دەکرێ و ناکرێ..

 

 

فارس نەوڕۆڵی

 

  هەڵبژاردن وەک تاکە بژاردە بۆ ڕێگەگرتن لە تاک حزبی و خۆسەپاندن و قۆرخکاری لە جیهاندا پەیڕەوی لێ دەکرێت. رێک لەم رۆژانەشدا، جیهان چەندین هەڵبژاردنی چارەنوسسازی وەک هەڵبژاردنەکانی فرەنسا و بریتانیای بەخۆوە بینی،، لە ئێستادا چاوەکان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکان.

لەم ساتە وەختەشدا ، خەڵکی کوردستان و ناوچەکەش چاوەڕوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن و بابەتی گەرمی کۆڕو دانیشتنەکان و گفتوگۆی شەقام هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن. 

 لەم چەند ڕۆژەدا لە بازاڕی شار چەند گەنجێک گفتوگۆیان بوو، گەنجەکان بەسەر دوو بەرەی "دەکرێ" و "ناکرێ"دا دابەش ببوون، ئەوەش بەر ئەنجامی بێ متمانەییە بە پرۆسەی دیموکراتی و سیاسی هەرێم، ئەگینا ئەگەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرایە، چیدی خەڵک لەنێوان ئەکرێ و ناکرێدا گیرۆدە نەدەبوو. بە سوپاسەوە بۆ متمانەیان منیشیان لە گفتوگۆکەدا بەشدارکرد، هەردوولایان گفتوگۆکەیان لە دڵسۆزیدا بوو، هەرلایەو ئارگۆمێنتی خۆیی هەبوو، کە گوێبیستی ئەو گەنجانە بووم بیرم لە دۆخی سیاسی هەرێم و دنیا بینی حزبەکان دەکردەوە دەمزانی هەر لایەکیان بەشێک لە حەقیقەتی لایە، لێرەدا بەباوەڕبوونم بەکوردبونێک کەخۆم باوەڕم پێیەتی بۆ چاککردنەوەی ئەو پسانەی لەنێوان خەڵک وپرۆسەی سیاسی وسیاسیەکاندا هەیە لەهەرێمی کوردستان .

 پێویستە حزبە کوردستانییەکان لەو هەلومەرج و پێشهاتە نێو دەوڵەتیانە تێبگەن بەتایبەتی دەرەنجامی هەڵبژاردنی دەوڵەتە گەورەکان کە کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، لە هەمانکاتدا دەبێت بە گرنگییەوە لە باوەڕ و ئینتیمای هاوڵاتیان بڕوانن و بزانن لەچی ئاستێکدایە ئەگینا باجی قورسی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی هەرێم. بۆ یە بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو دۆخە شڵەژاوەو  بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، تەنها ڕێگا هەڵبژاردنێکی هەتا ڕادەیەک پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت و ئەنجامەکەشی بە گیانی وەرزشی قبوڵبکرێت، چونکە هەڵبژاردنی ئەم جارە زۆر جیاوازترە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتری پەرلەمانی کوردستان، لەبەر ئەوەی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەئاستی جیهان و ناوچەکە و عێراق و کوردستان جیاوازترە و  گۆڕانی بەسەردا هاتوە . بۆیە هەڵبژاردنی ئەم جارە مانایەکی دیکە و پێناسەیەکی دیکە بە هەرێم دەدات، جوانی و ناشیرینی پێناسەی نوێ بەستراوە بە ڕەفتاری حیزبەکانەوە لەسەر و بەندی هەڵبژاردن و قبوڵکردنی ئەنجامەکەیدا، دواجار میللەت لەنێو ئەکرێ و ناکرێدا ناتوانێ بەردەوامی بەم دۆخە بدات، بۆیە پێویستە زۆر بەگرنگی و هەستیارییەوە مامەڵە لەتەک پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکرێت کە بڕیارە لەمانگی  10ی 2024 ئەنجام بدرێت چونکە زۆر چارەنوس سازە بۆ ئایندە و پێگەی هەرێمی کوردستان .

سەرچاوە : خەندان