێک له گرنگترین لێکۆڵینەوە تیورییه‌کانی خۆی به‌چاپ گه‌یاند ئەویش (که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه). هەروەها به‌شداری کرد له لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابووری ئیمپریالیستی، که بێگومان، یه‌کێکه له گرنگترین به‌شدارییه‌کانی له رێبازی ئابووری مارکسیستی له دوای سه‌رمایه‌وه، که پڕه له زانیاریی و تیژترین لێکدانه‌وه‌یه‌ی رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌م نووسینە، کهمیهرینگ نووسه‌ری ژیاننامه‌ی مارکسی نووسیوە لەمبارەیەوە ده‌ڵێت: نزیکترین لێکۆڵینەوەیە له‌سه‌رمایه.
خەبات له دژی جه‌نگ
له20ی شوباتی 1914، رۆزا ده‌ستگیر کرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هانی سه‌ربازانی داوه را بکه‌ن، لە دادگا ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی ره‌تکرده‌وه و رایگەیاند: ئه‌گه‌ر ئه‌وان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان له ئێمه‌یه براکانی خۆمان بکوژین، فه‌ره‌نسییه‌کان یاخود بیانییه‌کانی تر، ئه‌وا پێیان ده‌ڵێین، «نه‌خێر له‌ژێر هیچ کۆت و مەرجێکدا، ئه‌م کاره ناکه‌ین. له دادگادا ئه‌و له نوێنه‌رێکی گومانلێکراوه‌وه بوو بە نوێنه‌ری گشتی، دادگا بڕیاری ساڵێک زیندانی دا به‌سه‌ریدا، به‌ڵام زیندانیکردنه‌که‌ی یه‌کسه‌ر جێبه‌جێ نه‌کرا، ئه‌و کاته‌ی ژووری دادگای به‌جێهێشت، یه‌کسه‌ر چوو بۆ کۆبوونه‌وه‌یەکی جه‌ماوه‌ریی و دووباره ده‌ستی کردووه به پروپاگه‌نده شۆڕشگێرییه‌کانی و خەبات له دژی جه‌نگ.
دابەشبوونی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا
پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا لە بنچینەوە و بە کردەوە بە سەر دوو بەرە دابەش ببوو، بەرنشتاین و کاوتسکی لە لایەکەوە، کەمینەیەکیش لەگەڵ رۆزا لۆکسەمبەرگ و کارل لێبێخێنت، لە سەنگەرەکەی تر بوون. ئه‌وکاته‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م ده‌ستی پێ‌کرد، به کرده‌وه ته‌واوی سه‌رکرده‌کانی پارتی سۆشیالیست وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و رێبازی نیشتیمانی، له3 ی ئابی ساڵی 1914 دا گروپی په‌رله‌مانی سه‌ر به‌پارتی سۆشیال دیموکراتی ئه‌ڵمانیا کۆبوونه‌وه‌و بڕیاریاندا ده‌نگ بده‌ن به جه‌نگ. کارل لیبخێنت تاکە که‌س بوو ده‌نگی له دژی جه‌نگ و لایه‌نگرانیاندا، ئه‌م بڕیاره گورزێکی توند بوو له رۆزا لۆکسەمبەرگ درا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوور نه‌که‌وته‌وه‌و وره‌ی به‌رنه‌دا. له‌هه‌مان رۆژدا، له4 ی ئابی سۆشیال دیموکراته‌کان چوونه ژێر ئاڵای حکومه‌ت، گروپێکی بچووک له سۆشیالیسته‌کان کۆبوونه‌وه له باڵه‌خانه‌که‌ی و بڕیاریان دا بجه‌نگێن له‌دژی شه‌ڕ. ئه‌م گروپه رێکخرابوون له‌لایه‌ن رۆزا لۆکسەمبەرگ و کارل لبخێنت، فرانز میهرینگ و کلارا زیکتین، له‌کۆتاییدا بوون به یه‌کێتی سپارتاکیستهکان، رۆزا لۆکسەمبەرگ نزیکه‌ی چوار ساڵ بەردەوام زۆربه‌ی کات له‌زیندانه‌وه درێژه‌ی دا به رابه‌رایه‌تی کاری هاندان و رێکخستنی شۆڕشگێران و درێژه‌دان به رێبازی سۆشیالیزمی ئینتەرناسیونالی.
