شۆرش خالید ئاژگەیی
موڵکو ماڵی نێو دارستان هی هەمووانە و بۆ هەمووان و لە هەمووانە و هەمووانیش مافی بەکار هێنانیان هەیە بە بێ جیاوازی.
ئەو یەکدەنگی و یەکپارچەیی و یەکڕەنگی و هارمۆنیا و بێدەنگیەی لە ناو جەنگەڵدایە لە ناو شاردا بە حەیاتت نایدۆزینەوە. تکایە جەنگەڵوانە بەڕێزەکان بە هاشوهۆش و چەقەنەلێدان و خۆبادان و سەربادان و سەرلەقاندن و هاندان و ئاگر کردنەوەو فیتنەگێڕی و کوڵاندنی سۆشیال مێدیای دارستان لەباری مەبەن و لەجوانی مەخەن و ناشرینی مەکەن.
ستەمی داگیرکاری و تەنگ پێ هەڵچنینی ئادەمیزادو ڕاوی ڕاوکەرەکان، دەمێکە بەهەوڵ و خەبات و تێکۆشانی بێوچانی بەردەوامی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای دارستان سراوەتەوەو هەموو هاوجەنگەڵیە هاوببیروهاوپیشەو هاو هەناسە و هاوعەقڵەکان، بە قودرەتی قادر و دوعای ئەملاوئەولاوە مافی ئاییندەی ژیانێکی پڕشکۆی پڕ لە رزق و رۆزی و تێری و زۆری و بۆری و لەوەڕگاو گژوگیاو ئالیکی بە فڕ و کەرامەتیان بۆ مسۆگەر کراوە.
ئەسڵەن پێویستیمان بە دامەزراوەکردنی دارستان و دامەزراندنی سیستەم و لێژنەو لێژنەکاری و پەرلەمان و دادگا و ئۆپۆزیسیۆن و پۆپۆلیست و هەلپەرەست و بەرهەڵستکار و نەیار و دوژمنکارو بەکرێ گیراوو رازی کردنی ئەموو ئەو لەسەر حیسابی هەمووان و کۆبوونەوەو کۆربوونەوەو دانیشتن و چاوپێکەوتن و چاوشارکێ و چاوبەستنی دوو قۆڵی و شەش قۆڵی و دەست بادان و دەست گوشین و سازان و نەسازان و گرێدانی هاوپەیمانی و مۆرکردنی لێکتێگەیشتن و بەڵگەنامەی ستراتیژی و پاکێجی چاکسازی و لێژنە یەک لە دوایەکەکانی چاکسازی و چەکسازی و چارەسەرکردنی گەندەڵی لە دابەش کردنی ئالیک و رزقەوە نیە.
پاشەکەوتی خواردن و لەوەڕو ئالیکی پێویست بۆ وەرزی زستان و بەفرو زریان و ڕەشەباو سەرماوسۆڵەو سەهۆڵبەندان و قاتی و قڕی، چیتر ناخرێتە لیستی هەواڵە بە پەلەکانی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە. هەروەک سەپاندنی سیستەمی فیفتی فیفتی و فۆرتی سیکستی و ناینتی و تێکەولێکەو لێخە ناخرێتە بواری جێ بەجێ کردندا.
لە کایەی ئاڵۆزی دارستاندا هیچ کەس و زاتێک و ئاژەڵێکی بەئەمەک و بەرپرسیارو خاوەن هەڵوێست و هەستی بەرزی نیشتیمانپەروەری و جەنگەڵ پەروەری و ئاژەڵایەتی، بە دەمامکەوە دەرناکەوێ و رووناکاتە مفتەخۆری و دوو ڕوو و سەد روو داپۆشراوو دەمامکدارێکی هەلپەرەست نیە.
سەرباری ئەمەش هاورێ و دۆست ، لە ئێڵ و تەبار، لە یارو نەیار و دوژمندارو پلەداروپارەدارو مەزرەعەدار، جیا کراونەتەوەو چیتر رێگە بە گێرەشێوێنی و نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی و تەپوتۆزوهاشوهۆش و فشەفش و چەقەنەلێدان و تەپڵ لێدان و فیکە لە رووبەری دەست لێنەدراوی دارستان بە هیچ بوونەوەرێک و بەنی ئاژەڵێک و لایەنێکی دەرەکی و ناوەکیەوە نادرێت.
