دەربارەی داگیركاری توركیا

 

 

 تاریق فاتیح

کێشەی کورد و تورک بە تەنیا کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی نەتەوەیی و شارستانیشە، ئەمەش لەو ڕووەوە کە ئایدیۆلۆژیای تۆرانیزم تورکبوون دەکاتە بناغەی شارستانێتی و سەرهەڵدانی مێژوویش لە یەک کاتدا.

واتە کێشەی تورک لە گەڵ کورد دا، چەندێک لەسەر نەفیکردن و سڕینەوەی کوردەکان وەستاوە، هێندەش لەسەر ترسی لەدەستدان و پوچەڵبوونەوەی ئەو وەهمە وەستاوە کە ئایدۆلۆژیای تۆرانیزم وەک ڕەوایەتی مێژوویی و شارستانی بۆخۆی دروستکردووە.

هەموو ئەو دژایەتییەی لە سەردەمی دروستبوونی کۆماری تورکیاوە تا ئەمڕۆ بەرانبەر بە نەتەوەی کورد دەکرێت سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە تورکەکان بۆ ئەوەی درێژە بە وەهمی سەردەستەیی خۆیان بدەن پێویستیان بەوەیە کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە و پاشکۆی تورک بناسێنن.

بۆ ئەمەش هەر لە دروستکردنی تیۆری زمانی خۆرەوە، کە دەیەوێت بڵێت چۆن خۆر سەرچاوەی بەخشینی وزەیە بە ژیان، ئاوایش زمانی تورکی سەرچاوەی زمانەکانی دونیایە، تا دەگات بەو لێکۆڵینەوە فاشیستیانەی کە تێدا بناغەی ناسیۆنالیزمی تورکیایان داڕشتووە و لە یەکێک لە خاڵەکانیدا دەڵێت: کاتێک ڕەگەزەکانی تر مێگەل بوون، تورک شوانیان بوو.

پێکڕا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە تورکەکان چەندێک لە وەهمی ئەوەدا دەژین، وەک یەکەمین نەتەوەی ناو مێژوو خۆیان بناسێنن..

ئەم تێڕوانینانەی تورک بۆ گەلانی ناوچەکە و دواتریش بۆ نەتەوەی کورد، کە تا ئێستایش درێژەی هەیە و ڕۆژانە سنورەکانی کوردستان تۆپباران دەکات، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە تورکەکان بۆ ئەوەی ئەو بوونە وەهمییە بپارێزن کە بۆخۆیان دروستکردووە، بەردەوام پێویستیان بەوەیە لە ڕێگەی دروستکردنی ڕوداوێکەوە، بە نەتەوەکانی دیکە بڵێن ئەوەتا ئێمە بوونمان هەیە.

وەک چۆن لا ساڵی ١٩٧٤دا شاری قوبرسیان داگیرکرد و تا ئێستایش چۆڵیان نەکردووە، یاخود ئەوەی لە داگیرکردنی عەفریندا کردیان و بە مافێکی ڕەوا و ئەرکێکی نیشتیمانی گەلی تورکیاشیان دەزانی بەبێ ئەوەی شەرم لەو دزێوی و داگیرکارییە بکەنەوە کە بونیادێکی تەواو خۆپەرستانە و تاکڕەویانەی هەیە.

لە تازەترین ئاکتی خۆ سەلماندنیشیاندا تۆپبارانکردنی سنورەکانی هەرێم و ئەو لەشکرکێشییەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆسەر خاکی کوردستانی باشور کردوویانە، کە ئەمە چەندێک نابەرپرسیارێتی سەرانی حکومڕانی ئەم وڵاتە دەردەخات بەرانبەر بە پاراستنی ئاسایشی هەرێم، دوو هێندە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە تورکەکان دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم ئاکتە دڕندانە و فاشیستیانەوە، بە جیهان و ناوچەکە بڵێن ئەوتا ئێمە وەهم نین و بوونمان هەیە.

سەرچاوە : هاوڵاتی