ڕەحمان غەریب
لە زۆربەی لاپەڕەكانی كتێبی (چۆن دیمۆكراسی دەمرێت؟) كارەكتەرێك یان دووانی هەرێمی كوردستان لەناو دێڕەكانیدا چاوشاركێت لەگەڵ دەكەن، ئامادەبوونیان هەیە، خەت دێنیت بەژێر هەڵسووكەوتی سیاسیاندا، زەردەخەنە داتدەگرێت.
كتێبەكە مەترسی كاركتەرێك بۆ سەر دیمۆكراسییەت دەخاتە روو، بە ئامرازەكانی "دێمۆكراسی" هاتۆتە سەر تەختی دەسەڵات، لەگەڵ جیاوازی ناو و پێگە و جوگرافیای سیاسی، مەیلی دیكاتۆرییەت كۆیاندەكاتەوە، كارەكتەرێك كە لەناو كایەی سیاسەتدا كەمئەزموون بێ زانیارییە، قوڵایی لەناو مێژووی سیاسی نییە، پابەندبوونی بەدەستوری وڵاتەكەی لاوازە. ئەمانە بە بكوژی دێمۆكراسییەت وەسفدەكات.
بە ماناییەكی تر وایدەبینن كۆدەتا بەسەر دەسەڵاتێك، بەو شێوازە كلاسیكییەى زنجیرە كۆدەتاكانی پەنجاكان، شەستەكان نەماوە، ئەفسەرە شۆرشگیڕەكان لە رادیۆوە بەیانی ژمارە یەكی شۆڕش رابگەیەنن. بەڵكو لەرێگەی سیاسەتمەداری هەڵبژێردراو، ئەو كۆدەتایە ئەنجامدەدرێت.
دوو نوسەرەكە ( دانیال زیبلات، ستیڤن لیڤنسكی)، بە نمونەی زیندووی مێژوو، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، چۆن دێمۆكراسییەت دەمرێت؟ زیاتر تیشك دەخەنە سەر ئەو كەسانەیە لەڕێی ئامرازەكانی دێمۆكراسییەتەوە دێنە سەر كورسی دەسەڵات و لە بنچینەدا مەیلی دیكتاتۆرییەتیان هەیە و دەبنە مەترسی بۆ سەر سیستەم و دامەزراوە دێمۆكراسییەكان.
هەردوو نوسەر كە مامۆستای زانكۆی هارڤاردن، بەدرككردنیان بەمەترسییەكانی سیستمی وڵاتەكەیان، فۆكسییان لەسەر سەرۆكی ئەوسای وڵاتەكەیان (دۆناڵد ترەمپ)ە، كە هەڵسووكەوتی لەگەڵ دەستورو نەیارو دامەزراوەكان بە هەرەشە دەزانن سەر دێمۆكراسییەتی ئەمریكی، ئەو ترسە دەخەنە روو كە (بەتەنها بوونی دیموكراسییەت بەس نییە، بەڵكو دەبێت ئەم دیمكراسییەتە پەرژینێك بیپارێزێت.)
رەخنەكانیش بەرامبەر(دۆناڵد ترەمپ) پەیوەندی هەیە بە تاكڕەوی و هاندانی گوتاری رقوكینە، هەروەها لێدوانەكانی دەربارەی ئازادی رۆژنامەگەری و شەڕەكانی لەگەڵ دامەزراوە گرنگەكانی وەك كۆنگرێس، هەواڵگری سەربازی دەرەوە، وەزراەتی داد، نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی، هەروەها بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكی سیاسی و دەوڵەتداری.
لە نۆ بەشی كتێبەكەدا بە شیكردنەوەی وورد رۆدەچێتە ناو مێژووی ژماریەك سیستمی سیاسی لە ئەوروپا، ئەمریكای باشور، ئەفریقیا وڵاتانی عەرەبی، و هەندێ ئەزموونی دیموكراسی بەهۆی كەڵەكەبوونی ناكۆكی سیاسی نەبوونی ئامرازەكانی دیالۆگی نێوان لایەنە ناكۆكەكان داڕمان.
بە تێگەیشتنی من ئەم كتێبە ئەم راستییانە روونتردەكاتەوە:
• زۆرجار بە ئامرازەكانی دیمۆكراسییەت، كەسێكی دیكتاتۆرو كەمئەزموون نەشارەزا و بێ زانیاری و تاكڕەو، دەسەڵات وەردەگرێت و دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سیستمی دێمۆكراسی.
• ئیستبدادی ئەم سەدەیە، ئەوە نییە، لە بری دەستور زرێپۆشەكان بێنە شەقامەكان، بەڵكو لەوە ئاسانترە، دەستوور پەكناخات، دەسكاری دەستوور دەكات بە پێی بەرژەوەندییەكانی.
• نیشانەكانی بەر لەمەرگی دیمۆكراسییەت بە دامەزراوەی میدیاو دادوەری دەردەكەون، كاتێك دەبینین بە پارەی سیاسییەكان دەجوڵێنرێن، ئیدی ئەوە بەتەنها میدیا و دادگاكان نیین دادەڕمێن، بەڵكوو ئەوە دیمۆكراسییەتە دەبێت بە ژێر داروپەردووی ئەو داڕمانە.
• سیستەم و دامەزراوە و حزبی سیاسی كە نەیتوانی مەیلی تاكڕەوی و دیكتاتۆرییەتی سەركردەكانی كۆنترۆڵ بكات، ئەوە لەمەرگی خۆی نزیكبۆتەوە.
• كە دەستوری وڵات، یان دەستووری ناوخۆی حزب و دامەزراوەت هەبوو، نەیتوانی ژیانی دێمۆكراسییانە بخولقێنێت، مانای ئەوە نییە دستورو پەیڕەو خراپن، ئەوە تۆی زاتی ئەوە ناكەیت بە سەرۆكەكەت بڵێت پابەندی دەستوور نیت.
• وەزیفەی گشتی، پۆست دەسەڵات، سەكۆیەك نییە بۆ ڕقەبەرایەتی و یەكلاكردنەوەی كێشەی كەسی و ڕەنگدانەوەی هەڵچوونەكانت بەرانبەر نەیارەكانتدا.
• بۆ ئەوەی دیموكراسییەت روو لە تونێلێكی تاریك نەكات، گورگ نەیخوات، دوو رێگایان داناوە ( لێبوردەیی بەرانبەر یەكدی) و ( دامەزاراوەیبوون).
سەرچاوە : سەنتەری میترۆ