دەنگبێژیی ئەفسانەیی کورد عەڤداڵی زەینک لە شانۆگەرییەکی نێونەتەوەییدا

گرووپی شانۆگەریی چیا، بۆ زیندووهێشتنەوەی ناو و یادی دەنگبێژیی ئەفسانەیی کورد عەڤداڵی زەینک، شانۆگەرییەکیان بەرهەمهێناوە، کە 28 شانۆکاری کورد و بیانی ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە و لە دەرهێنانی عوسمان کورتالانە، هەروەها “نەفەل پرۆدێکشن” کاری بەرهەمهێنانی شانۆگەرییەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
شانۆگەرییەکە باس لە ژیان و هونەرە بەرزەکەی عەڤداڵی زەینک دەکات، وەک یەکەم دەنگبێژی کورد، کە مێژوو و داستانەکانی گەلی کوردی تێکەڵ بە دەنگبێژی کردووە و چڕیویەتی، هەروەها دەنگێکی بەرزی هەبووە بۆ بانگی ئاشتی و یەکگرتنی نەتەوەیی کورد.

شانۆگەرییەکە بۆ جاری یەکەم لە ناوەندی چاند و هونەری ئارام تیگران، لە ناوچەی گرکێ لەگێ لە ڕۆژئاوای کوردستان نمایشکراوە و دواتریش لە شاری قامیشلۆ، وابڕیارە لە داهاتووشدا لە ناوچەکانی دیکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نمایشبکرێت.

عەڤدالی زەینک، هونەرمەند و دەنگبێژێکی دیاری باکووری کوردستان، کە لە ماوەی تەمەنیدا هەزاران دەنگبێژیی و بەرهەمی هونەریی وتووەتەوە، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لە سەرەتاکانی ساڵی 1800ی زاینیی لە گوندی جەمالوێردی سەر بە دووتاخ، کە ئێستا سەر بە شاری ئاگریی باکووری کوردستانە، لەدایکبووە و لە ساڵی 1913 لە گوندی قانجیان-ی سەر بە قەرەیازی گیانی لەدەستداوە.

 

سەرچاوە: rojnews