نوری بێخاڵی
هەر کوردێک پابەندبوونی خۆڕسک و باوەڕمەندانەی خۆی بە دۆزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی، یەکلا کردبێتەوە.
هەر کوردێک ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت خۆی شەرمندەی ئێستا و داهاتووی ڕۆڵە و نەوەکانی گەلەکەی نەکات.
هەر کوردێک لە کڵاوڕۆژنەی ڕۆشنی کوردبوونەوە، گرێدراوی بوون و ناسنامەکەی بێت.
هەر کوردێک ڕاست و ڕاشکاو و بوێرانە، پێش لۆمە و سەرکۆنەکردنی پیلانی دوژمنان و داگیرکەران، پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد، قۆڵبادانی یەکتری هێزە سیاسییەکانی و پەتای خۆخۆری، بە هۆکاری سەرەکی و یەکەمی ماڵوێرانیی کورد بزانێت. بە دیمەنی دیدارەکەی نێوان (سەرۆک بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی) خۆشحاڵە.
ماوەیەکە و بەتایبەتی پاش ڕووداوە سیاسییە خێراکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی ناوچەکە و گۆڕانی هاوکێشەی بەرژەوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، زوو زوو گوێمان لەوە دەبێت کە ئەم سەردەمە، سەردەمی کوردە و زەمینەیەکی لەباری بۆ ڕەخساوە تا بە دروستی بێتەوە ناو مێژوو.
ئەگەر ئەوەی کە دەگوترێت سەردەمەکە هی کوردە، تەنیا هەر خەیاڵپڵاوی و گریمانەیەک بێت، ئەوا ئەو خۆشخەیاڵی و گریمانەیە کاتێک دەبنە ڕاستی؛ کورد ببێتەوە بە خۆی، ببێتەوە بە کورد و خوانی کوردبوون کۆی بکاتەوە.
بە واتایەکی تر، بەدەر لەوەی کە پێویستە کورد تەبا، یەکڕیز، خاوەنی یەک گوتاری کوردستانیی بێت و هەموو ناکۆکییە ئایدیۆلۆژی و پارچەگەرێتییەکانی بخاتە لاوە، هیچ دەریچەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە تا بتوانێت ئەم سەردەمە بکاتە هی خۆی.
سەردەم و دۆخەکە لە خۆیەوە نابێتە هی کورد، ئەگەر بە خۆی خاوەندارێتیی لە خۆی نەکات. ئەلف و بێی ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییەی لە خۆ بە خاوەن دەرکەوتنیش، کە بەرپرسیاریەتێکی ویژدانی و ئەخلاقی و مێژوویی سەر شانی هەموو سەرکردە و حیزبە سیاسییەکانە، پشتکردنە ئەو ڕابردووە ڕەش و تەڵخ و تاریک و تاڵەی خۆخۆرییە، کە نزیک بە سەدەیەکە بەدەستییەوە دەناڵێنین. پشت تێکردنێک، سەرچاوەکەی باوەڕێکی کۆنکرێتی کوردانە و یەقینێکی نەگۆڕی کوردستانیانە بێت.
بۆ ئەوەی ئەم سەردەمە ببێتە هی کورد و بە شکۆمەندییەوە بێتەوە ناو مێژوو. کوردبوون تەنیا پردی متمانە و ڕێگا ڕاست و دروستەکەی ئەو پرۆسەیەیە. بۆ ئەمەش، دەبێت هێزە سیاسییەکانی کورد لە کەلی کەللەڕەقیی یەکتر ڕەتکردنەوە و ساتمە بە یەکتری بردن دابەزن، دەبێ ژەهری تەسفیە و تۆڵە لە زەین و زاکیرەیاندا تف دەنەوە، دەبێ ڕەگ و ڕیشەی کوێخایەتی و کەڵەگایی بەسەر یەکتر لە بیر و خەیاڵدانیاندا هەڵتەکێنن.
لە دەرەوەی ئەم هاوکێشە بیرکارییەی پێشەوە کە هەڵە قبووڵ ناکات، هیچ سەرگەرمکردن، هەڵچوون و کەفوکوڵێکی کاتی، سوودی توورێکی قوڕاویی بۆ ئێستا و داهاتووی دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانیمان نییە.
سەرچاوە : سپی میدیا