دەستورێک: بەرەو تارێکی و نائومێدی

 

 

سلێمان مستەفا حەسەن

 

دەستووری کاتی بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لەسوریا،  لەلایەن ئەحمەد شەرع   بەناو سەرکۆمار پەسەند کرا ئەم دەستوورەجێگای پرسیارو تێڕامانە، لێرەدا هەوڵ دەدەێن سەرنج بخەینە سەر ناوەرۆکی دەستورەکە :

یەکەم : ئەم دەستورە لە (٥٣) پێکهاتوە. پێشەکێک وچوار بەش (حوکمە گشتیەکان ، ماف و ئازادیەکان، سیتەمی حوکمڕانی لە قۆناغی گواستنەوە، حوکمە کۆتاییەکان ).
 
سەرتای لیژنەی ئامادەکار بەبێ راوێژی لەگەڵ پێکهاتەکان لە لایەن ئەحمەد شەرع پێکهێنرا. دووەم: دوو رۆژ بەر لەئێستا لەگەڵ سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رێکەوتنی واژۆ کرد بۆ کاری پێکەوەیی. بەڵام گوێ بەهێچ شتێ نەدا. پرسی نویسینەوە پەسەند کردنی دەستوور بۆ وەڵاتێکی ماندوو پێویستی بەکاری پێکەوەیی ومتمانە هەیە لە ناو تەواوی پێکهاتەکانی دا. لەپێشەکی دەستورەکەدا جەخت دەکاتەوە لەسەر ( پاراستنی یەکێتی و سەلامەتی سووریا، خاک و گەل. )کەواتە یەک سوریا یەک گەل ویەک سەرۆک دەبێت بڵێین خۆزگە بە کفن دز؟

 با سەرتا لە بەشی یەکەمەوە شرۆڤەی ماددەو بڕگەکانی بکەین کە بەحوکمە گشتییەکان دەست پێ دەکات و ماددەی (١ بۆ ١١) دەگرێتە خۆی:

لەماددەی یەکەمی دا دەلیت:کۆماری عەرەبیی سووریا، دەوڵەتێکی سەربەخۆیە کە سەروەریی تەواوی هەیە، قەوارەیەکی جوگرافی و سیاسیی تەواوە کە نابێت دابەش بکرێت و نابێت دەستبەرداری هیچ بەشێکی ببین.واتەلە ماددە دەستوریە دان بەهیچ پێکهاتەیەکی ئەم وڵاتەدا نانێت.

لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٣)هاتوە(ئایینی سەرکۆمار ئیسلامە، فیقهی ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانانە.) لەم دەقەشدا هیچ حسابێک بۆ ئاین و پێکهاتەکانی ترو بنەماکانی دەوڵەتی مەدەنی وجیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت دا ناکات. شەرع لە دەستورەکەیدا لەماددەی (٤)تەنها زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی دەناسێنێت بەبێ ئەوەی ئاماژە بەبوون و ڕێگا پێدانی زمانەکانی تر بدات، دەقەکە دەلێت (زمانی عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتە.)

ئەحمەد جۆلانی لە ماددەی (٧)می دەستورەکەیدا پێداگرە کە: دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا. بەرهەڵستی بانگەشەکانی دابەشکردن و جیابوونەوە و داوای دەستوەردانی بیانی یان پاڵپشتیی دەرەکی دەکات.

 ئەحمەد شەرع لە رێکەوتنی لەگەڵ سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختی لەسەر کۆمەڵی بنەمای پێکەویی کردەوە بەڵام پێچەوانەی رێکەوتنەکەو خەباتی ١٥ ساڵەی قەسەدەو خوێنی ٢٠ هەزار شەهیدوەلا ناوە. لە ماددەی (٩)می دەستورەکەیدا پێمان دەڵێت:

 سوپا، دامەزراوەیەکی نیشتمانی پیشەییە کە ئەرکی پاراستنی وڵات و پارێزگاری لە ئاسایش و سەلامەتی و یەکپارچەیی خاکەکەیەتی، بە شێوەیەک کە لەگەڵ سەروەریی یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بگونجێت. تەنیا دەوڵەت دەتوانێت سوپا دروست بکات. قەدەخەیە هەر تاک یان دەستە یان لایەن یان کۆمەڵێک هێز یان گرووپ یان رێکخراوی سەربازی یان نیمچە سەربازی دروست بکات و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت.لێرەدا پێمان ناڵیت ئەو پێکهاتانەی لە بەر داعش چەکیان گەڵگرت و پارێزگاریان لە میللەتەکەیان کرد، چەکەکانیان چی لێبکەن ؟ چۆن بیان دەن بەدەوڵەت ؟ زەمانەت چییە ؟
لەبەشی دووەمی دەستوورە کەدا هاتوە: ماف و ئازادییەکان ماددەی( ١٢ بۆ ٢٣):

لەماددەی ١٢ بۆ ٢٣ کە بەحساب باس لە ماف و ئازادیەکان دەکات بۆ هاوڵاتیانی سوریا، جگە لە دارشتنێکی کراوە لەهیچ شتێکی تر ناچن، تەنانەت لەو بەشەی بەناو ماف وئازادیەکان،مافی بەکارهێنانی زمانی نەداوە بە پێکهاتەکان. لێرەشدا سەرپێچیەکی زەقە بەرامبەر مافی مرۆڤ ومافی پێکهاتەکانی کۆمەلگای سوری، بۆیە ئەم بەشە جگە لەخۆنمایش کردن و جونکاری هیچی تر نییە.

