دەسەڵات سەودا بە مۆڕاڵی مرۆڤایەتی دەكا!!

خه‌ته‌نه‌کردنی کچان و زیندە بەچاڵ كردنی ژنان!!!!
 تاڤگە سابیر 

سه‌رده‌مێک که‌ به‌های مرۆڤبوون و خه‌ون و ئومێدی مرۆڤەکان ؛

له‌سه‌ر زه‌مێنێکی لێوڕێژ له‌ مه‌رگ و له‌ ژێر پێی گه‌نده‌ڵه‌کاندا به‌ دوای هه‌ناسه‌ کوژراوه‌کانی خۆیدا دەگەڕێ..

که‌ شکۆمەندییه‌ مرۆییه‌کان بوونیان نییە ‌و شکۆمەندیی مرۆڤ سه‌ودای پێوه‌ ده‌کرێ و له‌ بازاڕی گه‌نده‌ڵییدا کڕیاری بۆ په‌یدا ده‌کرێ ..

مرۆڤ وه‌ک کاڵایه‌ک بازرگانیی پێوه‌ ده‌کرێ..

بێشک ئەودەم  هه‌موومان به‌شێک له‌و ریسواییه‌مان به‌رده‌که‌وێ..

 چونکه‌ له‌ به‌رچاوماندا سووکایەتیی‌ به‌ مرۆڤەکان ده‌کرێ و تیرۆری گیان وکه‌سایه‌تییان ده‌کرێ..

 کاتێ کاردەگاتە هەڵبژاردەی  ناچاری و هه‌ڵهاتنی مرۆڤەکان لەزێدی خۆیان  ، له‌سه‌ر زه‌مینی له‌ دایکبوونیه‌وه‌ به‌ره‌وسەرابی به‌هه‌شتێکی ئەفسووناویی وئێمەهێشتا توانای زارکردنه‌وه‌مان نییه‌.. ئیتر باسکردن له‌ یەکسانیی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ها و شکۆمەندیی مرۆیی و وروژاندنی نه‌هامه‌تییه‌کانی رێی مرۆڤایه‌تی ، جگەلەژێرپێنانی سه‌نگی مرۆڤ بوون زیاتر هیچی تر نییه‌..

کاتێک مرۆڤ شاهێدی کوشتنی خه‌ونه‌کانی خۆی بێ، ئەوکات ژیانیش وه‌ک دۆخێکی دژواری بنده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌ دۆزه‌خییه‌کان ده‌بینێ..

کاتێک گه‌نده‌ڵیی خۆی ده‌خزێنێته‌ ناو هەڵسوکەوت و رەوشتەکانی مرۆڤ و مرۆڤ ناچار ده‌کا که‌ بیر کردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵ و باڵاکردنی رەوشتەکانی گه‌نده‌ڵ و روانین و بینینی ژیانی گه‌نده‌ڵ زاڵ بێ به‌سه‌ر ره‌هه‌نده‌کانی تری بیرکردنه‌وه‌یدا، ئه‌و کات مرۆڤ هه‌وڵی دروستکردنی کەشێکی به‌رته‌سک ده‌دا، که‌ جگه‌ له‌ جیهانیی مادیی، ناتوانێ ئاراسته‌کانی ژیاندۆستیی و بیرکردنه‌وه‌ له‌ ره‌هابوونی عه‌قڵ و به‌رفراوانکردنی جیهانبینییه‌کانی و بیرکردنه‌وه‌ قووڵه‌کانی، بکاته‌ مانیفێسته‌کانی خۆی.

 ئه‌و سه‌رزه‌مینانه‌ی که‌ بوونه‌ته‌ به‌هه‌شتی عه‌قڵه‌ کۆنزه‌رڤاتیڤه‌کان ،

ئه‌و عه‌قڵانه‌ی تاکه‌ پرۆژه‌یان هه‌وڵدانه‌ بۆ باڵاکردنی بیرکردنه‌وه‌ چه‌قبه‌ستووه‌کان و وێناکردنه‌وه‌ی ناشیرینییه‌کان و کارکردن بۆ ده‌سته‌به‌سه‌رداگرتنی شکۆی مرۆیی و له‌ گۆڕنانی خه‌ونه‌کانی مرۆڤ،

ئه‌و عه‌قڵانه‌ی تاکه‌ ئامانجیان پیرۆزکردنی جیهانێکی ناشیرینه‌، که‌ مرۆڤ له‌ ناویدا جگه‌ له‌ بونه‌وه‌رێکی کڵۆڵ له‌ هیچ که‌ناڵێکی تره‌وه‌ ناتوانێ مانیفێستی هه‌سته‌ مرۆییه‌کانی خۆی بکا ..

بێشک ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ جگه‌ له‌ دۆزه‌خێک بۆ مرۆڤه‌کانی ناتوانێ زه‌مینێکی لەبار بێت بۆ بەرهەمهێنان وگەشەی  مرۆڤی ئازاو ئازاد..!

