دیدێکی تر بۆ کۆمەڵگای پیاوسالاری و پیاوی ئامادەکراو.

بەیان ئیبراهیم

 

 

پێکەوە ژیان و خێزان وەک یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگا و وەک پێویستی ڕێکخستنی کۆمەڵگا ئەو ژینگەیەیە کە دەبێت لە ڕوی دابەش بونی دەستەڵاتی خێزان یان پاوانکردنی قسەی لەسەر بکرێ، لەم نێوەندەدا ژن و پیاو خراوەتە بەردەم بەرپرسیاریەتی ئەم یەکەیەوە وەک بەردەوامیدان بە ڕەگەز و پێداویستیە ژیانی و کۆمەڵایەتیەکان، مادام لەم کێڵگەی خێزانیەدا گروپێکی هاوخوێن دروست دەبێ کەواتە یەکەیەکی کارگێڕی و ئابوریش پێویستە، وەک ئەوەی دەڵێن ژێرخان و ئابوری خێزان، ئەمەش وادەکات فۆرمی دابەش بون یان داگیرکردنی دەستەڵاتی خێزانی دروست ببێ کە ئایا دەستەڵات دابەش کردن هەیە یان پاوانکردنی دەستەڵات، کەواتە ئەگەر خێزان و ژن سالاری یان پیاو سالاری مێژوکرد بن ئەوا پێویستمان بە مێژوی دروست بونی خێزان و ژینگەی دروست بونی هەیە.
‎ئەگەر مێژوی خێزان پێداویستیەکی سەرەتایی کشتوکاڵی بێت و عەقدێکی ئابوری و پێداویستی کۆمەڵایەتی بو بێ، دوای قۆناغەکانی پێشکەوتن و لەدایک بونی مرۆڤی هوشیار کێشمەکێش بۆ پاوانکردنی دەستەڵات ڕو دەدا، واتا دوای ئەوەی پیاو لە ڕواچی و ژن لە دەستەڵاتی ژنسالاریەوە دەگۆڕێ بۆ هاتنەوەی پیاو بۆ ناو خێزان و داگیرکردنی دەستەڵاتەکانی خێزان و سەرەتای پاشەکشەی ژن لە دەستەڵاتەکانی و پاوانکردنی لەلایەن پیاوەوە دەستەڵاتی ڕەهای پیاو دەست پێ دەکات، کاتێک قۆناغەکانی پێشکەوتن دروست دەبێ، دۆسیەی مافی ئازادی تاک و ڕەهەندی تاکگەرایی دروست دەبێ، لەسایەی ئیدۆلۆژیا و دیدە دینییەکانەوە دوبارە ڕەسمی خێزان دەکێشرێتەوە تا دەگاتە ئێرە، کە بە چەندین قۆناغدا تێدەپەڕێ، پرسیارەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، ئایا ژن و پیاو کە پێویستی فەسلەجی و سایکۆلۆجی و ئابوری و ڕەگەزی یەکتر بن، ئیتر بۆ پیاو کۆی دەستەڵاتەکان داگیر دەکات و ژن دەچەوسێنرێتەوە، لەسەردەمی نەوەی پێنجەم و ڕەهەندە ئابورییەکانی تاک و گلوبالیزەشن و یونیڤێرساڵ بۆچی پیاوان گوناهبارن بە پێشێل کردنی ژنان تا ئاستی خوێن.؟
‎لێرەوە دەچینە سەر ناوەڕۆکی تایتڵەکەمان، کە پیاو و ژن لە ناو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیەکی سایکۆلۆژیای قورسی نەفسیدا دەژین، ئەوە خودی پیاو نیە کە توندوتیژی دژی ژنان دەرهاویشتەیەتی، بەڵکو ئەوە کەرت بونی پیاو و تێکشاندنی پیاوە لە سایەی سیستەمێکی پەروەردەیی و گەمارۆدراوی نەریتەکانە پیاو بە کۆمەڵێک ڕێسای پاوانکردنی دەستەڵات و سەیرکردنی ژن وەک ماتریالێکی چێژ سەیر بکات و ببێتە کائینێکی نەریتگەرای توندڕەو نەک خۆی، واتا ئەوە پیاو خۆی نیە، بەڵکو پیاوێکی ئامادەکراوی به بەرنامەکراوە لە ناو کارگەی نەیتگەراییەکانەوە تا پیاوسالار بێت و دیدە جوانەکەی بۆ ژن تیا خاڵی دەکەنەوە و دەیسڕنەوە.
‎پیاو کە هێندە پێویستی بە ژن بێت تا ئاستی شەیدابون، تا ئاستێک فەرهەنگ پڕ بێ لەجوانی و میهرەبانی ژن بۆ کاتێک دەچێتە چواچێوەی خێزانەوە دەبێ بە پاسەوانی نەریت و عادەت و دەبێ بە پیاو سالار لە کاتێکدا پێداویستی و ڕێکخستنە لەهەردو ئاستی پیاو و ژندا، پیاو چۆن بوتە کائینێکی پیاو سالاری توندڕەو ( ئەڵبەتە ئەمەش ڕێژەییە پیاوو ژن هەیە ئاستی هوشیاریان بەرزە ) لێرەوە دەبێ پرسیار لە لایەنی دەرونی پیاو بکەین بۆ وایە.؟
‎پیاو کائینێکی تێک شکاوە لەسایەی کلتور و نەریتێکەوە، ئەم تێکشکاویەش کاردانەوەی دەبێت، هەم گیانی داگیرکاری تیا دروست دەکات هەم گیانی فراوانخوازی بۆیە ئەم دەرهاویشتەیە وا دەکات پیاو بێ ئەوەی هەقیقەتی خۆی ببینێ دەکەوێتە تۆڵە کردنەوەی نەریتی لە ڕەگەزی بەرامبەری کە ژنە، پیاو بارمتەی نەریتییە ھەقیقەتی خۆی نیە، واتا پیاو کاتێ توندوتیژە بەدوای ڕێکخستنەوەی تێکشاندنی سایکۆلۆجایی خۆیدا دەڕوا و دەیەوێ تێکشکاوی خۆی بەمە هاوسەنگ بکاتەوە.
‎پیاو لە هەقیقەتی بونی خۆیدا جۆرێکی تر ە لەو فۆرمە پیاوانەی کە دەیانبینین، هەقیقەتێک کە ژن پڕە لە جوانی و میهرەبانی و چێژ بۆی، بە هەمان دیودا ژنیش هەروایە، بەڵام ململانێ لە پێناو دەستەڵاتی زیاتر کێشمەکێش دروست دەکات ئا لەم کاتەدا کارگەی نەریتەگەرایی پیاوی لە قوتونراو بەرهەم دێنێ.

 

سەرچاوە: وتاری کورد