لەبەشی سێیەمی دەستوورەکەی دا سیستەمی حوکمڕانی لە قۆناخی گواستنەوەدا باس کردوە. ماددەی ( ٢٤بۆ ٤٧ )لە خۆ دەگرێت و بەسەر سێ بەش دابەشکراوە (دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەسەڵێتی دادوەری)، بابێنە سەر شرۆڤەی ماددەکان : بە ووردبوونەوە بۆ ناوڕۆکەکەی سیستەمەکە، سیستەمەکە سەرۆکایەتییەو سەرکۆمار (یاسا دانەرە، جێبەجێکارە، دەسەڵێتی باڵێی دادوەریە! بەکورتی سەرک کۆمار هەموو شتێکە.

لە ماددەی (٢٤)داهاتوە (سەرکۆمار لیژنەیەکی باڵا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل پێکدەهێنێت.سەرکۆمار، یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل دیاری دەکات بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و کارامەیی.

لەماددەی (٢٦)دا ماوەی حەکمرانی ڕاگوزەری بە پێنج ساڵ دیاریکردوە. بەپێ ماددەی (٢٧)دەستوو رئەندامانی ئەنجوومەنی گەل، لەبەردەم سەرکۆمار سوێند دەخۆن و بڕیارەکانیان بەزۆرینە دەبێت وەک لە ماددەی (٣٠)دا هاتوە.
 
لەماددەی (٣١)دا هاتوە( سەرکۆمار و وەزیران دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە چوارچێوەی سنوورەکانی دیاریکراو لەم ڕاگەیاندنە دەستوورییەدا پیادە دەکەن. لەماددەی (٣٢)دا هاتووە (سەرکۆمار فەرماندەی باڵای سوپا و هێزە چەکدارەکانە و بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و یەکپارچەیی خاکەکەی و سەلامەتی و چاودێری بەرژەوەندییەکانی گەل). سەرکۆمار لەبەردەم ئەنجومەنی گەل سوێند دەخوات.  

سەرکۆمار جێگر بۆ خۆی دیاری دەکات و دەسەڵاتەکانیان دیاری دەکات و لە پۆستەکانیان لادەبات، دەستلەکارکێشانەوەیان وەردەگرێت، ئەگەر پۆستی سەرۆکایەتی بەتاڵ بوو، یەکەم جێگر دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار وەردەگرێت.
 
 بەپێی ماددەی(٣٥):سەرکۆمار، وەزیران دیاری دەکات و لە پۆستەکانیان لایان دەبات و دەستلەکارکێشانەوەیان وەردەگرێت.وەزیران لەبەردەم سەرکۆمار سوێند دەخۆن. یانی کەس بۆی نییە لێپێچینەوە لەگەل وەزیران و سەرەک کۆماردا بکات!. سەر کۆمار هەر بەوەشە ناوەستێت،سەر کۆمار رێساکانی جێبەجێکردن و رێکخستن و فەرمانەکانی رێکخستن و بڕیارە سەرۆکایەتییەکان بەپێی یاساکان دەردەکات. 

سەرکۆمار نوێنەرایەتیی دەوڵەت دەکات، واژۆی کۆتایی لەسەر پەیماننامەکان لەگەڵ دەوڵەتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات.سەرکۆمار هەڵدەستێت بە دانانی سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکان لە وڵاتانی بیانی و لابردنیان، بڕوانامەی سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییە بیانییەکان لە کۆماری عەرەبی سووریا قبووڵ دەکات.سەرکۆمار مافی پێشنیازکردنی یاساکانی هەیە.

هەروەها سەرکۆمار ئەو یاسایانە دەردەکات کە ئەنجوومەنی گەل پەسەندی دەکات، مافی ناڕەزایی دەربڕینی هەیە لێیان بە بڕیارێکی روونکراوە لە ماوەی مانگێک لە رێککەوتی گەیشتنیان بە ئەنجوومەن کە دووبارە تێیاندا دەڕوانێتەوە. یاساکان جێبەجێ ناکرێن دوای ناڕەزایی دەربڕین تەنیا بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی گەل نەبێت، لەم حاڵەتەدا سەر کۆمار بەناچاری دەریاندەکات.سەرۆک بەردەوامە، سەر کۆمار مافی بەخشینی لێبووردنی تایبەت و گەڕاندنەوەی رێز و ئیعتیباری هەیە.