لە نێو دارستاندا پێویستیمان بە ئایدیاو مێدیاو بیرۆکەو ئایدیۆلۆژیا و حزبایەتی و دوکانی سیاسی و ململانێ و دەست لە ملانێ و باوەش و باوێشک و کێ بەرکێ و هەڵبژاردن و هەل بژاردن و برژاندن و هەڵاوێردکردنی بەربژێر و بێژەر و کاندید کردنی کورەپورو خاڵۆزاو ئامۆزاو کوڕەزاو وشکاندنی مل و فەقەرات و ئێسقانی یەکتر و بێ رێزی کردن بە بابوباپیرانی ناو دارستان نیە. لەمەش زێدەتر خۆپەرەستی و خودئەوینی و خوشویستن و خۆشووشتن و لەکەدارکردنی مێژوو و رابردوو و ئێستاو داهاتوو و بەهاو کەسایەتی سەرۆک و سەرکردەکانی سەربە ڕەچەڵەکی فەرماندە شێری ناو دارستان، رێگەپێدراو نیە. زیاد لەمەش مۆڵەتی کەمپەین و هەڵمەت بردن بۆ لەجوانی خستن و ناشرین کردنی عورف و یاساورێسا سرووشتیە نەنووسراوەکانی ناو دامەزراوەی دارستان بە هیچ شێوەیەک نادرێت.
کەشو هەوای سەقامگیری دارستان تا بڵێی دڵخوازو سازگارو بێ تۆزو غوبارەو جۆرێک لە دڵنەوایی و رۆحنەوایی و ئاسوودەیی رۆحی و جەستەیی و هەستەوەری و دەروونیمان پێ دەبەخشێ و گەرەکە هەموو چین و توێژو بێژەرو بانگخوازو رەگەزەکانی ناو دارستان بیپارێزن و بەهەردوو دەستیانەوە تووند تووند بیگرن و……بەری نەدەن.
رێنماییە ژیاری و ئیداری و یاساکانی جەنگەڵ ئاشکراو دیارو رون کراوەن و لە نامیلکەیەکی قەوارە بچووکدا لای جەنابی مام رێوی دەست دەکەون و بە شەوێک و کون فەیەکونێکەوە بریارەکان گۆرانکاریان بەسەر دانایەت و مەزاجی ئەهلی سیاسەت و خوار سیاسەت و ئەملاوئەولای سیاسەت و ڕاست و چەپی عەوام و رەعیەت و ئەم و ئەو، ڕۆڵی تێدا نابینن و بەرلەدایک بوونیان پووچەڵ دەکرێنەوە.
دەستوورێکی جوان و نەنووسراوی مەعنەوی لەبەرکراوی سەروو هەموو کەس، لە ناخی هەموو ئەندامانی دارستاندا بارگاوی و سەروەر و سەردار کراوەو لەلایەن چاکەکارانەوە بە کردار هەموو بوونەوەرەکان ڕەچاوی دەکەن و رێزی لێ دەگرن و بە موویەک لێی لانادەن و جێ بەجێی دەکەن و رێگەیان پێ نادرێ بۆ بەرژەوەندی شەخسی بیخەنە خزمەت بەرژەوەندی خۆیانەوە.
یاساکانی دارستان بە یەکسانی بەسەر هەموواندا جێ بەجێ دەکرێن و هیچ کەس و لایەنێک و بێ لایەنێک و سەربەخۆیەک و لایەندارێک و هەلپەرەستێک و هیچ لەبارادانەبوو و ئاست نزم، بەهۆی ڕەگەزو نەژاد و قەومیەت و رەچەڵەک و خزم خزمێنەو رەنگی پێست و چاوو جۆری خوێن و ناوقەدو بەژن و باڵاو پێشینەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و خێزانی و پاشخانی هۆز و پێگەی ئابوری و سیاسی و دەست رۆیشتووییەوە ڕەپێش ناخرێت و ناخرێتە پێشەوەو لە چاوتروکانێکدا نابرێتە کەشکەلانی فەلەکەوە.
لە جەنگەڵستاندا هیچ بەنی ئاژەڵێکی چوارپێ لە پڕێکا نابێ بە کوڕێک و هیچ ئاژەڵێک بە هۆی هونەرو توانست و بەهرەی پیاهەڵدان و مامەحەمەیی و زمان لوسی و پانکردنەوەوە، بە شەوێک نابێ بە خاوەنی هەموو شتێک.
هونەرو کەرتی پیشەسازی مامەحەمەیی لە نێو دارستان بەکەڵکی ژیانی جەنگەڵەوان و جەنگەڵ نشینانی چواپێوە نایەت و ڤایرۆسیەکەشی لە هەڵمەتێکی سەراتەسەری و چڕ وپڕو قڕکردندا، بە فەرمانی خاوەن شکۆ جەنابی مامە شێر لە خانەدانی پیاوەماقوڵەکانی ناو دارستان و هەوڵ و گوشین و تێکۆشان و تێکوشینی و تێ هینی مامە رێوی فێڵباز، دەمێک ساڵە ریشە کێش کراوە و لە پێناو چاکەی گشتی و بەرژەوەندی گشتی و تاموچێژی گۆشتیدا، فەزاو ژینگەی جەنگەڵستانی لێ پاک کراوەتەوە.