شۆڕشی ساڵی 1917 ی روسیا
رۆزا چاودێری رووداوەکان و فراوانبوونی ناڕەزایی و زێدەبوونی بەرهەڵستکاری دژی جەنگی وەک چاوەڕوان دەکرا دەبینی، شۆڕشی روسیای فێبریوه‌ری ساڵی 1917 راست و دروستی پێشبینیه‌کانی رۆزا لۆکسەمبەرگی هێنایه‌دی سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی شۆڕشگێریی و گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگەکە دژی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیسته‌کان. رۆزا له زیندانه‌وه چاودێری رووداوه‌کانی ده‌کرد و له نزیکه‌وه خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه بوو له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌کان بۆ دواڕۆژ.
ئه‌و بهدڵنیاییەوه باوه‌ڕی وابوو سه‌رکه‌وتنی شوباتی کۆتایی خه‌بات نییه، به‌ڵکو سه‌ره‌تایه، ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی کرێکاران ده‌توانێت ئاشتی مسۆگه‌ر بکات، رۆزا له زیندانه‌وه په‌یام له دوای په‌یامی بڵاوده‌کرده‌وه بۆ کرێکاران و سه‌ربازانی ئه‌ڵمانیا لاسایی براکانتان بکه‌نه‌وه له روسیا، سه‌رمایه‌داران و مووشەخۆران سه‌رنگوم که‌ن، له‌هه‌مانکات دا رێگه نه‌ده‌ن له خوێنڕشتنی خۆتان تا مردن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ربه‌ریزمی سه‌رمایه‌داری.
رۆزا لۆکسەمبەرگ بە گەرمی پێشوازی لە شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر کرد و تێکشکاندنی سەرمایەداریی و رزگاربوونی چینی کرێکاری بەرز دەنرخاند، لە هەمانکاتدا داوای دەکرد شۆڕشەکە خۆی لە شێوان و بەربەستەکان رزگار بکات، رۆزا دژی تیرۆر و دکتاتۆریی و خوێنڕشتن بوو، ئاواتەخواز بوو پەرە بە دیموکراسی بدرێ.
شەهیدکردنی
دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی یەکەم، قەیران و تەگژەی ئابووریی و ناڕەزایی و بەرهەڵستی خەڵکەکە له8 ی نۆڤێمبهی ساڵی 1918دا شۆڕشی ئه‌ڵمانیا بەرپاکرد، شۆڕش رۆزا لۆکسمبورگی له زیندان ئازاد کرد، رۆزا به هه‌موو هێز و توانا‌و په‌رۆشییه‌وه به‌شداری له‌شۆڕش کرد، رۆزا و کارل لێبخنێت و هەندێک لە هاوڕێکانی لە 1919 بزووتنەوەی شۆڕشگێری سپارتاکیستیان پێکهێناو خۆیان لە سۆشیال دیموکرات جیاکردەوە. به‌ڵام به‌داخه‌وه هێزه کۆنه‌په‌رسته‌کان به‌هێز بوون، باڵی راستی سه‌رکرده‌کانی سۆشیال دیموکرات و جه‌نه‌راڵه‌کانی سوپای کۆنی قه‌یسه‌ر، یه‌کیان گرت بۆ سه‌رکوتکردنی چینی کرێکارانی شۆڕشگێر، هه‌زاران کرێکار کوژران، له15ی یانوەری 1919دا کارل لیبخینت کوژرا، له‌هه‌مان رۆژدا سه‌ربازێک قۆناخی چه‌که‌که‌ی، کێشای به‌سه‌ری رۆزا لۆکسەمبەرگ و گیانی له‌ده‌ست دا.
بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران له‌جیهان به‌ناوبانگترین رابه‌ری خۆی له‌ده‌ست دا، که وردبینترین بیرمه‌ند بوو دوای مارکس و ئه‌نجلس . وه‌کو میهرینگ ده‌ڵێت: شتێکی تر نییه له ژیانی ئه‌ودا، له‌مردن زیاتر، رۆزا لۆکسبۆرگ هه‌موو شتێکی به‌خشی له پێناوی رزگاری مرۆڤایه‌تی دا.