بەپێی ماددەی (٤١)سەرکۆمار دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، چەکهەڵگرتنی گشتی و جەنگ رادەگەیێنێت.لیرەشدا هێچ حسابێک بۆ بەناو ئەنجومەنی گەل ناکات!
 
بڕگەی دووەمی ماددەی (٤١)رێک بۆ تەسفیەکردنی پێکهاتەکان دانراوە کە تیادا هاتوە( ئەگەر مەترسییەکی گەورە و بارودۆخێک هەبێت کە هەڕەشە لە یەکێتیی نیشتمانی یان سەلامەتی و سەربەخۆیی خاکی نیشتمان بکات یان رێگر بێت لە بەڕێوەبردنی ئەرکە دەستوورییەکانیان لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، سەرکۆمار دەتوانێت باری نائاسایی بە شێوەی بەشی یان تەواو بۆ ماوەیەک کە لە سێ مانگ تێناپەڕێت رابگەیێنێت، بە راگەیاندنێک بۆ گەل، پاش رەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و راوێژ بە سەرۆکی ئەنجوومەنی گەل و سەرۆکی دادگەی دەستووری و، تەنیا بە رەزامەندی ئەنجوومەنی گەل بۆ جاری دووەم درێژ دەکرێتەوە.
 
 سەبارەت بە پرسی دەسەڵاتی دادوەری وەک خاڵێ سێیەمی بەشی سیستەمی حوکمرانی ئاماژەی پێکراوە، هەموو دەقەکان کراوەن. بە یاسا رێکدەخرێن بەبێ ئەوەی چوارچێوە یاساییەکانی دادگاکان دیاری بکات، ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە کە ئەنجومەنە کارتۆنیەکە لە قسەی سەرکۆمار دەرناچێت، ئەمەش خاڵیکی ڕەشە و جێگای مەترسییە.
 
بەشی چوارەمی دەستورەکە،حوکمە کۆتاییەکان لەخۆی دەگرێت کە لەماددەی (  ٤٨ بۆ ٥٣) دەستوورەکەیە ، ماوەی حوکمڕانی قۆناغی ڕاگوزەری بە پێنج ساڵ دیاریکردوە.
بەرئەنجام : 
ئەو بەناو دەستوورەی لەلایەن ئەحمەد شەرع بڵاو کرایەوەو پەسەند کرا، بەناو دەستورێکی نوێ بۆ سوریا ، جگە لە ڕەوایەتی دان بە خودی ئەحمەد جۆلانی لەم دەستورەدا شتێکی تر نییە، ئەحمەد جۆلانی بۆماوەی پێنج ساڵ خاوەنی هەموو دەسەڵاتێکە، بە باوەڕی ئێمە دامەزراندنی حکومەتێکی تایفی دکتاتۆر و بەکارهێنانی ئیسلامی سیاسی بۆ دریژە دان بە کارە ناڕەواکان و کارەساتەکانی سەردەمی داعش شتێکی تر نییە. زمانی عەرەبی و ناسنامەی عروبە ناسنامەی ئەم وڵاتەیە کە ئەحمەد شەرع دەیەوێت دروستی بکات. لەو دەستورە هیچ حسابێک بۆ گەلی کوردو قوربانیەکانی نەکراوە، تەنانەت ناوی کورد لەم دەستورەدا بونی نییەوەو نەهاتوە، تەنانەت بە ماددەیەک باس لە ئاشتەوایی وقوربانی گەلی کورد ناکات کە لەسەدەمی رژێمی بەعس و داعش چەشتویەتی، باسی زمان و فەرهەنگ و بێ بەشبونیان لە ناسنامەی هاوڵاتی بوون ناکات. لەم دەستورە هیچ حسابێکی بۆ جیاوازی ئاینی نەکردوە کە لەم ولاتە بوونی هەیە، لەم دەستوورەدا هیچ حسابێک بۆ پێکهاتەی نەتەوەتی ودینی نەکراوەو ناویان نەهاتوە لەم دەستورەدا. لەم دەستورەدا هیچ حسابێک بۆ بنەماو پرەنسیپەکانی دەستوورییەکانی قۆناغی ڕاگوزەرنەکراوە، بەپێچەوانەوە بە بەکارهێنانی ئەم بەناو دەستوورە دەسەلاتی داوە بە ئەحمەد شەرع و جەماعەتەکەی بەناوی یاسا بکەونە گیانی پیکهاتەکان و بەناوی یاسا دەست لە کوشت وبڕی هەڵنەگرن.کەس بۆی نییە لێپێچینەوە لەسەر کۆمار بکات. سەرکۆمار لەسەروی یاساوەیە سەرۆک ئەندامانی دادگاش دادەنێت، ئەم دەستوور لەگەڵ بنەمای پێکەو ژیان و بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی نایەتەوە. دەستووریک خاڵییە لە سەروەری (یاسا و دادوەری و ماف) و پێکەوە ژیان. لەکۆتایی دەبێت بڵێین خۆزگە بە کفن دز.دەستورکەش رێگایەکە بەرەو تاریکی و بێ ئومێدی.  

سەرچاوە : خەندان