 

کاتێک مرۆڤگه‌لێکی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر خوانێکی گه‌نده‌ڵ کۆده‌بنه‌وه‌ و پرۆژه‌ی هاوبەشیان سوورکردنی که‌ڵبه‌کانیان بێ به‌ خوێنی میلله‌ت و ئامانجیان وێرانکردنی ژیان و ره‌هه‌نده‌ هزریی و ژیانییه‌کانی میللەتی بێچارەبێ ، تاکه‌ مه‌به‌ستیان تاڵانکردنی وڵات و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ و به‌ کۆیله‌بینیی ئه‌وانیتر بێ..ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ به‌ر نه‌فره‌ته‌کانی ژیان و خواوه‌نده‌ ره‌مزییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێ، ئه‌و کاته‌ی مرۆڤ جگه‌ له‌ تلانه‌وه‌ی له‌ ناو ئازاره‌ خۆکرده‌کانی، ناتوانی هێماکانی تری ژیان بدۆزێته‌وه‌، تاکه‌ ئامانجی باڵاکردنی عیشقی مه‌رگدۆستی ده‌بێ له‌ ناو بیرکردنه‌وه‌کانیدا..!

مرۆڤ له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ دۆزه‌خییه‌کاندا، چیتر به‌ دوای ئومێده‌وه‌ نابێ تا ژیان پڕکات له‌ جوانی، چونکه‌ هەر لە سەرەتاوە‌ هه‌نگاوه‌کانی توانای بڕینی رێگایان نییه‌ به‌ره‌و ئومێد، تاکه‌ ئامانجی مرۆڤ له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ دۆزه‌خییه‌کاندا، ته‌نهاو ته‌نها هه‌ڵاتنه‌، هه‌ڵهاتن له‌و دۆزه‌خه‌ی که‌ تێیدا ده‌ژی، به‌ره‌و ئه‌و به‌هه‌شته‌ ئەفسووناوییەی که‌ له‌ناو ئەندێشەدا بوونێکی نیشانەیی هه‌یه‌. ئه‌و جۆره‌ له‌ هه‌ڵهاتن به‌شێکه‌ له‌ پرۆسه‌ی وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئومێده‌ لەنێوچوەکانی که‌ له‌ سه‌رزه‌مینه‌ دۆزه‌خییه‌که‌ی خۆیدا لەنێوبراوه‌،.

گه‌ڕان به‌ دوای سه‌رزه‌مینێکدا که‌ له‌ بنچینەدا‌ سه‌رزه‌مینی له‌ نێوبردنی گیانی مرۆڤه‌ له‌ناو ئازاره‌کانی نامۆییدا، که‌ به‌ تاڵاوی ته‌نیاییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و بەداڕزاندنی گیانی مرۆڤدا کۆتایی دێ.. خۆی له‌ خۆیدا نیشاندانی رووی راستی سه‌رزه‌مینێکه‌ که‌ مرۆڤ له‌سه‌ریدا، جگه‌ له‌ دیلێکی بێ گیان و بێ‌ ئومێد، که‌ تاکه‌ بیرکردنه‌وه‌ی جگه‌ له‌ گەواهییدانی رۆژی کوشتن و له‌ سێداره‌دانی خۆی، ناتوانێ وه‌ک مرۆڤ خۆی ببینێ، چونکه‌ مرۆڤ کاتێک له‌ سه‌رزه‌مینی خۆیدا به‌ره‌و سه‌رزه‌مینێکی تر هه‌ڵدێ، ئه‌و کات له‌ نێوان دوو جیهانی جیاواز و دوو کەشی جیاوازدا، به‌ دوای که‌لاکی رابردووه‌کانی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ و به‌سه‌ر ته‌رمی ئومێده‌کانی خۆیدا هه‌نگاو ده‌نێ..ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی که‌ جێیده‌هێڵێ، جگه‌ له‌ یاده‌وه‌ریی سه‌رزه‌مینێکی لەنێوچوو،چیتر  نابێته‌ به‌هه‌شتێکی واقیعی بۆی، چونکه‌ پیاوه‌ خواپێداوه‌کان تێیدا وه‌ک راوچی، به‌ دوای گیانی مرۆڤه‌وه‌ لەچەپردان تا ده‌ستگیری بکه‌ن و لەنێوی ببەن..

 گەیشتن بەوخاڵەی کەدۆزه‌خێکی ڕازاوەی نوێش ناتوانێ ببێته‌ سه‌رزه‌مینێک که‌ مرۆڤ تێیدا باڵا بکا، دۆزه‌خێکی له‌ بن نه‌هاتوو، ناتوانێ وه‌ک به‌هه‌شتێک له‌ ناو بیرەوەرییەکانیدا خۆی بهێڵێته‌وه‌، سەرئەنجام مرۆڤ له‌ ناو هه‌ناوی ئه‌و جۆره‌ سه‌رزه‌مین و ده‌سه‌ڵاته‌ دۆزه‌خییانه‌دا، هه‌موو په‌له‌ قاژه‌کانی  بچووک دەبێتەوە بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌هه‌شتۆکەیەک ، ئه‌گه‌ر ئەفسووناوییش بێ تابه‌ره‌و ئه‌وێ‌ هه‌ڵبێ و خۆی له‌ ئازاردانی پاشایەکانی مەرگی دۆزه‌خه‌که‌ی خۆی قوتار بکا و گیانی بپارێزێ، لێرەوەی وەرزی هەڵوەرینی حەزوئاواتەکان دەستپێدەکات،ئەو وەرزە نەگلیسەی زەحمەتە بەهارێکی کەبەدوای خۆیدا ناهێنێ..