لەنێو دارستاندا هیچ بوونەوەرێک بۆ هێشتنەوەی دۆخی زۆری و بۆری و تێری و پڕی و پۆشتەیی خۆی و ئەملاو ئەولای و پەرەپێدان بە سنووری دەسەڵات و قەڵەمرۆیی خۆیەوە، پەلاماری ئەولاوئەملا نادات و سنووری خۆی دەزانێ.
هیچ بوونەوەرێکی چوارپێ دووچاری دڕدۆنگی نەبووە و بە شڵەژان و دڵەراوکێ و دڵەکزەو ماعیدەی ترشاوەوە رۆژ ناکاتەوە و کەم خەوو هەراسان و هیلاک و نیگەران نیە و دوای عەسران بە ئاسودەییەوە لە ژێر سێبەری دارودرەختە چڕوپڕەکاندا پاڵ دەکەوێ و سەرەخەو دەشکێنێ و خەوو خۆراکی پارێزراوە.
لە نێو جەنگەڵدا بوونەوەرەکان بە گوێرەی پێداویستی رۆژانەیان( شتەکان) بەکار دەهێنن و زێدەرۆیی لە بەکارهێنانیاندا ناکەن و چاویان لە نەوەی داهاتووشە. کار بە پڕەنسیپی هی خۆم بۆ خۆم و هی تۆش دەخۆمەوە ناکەن. ئەگەر ئەم زێدەرۆییەشیان کرد، جەنابی مام شێر بە بێ جیاوازی لێیان قەبوڵ ناکات و ئەیانخاتە بەر غەزەب و توورەیی و نەفرەت و چڕنۆک و ددانە تیژەکانیەوە.
لە نیشتیمانی دارستاندا هیچ بوونەوەرێک بۆی نیە لە پێناوی مانەوەی خۆیدا جەنگەڵەکە وێران و کاول و کەشوهەواکەی ژەهراوی و ژینگەو ئاوو هەواکەیشی پیس و پۆخەڵ و ئەوانی تر بێ لانە و کاشانە و دەربەدەرو ماڵوێران و بێ ناز بکات.
فەزای ناوەوەی دارستان، فەزایەکی دلرفێن و سرووشتی و تا بڵێی ئاسایی و یاسایی و دەست لێنەدراوەو دۆنمە زەویەکان و دارو درەختە سەرکەشە ناوقەد ئەستوور باڵا بەرزەکان و گژوگیاوگوڵ و گوڵزاری هەمەچەشن و سەوزەی ناو جەنگەڵ و قەدپاڵی چیاکان و بەرزاییەکان، موڵکی هەمووانەو تاپۆی هیچ ئاژەڵێک و گرووپە ئاژەڵ و ڕانەمەڕو مێگەل و و دەستە و تاقم و کۆمەڵێکی دیاری کراوەوە نیە لۆگۆ و ماک و مۆرک و هێماو نیشانەو ئاڵای تایبەتی هیچ کەس و گرووپ و دەستەیەکی پێوەوە نیە.
دەوروو بەری دارستان سیم و پەرژین نەکراوەو بە دیواری کۆنکرێتی و شوورەی چیمەنتۆ و ئاسن و پۆڵاوە دەور نەدراوە.
ئاوو هەوای نێو جەنگەڵ پاک و خاوێن و بێ تۆز و غوبارە لە مادە ژەهراویەکان و مرۆڤە ژەهربیر و تووندڕۆو تێکدەرو گێرەشێوێنەکانەوە.
ئەهالی دارستان پێویستیان بە کارەبای دەروجیران و هاوسێ و دراوسێ و نیشتیمانی و حکومی و موەلیدەو چراوفانۆس و لامپاو خێرو سەدەقەی ئەموو ئەوو ئامپێر و کارەبای ڕاکێشراوی قاچاق نیە.
کەس بۆی نیە بە هەواو هەوەسو و خواست و روانگەی تایبەتی خۆیەوە کڕین و فرۆشتن بە جەنگەڵ و پێکهاتە و دانیشتوان و هاوجەنگەڵیەکانەوە بکات و ئاسایشی ژیان و نیشتیمان و گوزەرو گوزەرانیان لێ تێکبدات و یاری ماڵە باجێنەو ئاسن بە دارو درەخت و شکۆی دارستان و تخوب و سنووری جوغرافیەکەیەوە بکات و ئاسایشی نیشتیمانی دارستان بشێوێنێ و شەقامی لێ هان بدات و لە رێگەی سۆشیال مێدیای جەنگەڵەوە بیخاتە مەترسیەوە.
سەرچاوە : ئاوێنە